كۆمیدیای تارماییەكان بڵاو كرایەوە

:: AM:09:29:22/11/2023 ‌
فازڵ عەزاوی ناوێكی دیار و گرنگی گۆڕەپانی شیعر و ڕۆمان و فیكرە، خاوەن هەگبەیەكی پڕ و دەوڵەمەندە لە بەخشش و داهێنان. ڕۆمانی "كۆمیدیای تارماییەكان" یەكێكە لە ڕۆمانە گرنگەكانی؛ كە ساڵی ۱۹۹٤ نووسراوە، نووسەر و وەرگێڕی دیاری كورد دلاوەر قەرەداغی كردوویەتی بەكوردی و لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی كردەوە.

 دلاوەر قەرەداغی لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، عەزاوی لەم ڕۆمانەیدا بە ئامادەیی و شیعرییەتێكی باڵاوە، ئەفسانەی چارەنووسی مرۆڤ لە میانەی سەفەری كەسێك بە ناوی ئادەم بەناو ژیاندا، كە سەربازە و هەڵدێ و پاشان لە زیندان توند دەكرێ و دواتر ئازاد دەكرێ، دەگێڕێتەوە.

گوتیشی بەڵام ئەم ئادەمە هەمان ئەو ئادەمەیە كە لە بەهەشت دەركراوە و هەموو ئەو كارەسات و بەدبەختی و میحنەتانە، دەژێتەوە كە كتێبە پیرۆزەكان باسیان لێوە كردووە. ئادەم لێرەیە و لەوێشە، بێسنوور جیۆگرافیای بە ڕوودا كراوەتەوە، بەناو پیاوانی ئەفسانە و بلیمەتانی مێژوو و جەلادەكانیدا سەفەر دەكات، لەناو پەرستگەی پیرۆزی خواوەند و دەرەوەیدایە، لەگەڵ ڤێرژیلیۆس، فریشتە سوعلوكەكەیدا بەڕێوەیە بۆ ئەو بەهەشتەی كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لێی وەدەر نراوە. ئەم ڕۆمانە لە ڕەهەندێكیدا ڕێنوێنیمان بەرەو هەموو ئەو شتانە دەكات كە شاراوەن لە ژیاندا .

عەزاوی لەم ڕۆمانەدا كەسایەتییەكانی مێژوو لە شاعیر و نووسەرانی وەك دانتێ ئالیگیێری و كۆمیدیای خوداییەكەی، ڤێرژیلیۆس و هۆمیرۆس و بێكێت و ئەبو عەلای مەعەری و شكسپیر و جەیمس جۆیس و دۆستۆیڤسكی و كارەكتەری ڕۆمان و شانۆنامەكان، لە نموونەی گۆدۆ و مەكبێس و ڕاسكۆلنیكۆف و شەهرەزاد و شازادەی بچكۆلی ئەكزۆبێری؛ دێنێتەوە ناو ژیان، دەیانخاتەوە ناو زەمەن و ڕەوتی ڕووداوەكان، دەدوێن و دەیاندوێنێ و بەرگێكی ئەمڕۆییان بە بەردا دەكات. زوبانی گێڕانەوە جگە لە شاعیرییەتە قووڵەكەی، لە هەندێ شوێندا تەنزئامێز و كۆمیدییە، بەڵام كۆمیدیایەكی گریاناوی و خەمگین كە خوێنەر قووڵتر بەناو چارەنووسی ئادەم، كە بە دیوێكدا چارەنووسی خودی خوێنەر خۆیەتی، ڕۆ دەبات.

‎ئیشكردنی عەزاوی لەم ڕۆمانەدا، لەسەر خستنەڕووی هەمەچەشنیی گریمانەكانە بۆ یەك مێژوو، كە ئەویش مێژووی مرۆڤایەتییە بە هەموو شەڕ و ماڵوێرانی و كارەساتەكانیەوە، مێژووی گرێدانی چارەنووسی تاكە بە كۆوە، مێژووی یەكانگیریی بەشە بە گشتەوە.
‎ ئەم ڕۆمانەش وەك ڕۆمانە گرنگەكانی تری دنیای ئەدەبیات، بەر لە هەر شتێك، پاشخانی تۆكمە و قووڵ و فرەڕەهەندی ئەفرێنەرێك لەودیو كارەكەوە بەرهەڵدا دەكات، كە وەك مایسترۆیەكی پسپۆڕ و لێزان، بەبێ هیچ نەشاز و هەڵپە و زۆرلەخۆكردنێك، ئاوازە هارمۆنیك و ئەفسووناوی و لەبەردڵانەكەی داهێنان دەژەنێ.

دلاوەر قەرەداغی ساڵی 1963 لە سلێمانی لە گەڕەكی كانێسكان لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام و ناوەندی لە ئازادی و ئامادەیی لە ناوەندی ئەزمڕ تەواو كردووە. ساڵی 1986 ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان بەشی شانۆی لە بەغدا تەواو كردووە. ساڵی 1982 یەكەمین بابەتی بڵاو كردووەتەوە. یەكەمین كتێبی شیعری بە ناوی (پەیكەرێك لە باران) ساڵی 1992 دوای ڕاپەڕین بڵاو كردووەتەوە. تا ئێستە دەیان كتێبی نایابی پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز