دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى درێژكردنه‌وه‌ى لێخۆشبوونى ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق له هاورده‌كردنى كاره‌باى ئێران، به‌رپرسێكى ئه‌مه‌ریكى ئاشكراى ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا مه‌رجى له به‌رانبه‌ر لێخۆشبوونه‌كه داناوه.
دوێنێ به‌رپرسانى عێراق ئاشكرایان كرد، ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌ى مانگێكى تر له عێراق خۆش بووه تا له‌سه‌ر هاورده‌كردنى كاره‌باى ئێران به‌رده‌وام بێت.
لێخۆشبوونه‌كه تا پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ به‌رده‌وام ده‌بێت
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 27ى نیسان له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسى
رۆیته‌رز، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا زانیارییه‌كانى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام گوتوویه‌تى ئه‌مه ماوه‌یه به كورتترین ماوه‌ى لێخۆشبوو‌ن داده‌نرێت كه ئه‌مه‌ریكا به عێراقى بدات، ئه‌مه‌یش به مه‌رج بووه.
رۆیته‌رز ناوى به‌رپرسه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه كه ده‌ڵێ ماوه‌كه له 26ى مانگى ئایارى داهاتوو كۆتایى دێت، واته كورتترین ده‌رفه‌ته كه ئه‌مه‌ریكا به عێراقى داوه.
به‌رپرسه‌كه دووپاتیشى ده‌كاته‌وه، مه‌رج ئه‌وه‌یه تا حكوومه‌تى نوێى عێراق پێكدێت ئه‌و لێخۆشبوونه به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌گه‌ڵ دانانى كابینه‌ى نوێ دووباره ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بڕیاره‌كه‌ى ده‌كات.
له دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران له ئایارى 2018دا، كۆمه‌ڵێك سزاى به‌سه‌ر كه‌رتى وزه و دارایى ئێران سه‌پاندووه و به‌گوێره‌ى ئه‌م سزایانه، نابێت له‌بوارى دارایى و وزه وڵاتان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى تواناى وزه‌ى ناوخۆیى، ئه‌مه‌ریكا له عێراق خۆش بووه تا له كاره‌با له ئێران هاورده بكات.