پیاوێك بەبڕی 90 ملیۆن پاوەند مادەی كۆكاین دەدۆزێتەوە

:: AM:09:06:03/10/2022 ‌
پیاوێكی بەریتانیی كە لە كەناری دەریادا پیاسەی دەكرد، بە رێكەوت رێژەیەكی زۆری مادەی هۆشبەری دۆزیوەتەوە. بڕی بەهای ئەو مادە هۆشبەرە كە جۆری "كۆكاین"ـە، زیاتر لە 90 ملیۆن پاوەندە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم سێی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەو پیاوە بەریتانییەی كە پێگەكە ئاماژەی بە ناوەكەی نەكردووە، وەك خۆی باسی كردووە بۆ پیاسەیەك لە كەناری دەریای وێڵز لە ماڵ دەرچووەتە دەرەوە، بە رێكەوت لە كەناری دەریا مادە هۆشبەرەكەی دۆزیوەتەوە و پۆلیسی لێ ئاگادار كردووەتەوە.

زیاتر روونی كردووەتەوە، پێشتر لە دوورەوە چەند كیسەیەكی نایلۆنی بینیوە، كاتێك لێی نزیك بووەتەوە، دەبینی كیسە نایلۆنەكان زۆرن و یەكیانی كردووەتەوە، هەستی كردووە مادەیەكی قەدەغەكراوە بێ ئەوەی بزانێ مادەی هۆشبەرە، بۆیە راستەخۆ تەلەۆنی بۆ پۆلیس كردووە و لە ماوەی نیو سەعاتدا پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەكە.

ئاماژەی داوە كاتێك پۆلیس گەیشتوون، ئەوان گوتوویانە ماددەی هۆشبەرە و جۆرەكەیشی "كۆكاین". دواتریش ئاشكرا كراوە كە بڕی بەهای مادەكە زیاتر لە 90 ملیۆن پاوەندە.

پێگەكە كە لە رۆژنامەی " دێلی مێڵ"ی بەریتانیی وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، لەناو هەر كیسەیەكدا بڕی نیو كیلۆگرام كۆكاینی تێدا بووە. پێشتر مادەكە لەناو دەریاكەدا بووە، شەپۆلەكان بەرەو كەناری هێنابوون.

وەك رۆژنامە بەریتانییەكە ئاشكرای كردووە، رۆژانە لە بەریتانیادا بەلای كەمەوە بە بڕی 25 ملیۆن پاوەند، بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكرێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د