مەلا یاسین: زەكاتی ئەمساڵ 750 ملیۆن دۆلارە

:: PM:07:22:28/03/2023 ‌
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان وەك پێویست زەكاتەكانیان دەرناكەن، دەڵەمەندەكانیش پابەندی زەكات نابن و كۆی زەكاتی ئەمساڵ دەگاتە 750 ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی ئادار/مارس، مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران و خاوەنی كۆمپانیای بەڕێز، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان وەك پێویست زەكات نادرێت، هاوكات ئەو خێزانانەی كە زەكاتیان پێدەدرێت ژمارەیان زیاتر دەبێت لە ساڵانی رابردووە، لە هەرێمی كوردستان دانی زەكات رێكوپێك نییە و شێوازەكەی زۆر خراپە و دەزگاو شوێنێك نییە بۆ كۆكردنەوەی ئەو زەكاتە.

روونیشی كردەوە كە ئەگەر زەكات بە رێكوپێكی لە كوردستان بدرێت، دەبێت لە كوردستان زەكاتی 20 بۆ 30 ملیار دۆلار دەربكرێت، ئەوە ماڵ و موڵك و زێڕو پارەی نەختینەیی دەگرێتەوە كە خەڵك هەیەتی، بەو پێیە كە لیژنەی فەتوا دیاریكردووە بۆ ئەمساڵ، كۆی زەكاتی ئەمساڵ لە نێوان 500 بۆ 750 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لە سەرفیترە.

مەلا یاسین دەڵێ، دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكانی كوردستان زەكاتەكانیان دەرناكەن، دەوڵەمەند و سەرمایەدار هەیە دەڵێت "من ساڵانە باج دەدەم كەواتە زەكات دەرناكەم" سەرمایەدار هەبووە قسەم لەگەڵ كردووە پێم گوتووە زەكات دەركە، وتویەتی چەند بە چەند پێم وتووە بۆ یەك ملیۆن دۆلار 25 هەزار دۆلار، وتویەتی نایدەم، ئەگەر هەموو كەس وەك خۆی زەكات دەربكات و ئەو پارەیە بە تەواوی دەربكرێت هەژار لە كوردستان ساڵ بە ساڵ كەم دەبێتەوە.

بە گوتەی ئەو وەبەرهێنەرە، لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەوانەی ملیاردێرن 13 كەسن و ئەوانەشی كە سامانیان لە سەروو پێنج ملیۆن دۆلارەوەیە، ژمارەیان گەیشتووەتە 10 هەزار كەس.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌