"ئەگەر بایكۆت درێژە بكێشێت مەترسییەكە گەورە دەبێ و چارەسەریش ناكرێت"

:: PM:09:48:11/11/2023 ‌

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر دۆخی خوێندن و بایكۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، باس لەوە دەكات كە دۆخەكە لە مەترسی نزیك بووەتەوە، ئەگەر مامۆستایان تا 25ی كانوونی یەكەم دەوام نەكەن، بڕیاری قورس لەسەر ئەمساڵی خوێندن لە پارێزگەكە دەدرێت، دووپاتی كردەوە كە هەر بڕیارێكیش تەنیا بۆ پارێزگەی سلێمانی دەبێ و هەولێر و دهۆك ناگرێتەوە.

*دوو مانگە دەرگەی قوتابخانەكان كراوەتەوە و لە سنووری سلێمانی دەوام نەكراوە، مەترسی لە ئارادا هەیە؟

بەڵێ مەترسی گەورە لە ئارادایە ئەگەر بایكۆتی مامۆستایان بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە بە رژدی هەوڵ بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام بدرێت و لایەنی پێوەندیدار و وەزارەتی پەروەردە و حكوومەتی هەرێم چارەسەری دۆخەكە بكەن، چونكە ئەگەر بایكۆت درێژە بكێشێت، مەترسییەكە گەورە دەبێ و چارەسەریش ناكرێت.

*ئەو مەترسییە لەسەر ئاستی ناوخۆییە یان ناودەوڵەتی؟

پێوەندی بە ناوخۆوە هەیە نەوەك بە ناودەوڵەتی، وەزارەتی پەروەردە یاسای خۆی هەیە، ئەوان رێكخستن بۆ ساڵی نوێی خوێندن و پەروەردە دەكەن، ئەگەر لە چوارچێوەی سیستمەكە گرفتی گەورە هەبێت و ماوەیەكی زۆر بەسەر كاتی خوێندن بڕوات و خوێندن دەستی پێ نەكردبێت، ئەوە مەترسییەكان دیاری دەكات، لایەنی ناودەوڵەتی هیچ پێوەندی بە بابەتەكەوە نییە.

*ئەی بەردەوام باس لە یونسكۆ، وەك رێكخراوی جیهانیی پێوەست بە بواری پەروەدە و خوێندن دەكرێت، گوایە ئەوان بڕیار دەدەن؟

نەخێر، یونسكۆ هیچ لایەن نییە لەو بابەتەدا، راستە ئەوان رێكخراوێكن لە بواری هاوكاریی پەروەردە و مێژوو و كولتوور كار دەدەن، بەڵام بابەتەكە پێوەست بەوانەوە نییە، راستە هاوكارمانن و رێنوێنیمان دەكەن، بەڵام بڕیار نادەن، چونكە كوردستان یاسای هەیە و خۆی بڕیاردەرە، رەنگە ئەوان قسە لەسەر خراپی و باشیی كەرتەكە بكەن، بەڵام بڕیار لای ئەوان نییە.

*وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕگە یان مادە و یاسایەكی هەیە ئەگەر تا وادەیەكی دیاریكراو دەوام نەكرێت ئەو ساڵە حیساب ناكرێت؟

وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی هەیە، لە ساڵنامەكە هاتووە كە دەست پێكی خوێندن لە 13ی ئەیلوولە و تا 25ی كانوونی یەكەم وەرزی یەكەم دەبێت تەواو بكرێ و تاقیكردنەوەكان ئەنجام درابن، واتە بەشێكی خوێندن تەواو كرا، دواتریش نیوەی دووەم و دواتر ئەزموونی كۆتایی، كەچی ئێستە لە سلێمانی دەوام نەكراوە و نەخوێندراوە، كەواتە ئەگەر ئەو دۆخە درێژە بكێشێت، واتە ئەزموونەكانی یەكەم ناكرێت، كەواتە لەو حاڵەتە چۆن چارەسەر دەكرێت.

*ئەگەر بایكۆت بەردەوام بوو، چی بەسەر خوێندنی پارێزگای سلێمانی دێت؟

ئەگەر لە سلێمانی وەرزی یەكەم نەخوێندرا، چارەسەری دۆخەكە لە دەستی وەزارەتی پەروەردە نییە و دەچێتە لای ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان بڕیار لەسەر خوێندنی ئەمساڵی سنووری سلێمانی دەدەن و چۆن چارەسەری دۆخەكە دەكەن.

*كەواتە كەی بڕیار لەسەر خوێندنی سلێمانی دەدرێت؟

هێشتا كاتەكە ماوە، تا 25ی كانوونی یەكەم40 رۆژ ماوە، بۆیە هیوادارین تا ئەوكات چارەسەری دۆخەكە بكرێت.

*كاتێك لەسەر خوێندن قسە دەكرێ بڕیار دەدرێت، تەنیا بۆ سلێمانی نییە و بۆ هەموو هەرێمە، ئەگەر بڕیارێك لەبارەی خوێندنەوە بدرێت بۆ هەموو هەرێمە یان تەنیا سلێمانی؟

كاتێك كە لە هەولێر و دهۆك لە سەرەتای ساڵەوە دەوام دەكرێت و گرفت نییە، كەواتە ئەو ناوچانە كێشەیان نییە، بۆیە ئەگەر بڕیار لەبارەی ئەمساڵی خوێندن بدرێت، تەنیا بۆ پارێزگەی سلێمانی دەبێت، چونكە لەوێ دەوام نەكراوە و كێشە بۆ ئەو شوێنە دروست دەبێت كە بەپێی رێكارەكانی وەزارەت كاریان نەكردووە.

*بۆچی هەوڵ نەدراوە چارەسەری كێشەكە بكرێ و لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی دانیشتن بكرێت؟

مامۆستایان لە هەموو هەرێم ناڕازین، بە هەولێر و دهۆكیشەوە، داوای مووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێت، ئەمە تەنیا سلێمانی نییە كە نارازییە، بەڵكو مامۆستا لە هەموو هەرێم ناڕازییە، یەكێتی مامۆستایان لە هاوینەوە بەردەوام لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پەروەردە داوای چارەسەری كێشەكان و جێبەجێكردنی ئەو چوار داواكارییە دەكەن، بۆیە پێویستە حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەكان و كەسانی شارەزا دانیشن و چارەسەری دۆخەكە بكرێت.

*ئەوەی لە سلێمانی روودەدات، واتە ئەو دۆخەی هەیە، تەنیا مامۆستان؟

مامۆستایان خاوەنی داواكاریی خۆیانن، داواكارییەكانیش یاسایین و دەتوانرێن چارەسەر بكرێن، بەڵام كەسانێكیش دەیانەوێ ئەسپی خۆیان تاون بدەن.

*ئەگەر تا پێش 1ی كانوونی دووەمی 2024، دوو مووچەی تر بدرێت كۆتایی بە بایكۆت دێت؟

پێم وایە ئەگەر سبەی حكوومەت بڵێت، ئەوە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر كرا، پلەبەرزكردنەوە دەستی پێ كرد و لە داهاتی ناوخۆ مووچەیەكیش دەدرێت، ئەگەر مامۆستایان نەچوونەوە دەوام من خۆم بە بەرپرسیار دەزانم، ئەگەر حكوومەت داواكارییەكان جێبەجێ بكات، پرۆسەكە دەست پێ دەكاتەوە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل