مەترسییەكی تر ڕوو لە سلێمانی دەكات

:: PM:08:26:26/07/2018 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی تەمووز/ یۆلیۆ، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاند، تەنیا لەماوەی 24 سەعاتدا دەست بەسەر 11 ئامێری بیرهەڵكەندندا گیراوە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی روونی كردووەتەوە كە ماوەی زیاتر لە مانگێكە سەرجەم خاوەن ئامێرەكانی بیر هەڵكەندن ئاگاداركراونەتەوە تا ئامێرەكانیان ببەنە دەرەوەی هەرێم، ئەوەیش لە پێناو ئەوەی خاوەن ئامێرەكان زیانی مادی نەكەن، بەڵام بەشێك لەو خاوەن ئامێرانە سوودیان لە ماوەی هاوكاری پۆلیسی دارستان وەرنەگرت و بەردەوام بوون لە كاركردن و سەرپێچی لە ڕێنوێنییەكان.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاشكرا كراوە، بۆ ڕێگریكردنی یەكجاری لەو دیاردەیە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان چەند مەفرەزەیەكی هاوبەشی لە ئەفسەر و كارمەندانی بەش و بنكەكان پێكهێنا و بەشێوەیەكی چڕوپڕ هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ئامێرەكانیان دەست پێ كردووە .

زیاتر روون کراوەتەوە، تەنیا لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا توانراوە دەست بەسەر ١١ ئامێری بیرهەڵكەندندا بگیرێت، "پرۆسەكەیش بەردەوامی دەبێت".

ئامێری بیر هەڵكەندن بەپێی ڕێنوێنی وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی شارەوانی قەدەغە كراوە، چونكە بەهۆی ئەو ئامێرانەوە بیری نایاسایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووی لە زیادبوون كردووە و مەترسی بۆ ئاوی ژێر زەوی کوردستان درووست کردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم