پێشانگەیەكی شێوەكاری بۆ دوو هونەرمەندی كورد لە بەلجیكا كرایەوە

:: PM:04:27:17/09/2023 ‌
پێشانگەیەكی شێوەكاری لە بەلجیكا بۆ دوو هونەرمەندی كورد كرایەوە كە چەندان تابلۆیان تێدا نمایش كردووە، چەند رۆژێكیش پێشانگەكە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 17 ئەیلوول، بە ئامادەبوونی پەیامنێری "وشە"  لە شاری گێنتی بەلجیكا پێشانگەیەكی شێوەكاری بۆ هەردوو هونەرمەندی كورد، حوسێن كاكەیی و ئەڤین كاكەیی كە هاوكات هاوسەری یەكترن، كرایەوە، پێشانگەكە بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، لە پێشانگەكەدا چەندان تابلۆی جوان و هونەری بەدەستڕەنگینی هەردوو هونەرمەند خرابوونە ڕوو.

ئەو دوو هونەرمەندە ئاماژەیان بەوە دا كە ماوەیەكی باشە ئامادەكاری بۆ ئەو پێشانگەیە دەكەن، هونەرمەندانی نەتەوەكانی تریش لە پێشانگەكەدا بەشدارییان بە چەند تابلۆیەك كرد، ژمارەیەك كورتە فیلمیشی تێیدا نمایش كرا، لە ئامادەكردنی جەلال عەلوان، بە ئامادە بوونی نوێنەری عێراق لە بەلجیكا كە لە پێشانگەكە ئامادەبوو، هونەرمەندە كاكەییەكان، هەردووكیان هونەرمەندی دیار و ناسراون و ئەزموونی دەیان ساڵیان هەیە لە ساڵانی 1980وە، لە بەلجیكا توانیویانە پەرە بەتوانای خۆیان بدەن بەشێوەیەكی ئەكادیمی، ئەو دوو هونەرمەندە هەوڵ دەدەن  لە چالاكیی كوردانی بەلجیكا، بناسرێن و لە پێوەندیی باشدا بن و یەكتر بەسەر بكەنەوە.


وشە - لاڤین عومەر