دۆخی ئێران زیاتر پەرە دەستێنێت.. فەرماندەیەكی باڵای پاسداران گیانی لەدەست دا

:: PM:10:05:02/10/2022 ‌

لە ماوەی دوو هەفتەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/ لە تاران، تا ئێستە ناڕەزایەتی فرەوانی جەماوەری لە دەیان ناوچەی ئێران بەردەوامە، ژمارەی قوربانیان و گیراوان لە بەرزبوونەوەدایە، هاوكات وەك كاردانەوەیەك خۆپێشاندەرانی توڕە پەلاماری هێزە تەناهییەكانی ئێران دەدەن، ئەمڕۆ ئەفسەرێكی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاژانسی "فارس نیوز"، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە كە عەقید داود عەبدولەهی، فەرماندەی هێزە تایبەتەكان لە شاری مەریوان لە رۆژئاوای ئێران، دوای ئەوەی بە گولە لێی درابوو، گیانی لەدەست دا.

ناڕەزایەتییەكان ئێران بۆ دوو هەفتەیە بەردەوامە، رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەمڕۆ سەركۆنەی كوژرانی خۆپێشاندەرانی كرد، بەتایبەتی لە ناوچەی زاهدانی سوننەنشین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، رای گەیاند كە لە ماوەی دوو هەفتەی ناڕەزایەتییەكان تا ئێستە 133 كەس كوژراون، لەوانە 41یان هەینی رابردوو لە شاری زاهدان بووە، جگە لە 166 بریندار لە شارەكە، هەر لەو ماوەیەدا دوو هەزار كەس گیراون.   

 ژینا ئەمینی خەڵكی سەقزە، لە 13ی ئەیلوول لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئاداب بە پاساوی جێبەجێنەكردنی یاسای باڵاپۆشی گیرا، دوای سەعاتێك بە بێهۆشی گەیەنرایە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ مانەوە گیانی لەدەست دا، هەواڵەكان دەڵێن لەكاتی گواستنەوەی بۆ بنكەی پۆلیس لە سەری دراوە، بۆیە گیانی لەدەست داوە، ئەو رووداوە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكی فرەوان، كە زۆرێك لە شارەكانی ئێرانی گرتووەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل