بارزان شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه"، تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عێراق، باس له‌وه ده‌كات ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌وام ناكه‌ن و "ده‌سه‌ڵاتی هیچ شتێكمان نه‌ماوه".
له دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا خه‌ریكی چییه و ئه‌ندامان چی ده‌كه‌ن؟
بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و نایاساییبوونی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له دوای واده‌ی درێژكردنه‌وه، وایكرد كاری ئه‌نجوومه‌نه‌كان بوه‌ستێت و له دوای بڕیاره‌كه‌ش كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌ن راگیراون، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ناچنه ده‌وام و وازیان هێناوه له ده‌وامكردن ئه‌گه‌ر بۆ چالاكیی خۆیان كار بكه‌ن و سه‌ردانی شوێنان بكه‌ن.
سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌ن كاری چییه؟
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نیش هیچ كارێكی نه‌ماوه، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌ن رۆژانه ده‌چینه ئه‌نجوومه‌ن و ته‌نیا دانیشتنه، ئه‌گه‌ر نا ناتوانین هیچ بكه‌ین و هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ببینین و به‌ده‌م كێشه و گرفتی خه‌ڵكه‌وه بین، چونكه كاره‌كانمان راگیراون.
ئه‌ی مووچه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن چی، راگیراوه یان خه‌رج ده‌كرێت مانگانه؟
مووچه‌مان هیچ كێشه‌ی نییه و مانگانه له كاتی خۆی خه‌رج ده‌كرێت، یاساكه ده‌ڵێت ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه كاری پێ ناكرێت، باس له‌وه نه‌كراوه ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵپه‌سێرێت، به‌پێی یاسا ئه‌نجوومه‌نه‌كان ده‌بێت خانه‌نشین بكرێین، به‌ڵام تا ئێسته بڕیار له‌وباره‌یه‌وه ده‌رنه‌چووه.
حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ كاری ئێوه رێكبخاته‌وه و ده‌ست به كار بكه‌نه‌وه؟
له دوای بڕیاره‌كه، تا ئێسته حكوومه‌تی هه‌رێم هیچ وه‌ڵامێكی بۆ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی نه‌بووه، به‌ڵام به‌ڵێ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ به بڕیارێك كاری ئه‌نجوومه‌نه‌كان ده‌ست پێ بكاته‌وه و ده‌ست به كاری خۆمان بكه‌ینه‌وه و گرفتێكیش نییه، ده‌كرێت خانه‌نشینیش بكرێین، به‌ڵام له دوای بڕیاره‌كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نه‌ماوه.
وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی ده‌توانن نووسراو بۆ لایه‌نی پێوه‌ندیدار بكه‌ن یان وه‌ك چاودێرێك بن به‌سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی؟
نه‌خێر، نه ده‌سه‌ڵاتی نووسراومان ماوه بیكه‌ین بۆ لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان و نه ئه‌وه‌شمان ماوه وه‌ك چاودێرێك بین به‌سه‌ر ئیداره‌ی خۆجێی سلێمانی و به‌دواداچوون بكه‌ین بۆ كاره‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌چینه ئه‌نجوومه‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتمان نه‌ماوه، ته‌نیا فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌وامی رۆژانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و ته‌واو.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی