"بڕینی مووچە حیسابی هەرێمییە و قەوارەی هەرێمی كوردستان كراوەتە ئامانج"

:: AM:09:15:27/04/2020 ‌
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشرای دەكات، بڕینی مووچە بڕیاری سیاسی بووە و ئامانجی سیاسی زۆری لە پشتەوەیە، قەوارەی هەرێمی كوردستانیش كراوەتە ئامانج.

بڕینی مووچەی هەرێم سیاسی بوو، حیسابی ناوخۆیی و هەرێمی تێدایە و ئامانجی سیاسیی زۆری لە پشتە
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، مەسعوود حەیدەری ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە ڕابردوو و ئێستەشدا بڕینی مووچەی هەرێم سیاسی بوو، حیسابی ناوخۆیی و هەرێمی تێدایە و ئامانجی سیاسیی زۆری لە پشتە.

ئەندامەكەی خولی پێشوو ڕوونی كردووەتەوە، لە بڕینی مووچەدا جگە لەوەی كەرامەت و ژیانی مرۆڤەكانی كردووەتە ئامانج، قەوارەی فیدراڵی هەرێمیشی كردووەتە ئامانج كە 100 ساڵە كوردی لەسەر سێدارە دەدرێت و دەیان هەزار كەس خۆیان كردە قوربانی و 200 هەزار كەسمان بۆی ئەنفال كران.

باسی لەوەش كردووە، لە ناو ماڵی كورد جیاوازی و كێشەمان هەبێت، بەسەری زاڵ دەبین و بە دیالۆگ چارەسەری دەكەین، بەمەرجێك قەوارەیەك هەبێت هەموومان كۆ بكاتەوە كە ئەویش هەرێمی كوردستانە. 

ڕوونی كردووەتەوە، یەكهەڵوێستی حزبەكانی كوردستان لەبارەی پاراستنی قەوارەی فیدراڵی هەرێم و مافی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقی هەموو حزبەكانی كوردستانە. 

لە كۆتایی نووسینەكەیدا ڕوونی كردووەتەوە، ئەوەی لە هەموو شت گرنگترە، ژیان و مافی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، دەبێ هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بن و هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت، ململانێكان لە كوردستانەوە مەگوازنەوە بۆ بەغدا و كێشەی مووچەی مووچەخۆران مەكەن بە چەكی سیاسی بۆ گیانی یەكتر، خەڵك ماندووە و پێویستی بەو شەڕە نەماوە.



وشە - رامیار جەواد