هه‌شت بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رده‌چێت

:: PM:01:36:05/06/2023 ‌
ئه‌مڕۆ دادگاكانی عێراق، سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ هه‌شت بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ركردووه‌، دوو له‌و تاوانبارانه‌ بیانین. هاوكات ئه‌و دادگایانه‌ سزای گرتنی تاهه‌تاییان بۆ سێ بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ركردووه‌.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ دووشه‌م پێنجی حوزه‌یران بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی ده‌زگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی دادگای باڵای عێراق كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، دادگای تاوانی ره‌سافه‌ له‌ به‌غدا، حوكمی له‌ سێداره‌دانی بۆ هه‌شت بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ركرد، دوو له‌وان بیانین، ئه‌و بازرگانانه‌ بڕی 34 كیلۆگرام ماده‌ی هۆشبه‌ری جۆری "ئه‌فیوون"یان پێ گیراوه‌.

روونی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دوو له‌وان بڕی 466 گرام ماده‌ی هۆشبه‌ریان پێ گیراوه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی بیانییه‌وه‌ بۆ ناو عێراق هێناویانه‌ تا له‌وێ ساغی بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و حوكمانه‌ به‌پێی ماده‌ی 27/یه‌كه‌م له‌ یاسای هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كانی ژمااره‌ 50ی ساڵی 2017 ده‌رچوون.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دادگای تاوانی میسانی باشووری عێراق، دوو حوكمی گرتنی تاهه‌تایی ده‌ركرد بۆ دوو تاوانبار، ئه‌وان دوو كیلۆ گرام ماده‌ی هۆشبه‌ریان پێ گیراوه‌، ئه‌ویش به‌پێی ماده‌ی 28/یه‌كه‌م له‌ یاسای هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان ژماره‌ 50ی ساڵی 2017.

دواتر به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه‌ كه‌ دادگای تاوانی نه‌جه‌ف، حوكمی گرتنی تاهه‌تایی بۆ تاوانبارێك ده‌ركردووه‌ كه‌ بڕی 670 گرام ماده‌ی هۆشبه‌ری كریستاڵی پێ بووه‌، سزاكه‌یش به‌پێی ماده‌ی 28/یه‌كه‌م له‌ یاسای هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان ژماره‌ 50ی ساڵی 2017.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د