فشاری خوێن تووشی سەر ئێشەت دەكات؟ یان سەرئێشە فشاری خوێنت بەرز دەكاتەوە؟

:: AM:09:18:05/06/2023 ‌
پزیشكێكی گشتی لەبارەی پێوەندیی "فشاری خوێن" و سەرئێشە بەیەكەوە رای دەگەیەنێت، فشاری خوێن بە بكوژە بێدەنگەكە ناسراوە و بەرزبوونەوەی هیچ نیشانەیەكی نییە.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی ئایار، شێروان رەحمانە شەل پسپۆڕی فسیۆلۆجی گشتی، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین كە بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن لە زۆرینەی حاڵەتەكان هیچ نیشانەیەكی نییە، بۆیە ناویان لێ ناوە "بكوژە بێدەنگەكە".

گوشاری خوێن ڕەنگە تا ئاستی 180/120 (یان 18 لەسەر 12) بێ نیشانە بێت، واتە هەستی پێ نەكەیت، ژانەسەر بە هەرچی هۆكارێك بێت
باسی لەوەش كرد، گوشاری خوێن ڕەنگە تا ئاستی 180/120 (یان 18 لەسەر 12) بێ نیشانە بێت، واتە هەستی پێ نەكەیت، ژانەسەر بە هەرچی هۆكارێك بێت، دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، هەروەها گشت حاڵەتەكانی دڵەڕاوكێ، خەم و ناخۆشی و نائاسوودەیی، فشاری خوێن بەرز دەكەنەوە.

روونی كردووەتەوە، ئەو نەخۆشەی كە فشاری خوێنی 14 تا 16 لەسەر 8-9 یە و ژانەسەری هەیە، ئەوە ژانەسەرەكە هۆكاری بەرزبوونەوەی فشاری خوێنەكەیە نەك بە پێچەوانە، هەروەها نە هەموو ئامێرێكی پێوانی فشار و نە هەموو كەسێك توانای هەیە فشاری خوێنی بە ڕاستی و تەواوی تۆمار بكات.

بەگوتەی ئەو پزیشكە پێش ئەوەی فشاری خوێنت بگری، پێویستە بۆ چەند خولەكێك پشوو بدەی و مێشكت ئاسوودە بێت و هیچ گوشاری دەروونی و ماندووبوونی زیادت نەبێت، چونكە زیاتر 97٪ حاڵەتەكانی فشاری خوێن كە "ژانەسەر، شان و مل ئێشە و نیشانەی تری" لەگەڵ هۆكارەكە، ئەو ژان و نائاسوودەییەیە كە فشارەكەی زیاد كردووە نەك بە پێچەوانە.

ئەو پزیشكە ڕێنوێنی هاووڵاتییان دەكات كە سەرئێشە فشاری خوێنت زیاد دەكات، باشتر وایە پزیشكی پسپۆڕ بڕیار  بدات ئایا فشاری خوێنت هەیە یان نا، ئایا هۆكار چییە و چۆن و چی دەرمانێك بەكار بهێنێت؟.



وشە - رامیار جەواد