چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆیی بەغدا بەڕێوەدەچێت كە نۆ رۆژ بەردەوام دەبێت. هەفتە نمایشی نوێی تێدایە، لەگەڵ چوار پانێلی گشتی، كوردیش لەم فێستیڤاڵە بە شانۆی "شادی" بەشدارییان كردووە .
ئەمڕۆ یەكشەم 15 تشرینی یەكەم، حەمە سوار نووسەر و رەخنەگر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمە چوارەمین فێستیڤاڵی بەغدایە بۆ شانۆ، نزیكەی 15 وڵات تێیدا بەشدارییان كردووە كە لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئاسیایی پێكهاتوون، كوردیش لە سلێمانییەوە بەشدارە بە شانۆگەریی "شادی" لە نووسینی شكسپیر و دەرهێنانی "كامەران رەئووف"، لە شاری هەولێریش ئەرسەلان دەروێش نووسەر و شانۆكار لەگەڵ خۆم "حەمە سوار"، لە تەوەرە هزرییەكانی فێستیڤاڵەكە بەشدارین.
حەمە سوار دەڵێ، "جگە لەوەی ئەم فێستیڤاڵە 17 نمایشی شانۆیی پێشكەش دەكات، چوار پانێڵی هزری تێدایە، لەگەڵ كۆڕ و سیمینار و واژووكردنی كتێب، كۆمەڵێك چالاكیی كولتووری جیاواز، ئەوە جگە لەوەی چەندان نووسەر و رەخنەگری عەرەب، لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارن و بەشداریی كۆڕ و سیمینارەكان دەكەن، ئەستێرەكانی سینەماش وەك "ئیلهام شاهین، مەنال سەلامە و سەمیر عەبدولعەزیز" بۆ فێستیڤاڵەكە بانگهێشت كراون، شانۆكانیش لە "هۆڵی رەشید و هۆڵی نیشتمانی" نمایش دەكرێن".
"ئەم فێستیڤاڵە یەكێكە لە فێستیڤاڵە گرنگەكانی وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی دنیایش كە شانۆكاران بە فراوانی رووی تێدەكەن". حەمە سوار وا دەڵێ.