لە رووداوێكی هاتوچۆی سەختدا لە نێوان دەربەندیخان - زەڕایەن دوو كەس كە ژن و مێردن گیانیان لە دەست دا و دووی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە، لە رووداوێكی هاتوچۆدا دوو كەس گیانیان لە دەست داوە و دووی تریش بە سەختی بریندار بوون.
نەخۆشخانەكە روونی كردووەتەوە، سەعات دووی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەسەر رێگەی نێوان "دەربەندیخان - زەڕایەن" رووداوێكی هاتوچۆی سەخت رووی دا، پاش گەیاندنی قوربانیەكان بۆ هۆبەی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئووف بەگ، دەركەوت كە دوو هاوڵاتی هاوسەرن گیانیان لە دەست داوە و دوو هاوڵاتی تریش بە سەختی بریندار بوون.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، برینی یەكێك لە بریندارەكان سەختەو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراوە.