كاتی كۆنسێرتەكەی فەرهاد زیرەك دیاری كرا

:: PM:01:24:27/09/2022 ‌
بڕیارە مانگی داهاتوو فەرهاد زیرەك، كۆنسێرتێكی گۆرانیی لە شاری هەولێر بۆ ئەنجام بدرێ‌، ئەو هونەرمەندە دوای چەندان ساڵ دووركەوتنەوە لە گۆرانیگوتن، دەگەڕێتەوە و گۆرانی دەڵێت.

ئەمڕۆ سێشەم 27ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، 13ـی تشرینی یەكەمی مانگی داهاتوو لە پاركی شانەدەر، كۆنسێرتێك بۆ هونەرمەندی فەرهاد زیرەك ساز دەكرێ‌.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، كۆنسێرتی هونەرمەند فەرهاد زیرەك، سەعات پێنجی ئێوارە دەبێ‌ كە لەلایەن پارێزگای هەولێر، بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و تیپە موزیكییەكان ئەنجام دەدرێ‌.

ئەنجامدانی ئەو كۆنسێرتەی زیرەك دوای ئەوە هات، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر داوای لە هونەمەند كرد كۆنسێرتێك بۆ هەوادارانی ساز بكات و ئەویش بەڵێنی پێ‌ دا.

فەرهاد زیرەك دوای كۆچی دوایی دایك و باوكی، وازی لە گۆرانیگوتن هێناوە و لە ساڵی 2007وە هیچ گۆرانییەكی نەگوتووە، بە گەڕانەوەی بۆ گۆرانیگوتن دڵی هەوادارانی خۆش دەكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد