لە تۆمارێكی تری دەنگیدا مالیكی چی بە موقتەدا سەدر و لایەنگرانی دەڵێت؟

:: PM:06:27:14/07/2022 ‌

بڕیارە سبەی هەینی سەدرییەكان لە بەغدای و چەند شارێكی تر نوێژی بەكۆمەڵ بكەن، كە كەس نازانێت بەوردی مەبەستی موقتەدا سەدر چییە و دۆخەكە تا كوێ پەرە دەستێنێت؟، لەناو چوارچێوە كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ سەرۆك وەزیران نیوچە كۆتای هاتووە، بەڵام ڤیتۆی سەدری لەسەرە، جیا لەو كێبەركێ توندە، چەند رۆژێكە تۆماری دەنگی مالیكی بڵاو دەكرێتەوە، كە هێرشێكی توند دەكاتە سەر سەدر و رەوتەكەی، لە تۆماری دووەمی چی دەڵێت؟  

دوای ئەوەی سێشەم تۆمارێكی دەنگی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا  بڵاو كرایەوە كە بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، تۆمارەكە دوو خولەك و نیوە و تیایادا قسە بۆ ژمارەیەك كادری حزبی دەعوە دەكات، لە تۆمارەكە مالیكی رەوتی سەدر بە كوشتنی ویسام عەلیاوی، سەركردەی عەسائیب ئەهلولحەق لە میسان تۆمەتبار دەكات، كە چۆن عەسائیب لە بەرانبەر كوشتنی چوار كەسی لە رەوتی سەدر كوشتووە، بۆیە رەوتی سەدر ترسنۆكە و ژمارەیەك لە سەرانی دوای رووداوەكە بۆ ئێران هەڵاتوون. 
مالیكی: دەمویست حەشدێك هاوشێوەی سوپای پاسداران دامەزرێنم
مالیكی دەڵێت، موقتەدا سەدر كەسێكی جاهیلە و لە سیاسەت تێناگات، ئێران پاڵپشتی دەكات بۆ ئەوەی بیكات بە كۆپی دووەمی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لبنانی، بۆیە وریایی لە رادەستكردنی دەسەڵات بۆ موقتەدا سەدر دەدات، دووپاتی كردەوە من، واتە مالیكی، پسپۆڕم لە شەڕی سەدرییەكان و ئەوان ترسنۆكن و پێشتر سەرەڕای كەمیی توانای هێزەكانی عێراق ئەوانمان شكاندووە.

دوای دزەپێكردنی ئەو تۆمارە دەنگییە، نووسینگەی مالیكی تۆمارە دەنگییەكەی بە دروستكراو لەقەڵەم دا و گوتی تۆمارەكە هی مالیكی نییە، هەرچی مالیكییە هێزە سیاسییەكانی لە دروستكردنی لێدوانی ساختە بەناوی ئەوەوە وریا كردەوە و خۆیشی لە هەموو ئەو قسانەی لە تۆمارەكە هاتووە بێبەری كرد، دووپاتی كردەوە كە دەیەوێ پێوەندی باشی لەگەڵ سەدر و رەوتەكەی هەبێت، بۆیە داوای لێ كردن باوەڕ بەو قسانە نەكەن كە بڵاو دەكرێتەوە، چونكە مایەی دووبەرەكی و لێكترازانی ریزەكان و نانەوەی پشێوییە.

شەوی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەی تری دزەپێكراوی مالیكی بڵاو كرایەوە، دووبارە هێرش دەكاتەوە سەر موقتەدا سەدر و بەوە تاوانباری دەكات لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی بەریتانی كار دەكات، دەڵێت، لایەنگرانی سەدر لە پێشتر ترسنۆكترن، چونكە حەرامیان خواردووە، سامانی خەڵك و دەوڵەتیان دزیوە، خەڵكیان كوشتووە و خوێنیان حەڵاڵ كردوون، پرسیاری ئەوەی كرد كە ئاخۆ لایەنگرانی سەدر لە بەغدا چەند كەسیان رفاندووە و كوشتووە؟، مالیكی سەدری بەوە تۆمەتبار كرد كە راستەوخۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی بەریتانی كار دەكا و دۆخی ئێستەیش زۆر مەترسیدارە، كاتی خۆی دەمویست، واتە مالیكی، حەشدێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران دامەزرێنم، بەڵام نەیانهێشت. 

مالیكی لە تۆمارەكە باسی سەدرییەكان دەكات و دەڵێت، خوا سەرتان نەخات و نەتانپارێزێت، چونكە ناپاكن و كەسی ناپاك لەوانیتر مەترسیدارترە، من دەیانناسم لە كەربەلا و بەسڕە و ناوچەی سەدر لێیانم داوە، ترسنۆكن و ئێستەیش ترسنۆكتر بوونە، چونكە دەستیان پڕ بووە لە پارەی حەرام و ئەوەی حەرام بخوات ترسنۆك دەبێت، ئەوان حەرامیان خوارد و سامانی خەڵك و دەوڵەتیان تاڵان كرد و خەڵكیان كوشت و خوێنیان رشت، ئاخۆ موقتەدا سەدر چەند كەسی لە بەغدا كوشتووە؟، خەڵكیان بە ئۆتۆمبێلی (بەتە) دەڕفاند، خۆیان باسیان كردووە، من دەمویست حەشدێك بە هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران دروست بكەم، بەڵام نەیانهێشت.

زیاتر دەڵێت، ئێستە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە، سوننەی قینلەدڵ، كە كەمێكیان باشن، بەڵام زۆرینەیان قینلەدڵن، قینیان لەبەرانبەر مالیكی هەیە، لە تۆمارەكەدا نووری مالیكی هێرشی توند دەكاتە سەر سوننە و سەرانی سوننە و سەدر و بە جێبەجێكردنی راستەوخۆی پڕۆژەیەكی بەریتانی تۆمەتباریان دەكات.

ئەو تۆمارانە لەلایەن چالاكێك بەناوی (عەلی فازڵ)، بڵاو دەكرێنەوە، پێوەست بە دوایین تۆمار كە ماوەكەی سەعاتێكە و تیایدا مالیكی جیا لەوانەی سەرەوە باسی چەند بابەتێكی تر دەكات، لەوانە هێرشكردنە سەر سەدر و لایەنگرانی بەر لە پێكهێنانی حكوومەت و تێوەگلانی ئێران و گەندەڵییەكانی حەشدی شەعبی و سەرانی حەشد، وەك فازڵ دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوو تۆمارە دەنگییەكەی ئەو كۆبوونەوەیە بەتەواوەتی بڵاو دەكەینەوە. 

لە یەكەم كاردانەوەی راستەوخۆی موقتەدا سەدر لەبەرانبەر ئەو تۆمارە دزەپێكراوانەی مالیكی، لە تویتێك دەڵێت، ئێمە ناچینە ناو فیتنەیەكی تر و داوای لە لایەنگرانی كرد گوێ بەو تۆمارانە نەدەن، چونكە ئێمە هیچ بەهایەكی بۆ دانانێین، وەك ئاماژەیەك بۆ مالیكی، ئەگەریش هەیە خۆی، واتە سەدر، بەشداری لە نوێژە بەكۆمەڵەكەی هەینیدا بكات.

بەرپرسانی سەدر دەڵێن، ئەگەری هەیە لەدوای نوێژی بەكۆمەڵی سبەی هەینی، گردبوونەوە لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز بكرێت و هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوزیش ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، بۆیە تەنیا نوێژێك نییە، بەڵكو سەدر دەیەوێ ملیۆنان كەس بەشداری تیادا بكەن، دەبێتە نمایشكێك بۆ دەرخستنی هێز، ئەو نوێژە قەبارەی ئەوانە دەردەخات كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق رەت دەكەنەوە.

سەدرییەكانی پێیان وایە تا ئێستە كۆنترۆلی نیوەی پۆستە حكوومەتییەكان دەكەن، لەوانەیش سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەگەر چوارچێوە حكوومەت پێكبێنێت، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی شەش مانگ ئەو پۆستانە لەدەست بدەن، بۆیە موقتەدا سەدر رێگە بە نەیارانی نادات لە هیچ دۆخێكدا حكوومەت پێك بێنن، چاودێرانیش پێیان وایە ئەگەر نەیارانی سەدر توانیان حكوومەت پێك بێنن، هەموو شتێك كۆتایی دێت و چوارچێوە كۆنترۆلی هەموو شتێك دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل