لێشاوی گەشتیاران بۆ كوردستان دەستی پێ‌ كرد

:: PM:12:28:20/03/2023 ‌
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە سەرجەم دەروازەكان، لێشاوی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە و بە هەزاران گەشتیار هاتوونەتە شارەكان.

سبەی یەكەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزە، لە تەواوی شارەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی كوردستان هاووڵاتییان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێشبینی دەكرێت تا ئێوارە سەرجەم هۆتێلەكان پڕ بن.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئادار، سەدرەدین عەلی خاوەنی نووسینگەی گەشتیاری، بە "وشە"ـی راگەیاند، هاتنی گەشتیاران بە لێشاو بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە.

زیاتر گوتی، گەشتیارێكی زۆر لە خوارووی عێراقەوە دێن، هەروەها لە دەروازەكانیش پاسی گواستنەوە هەیە و گرووپ هەیە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هاتوونە و پێشبینی دەیكەن تا ئێوارە سەرجەم هوتێلەكان پڕ بن.

 كەمال خودادە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوای 11ی ئادارەوە تا ئێستە، نزیكەی 10 هەزار گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی سۆران كردووە.

زیاتر گوتی، بۆ پێشوازیكردن لەو گەشتیارانەی لە ڕۆژانی نەورۆزدا سەردانی سۆران دەكەن، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، هەموو جۆرە ڕێكارە تەناهی و ژینگەیی و سەلامەتیی هاتوچۆ، پلانیان بۆ داڕێژراوە لە پێناو سەلامەتیی گەشتیاران.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ لە كۆڕەك و شنگلبانە و یاریگەی دێلزیان، بە بەشداری ژمارەیەك هونەرمەندی كورد، چەندان ئاهەنگی جەماوەری بەڕێوە دەچن .

سۆران/ سدقی كوێستانی



وشە - رامیار جەواد