ئەو خەڵاتە ئەڵمانییەی بە بەختیار عەلی دراوە پێشتر شێركۆ فەتاح وەریگرتووە

:: AM:09:48:25/11/2023 ‌
لە دوای خەڵاتی "هێڵدا دۆمین" بە نووسەری دیاری كورد بەختیار عەلی لەناو ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی، جگە لە پیرۆزبایی، مقۆمقۆیەكیش هاتە ئارا كە ئەو خەڵاتە خەڵاتێكی لۆكاڵیی ناوچەیەكی دیاریكراوی ئەڵمانیایە. بەڵام بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، خەڵاتەكە جگە لەوەی خەڵاتێكی ئەدەبی گەورەی ئەڵمانیایە، بەناوی یەك لە دامەزراێنەرانی چیرۆك و پەخشانی ئەڵمانیشەوەیە، پێشتر هەمان خەڵات بە شێركۆ فەتاحیش دراوە.

خەڵاتی هێڵدا دۆمین یەكێكە لەو خەڵاتانەی چەقی قورسایی لەسەر بابەتی تاراوگە و ئاوارەبوونە، واتە پتر بۆ ئەو نووسەرانەیە ئەزموونی تاراوگەیان هەیە یاخۆ بە جۆرێك لە جۆرەكان پێوەندییان بەو ئەزموونەوە هەیە. لە ئەڵمانیا، بە حوكمی ئەوەی زۆر لە نووسەرە گرنگەكان لە سەردەمی نازییەتدا و دواتریش زۆریان لە سەردەمی حوكمڕانی كۆمۆنیستەكاندا ئەزموونی تاراوگەیان بووە، ژمارەیەكی زۆریش لە نووسەرانی هەڵهاتوو لە هەموو لایەكی دنیاوە ڕوویان كردووەتە ئەڵمانیا، خەڵاتەكە قورساییەكی گەورەی هەیە.

لەمبارەیەوە گۆران سەباح ئاماژەی بەوە دا خەڵاتەكە هەرچی بێت، مایەی شانازییە، بەڵام تكاتان لێ دەكەم شتەكە گەورە مەكەن و مەڵێن خەڵاتێكی جیهانیی گەورەیە و درۆ لەگەڵ خەڵك مەكەن. تا ئێستە چەند قوتابییەكیش كە نووسەرن ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە.

هەندێك لە فەیسبووكی خۆیاندا نووسیویانە نیلی زاكس و هێڵدا دۆمین جوون. ئەمەش وەك شتێك نابێت كورد هیچ پێوەندییەكی بەو جووە هەبێت، ئەم هەستەش لە روانگەیەكی ئاینییەوە هەڵدەقوڵێ و هەموو شتێكی جوو وەك مەترسی دەبینێ. دیارە میلەتانی زیندوو خەڵاتەكانیان بە ناوی داهێنەرە گەورەكانیانەوە ناو دەنێن، ئیتر جووبن، بودی بن، مەسیحی بن ئەوە ڕۆڵێك نابینێت، قابیلە لە ئەڵمانیا خەڵاتە ئەدەبییەكانیان بە ناوی قاسم سلێمانی و زەرقاوییەوە ناو بنێن.

پشتیوان عەلی‎ وەك نووسەرێكی گەنج، باسی لەوە كردووە ئەوانەی دەڵێن خەڵاتەكە لۆكاڵییە، ناكرێت مرۆڤ هێندە گەمژە بێت جیاوازیی دوو جیۆگرافیا و دوو كولتوور و دوو زمانی جیاواز نەكات، دەرەوە وەك ناوەوە ببینێت و هێندە بێ ئاگا بێت شەرق و غەربی بۆ لێك جیا نەكرێتەوە. ناكرێت سنووری نێوان ئەڵمانیا و كوردستان بە سنووری هەولێر و سلێمانی، خەڵاتی ”هێڵدا دۆمین”یش بە خەڵاتی ڕوانگە و فێستیڤاڵی گەلاوێژ تێبگەیت و بڵێیت: لۆكاڵە.‎ 

"خەڵاتی لۆكاڵ مانای چییە؟ ئەگەر لە هایدلبێرگ بوو مانای خەڵك لە فرانكفۆرت و بەرلین نایبیستن! ئایا تەنیا هەندێك نووسەری ناوچەیەك وەریدەگرن! ئەم قسەیە لە هەر لایەكەوە بیری لێ بكەیتەوە، واتا نادا بەدەستەوە، ئەگەر مەبەستیش شوێنەكە و شارەكەیە، جگە لە خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتی تر هەیە جیهانی بێت و لۆكاڵ نەبێت"  

كێن ئەوانەی پێشتر خەڵاتی هێڵدا دۆمینیان بردوووە؟
هەموو ئەوانەی خەڵاتی هێڵدا دۆمینیان وەرگرتووە، نووسەری پلەباڵای ئەڵمانی و جیهانین كە پێشتر یان دواتر بە چەندان خەڵاتی گرنگ، ڕێز لە كارە ئەدەبییە گەورەكانیان گیراوە. ڕیزبەندی ناوەكان بەپێی كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، واتا ناتاشا ڤۆدین دوایەمین كەسە پێش بەختیار عەلی خەڵاتەكەی وەرگرتبێت، هێڵدا دۆمینیش یەكەمین كەسە.

ناتاشا ڤۆدین: یەكێكە لە هەرە دەنگە گرنگەكانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئەڵمانی. لە ساڵی 1945 لە شاری فوێرت لە ئەڵمانیا، لە خێزانێكی ڕووسی لە دایك بووە. كارەكانی بە ئەڵمانی دەنووسێت، لە گرنگترین كارەكانی «ئەو لە ماریپۆلەوە هاتبوو» كە خەڵاتی پێشانگەی كتێبی لایبزگی پێ وەرگرت. تا ئێستە نزیكی 40 بەرهەمی گرنگی بڵاو بووەتەوە. لە پاڵ خەڵاتی هیڵدا دۆمیندا پێشتر ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە. «خەڵاتی هێرمان هێسە، خەڵاتی برایانی گریم لە شاری هاناو، خەڵاتی ئەلفرید دۆبلن، خەڵاتی پێشانگەی لایبزگ، خەڵاتی ئۆگست گراف فۆن پالاتین، ساڵی پاریش خەڵاتی جۆزیف برایتباخی وەرگرت» 

ئێدگار هیلزنڕات: لەدایكبووی ساڵی 1926 ـە و لە لایبزگ لە دایك بووە، لەوانەیە كە ئەزموونی هۆلۆكۆستی هەبووە و كتێبەكانی لە ژێر كاریگەریی ژیان لە قۆناغی نازییەتدا نووسیوە. لە ناودارترین كارەكانی كە دەنگدانەوەیەكی جیهانی هەبوو، ڕۆمانی «نازی و سەرتاشەكە» یە، ئەم كتێبە یەكێكە لە كارە سەیرەكانی ئەدەبیاتی نوێی جیهانی، لە كاتێكدا وەرگێڕانە ئینگلیزی و فڕەنسی و ئیتاڵییەكەی دوو ملیۆن دانەی لێ فرۆشرابوو، نزیكی 60 دەزگای بڵاوكردنەوەی ئەڵمانی ڕەتیان كردووە ڕۆمانەكە چاپ بكەن، دوای هەوڵێكی زۆر دەزگایەكی چاپی بچووك چاپی كرد، كاتێكیش نووسەری گەورە «هێنریش پۆڵ» كەوتە بەرگری لە تێكستەكە، لە ماوەیەكی كەمدا 250 هەزار دانەی لێ فرۆشرا. ئەم كتێبەی هیلزنڕات وەرگێڕاوەتە سەر 16 زمانی جیهانی. هیلزنڕات لە پاڵ خەڵاتی هیڵدا دۆمیندا، چەندان خەڵاتی تری بردووە «خەڵاتی ئەلفرید دوبلن، هانز ئیریش نوزاك پرایس، خەڵاتی یاكۆب وەسەرمان...هتد». هیلزنڕات ساڵی 2018 كۆچی دوایی كرد.

عەباس خدر: یەكێكە لە گرنگترین دەنگە ئەدەبییە گەنجەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بەگشتی، عەباس نووسەرێكی ئەڵمانییە و هیچ تێكستێكی بە عەرەبی نییە، لە دوو كتێبی یەكەمییەوە «هیندییە ساختەكە» و «پرتەقاڵەكانی سەرۆك » ـەوە تا ئەمڕۆ حەوت ڕۆمانی تری بڵاو كردووەتەوە كە تێكڕا جێی سەرنج و ستایشی ڕەخنەگران بوون، لە پاڵ خەڵاتی گرنگی هێڵدا دۆمیندا، زۆربەی خەڵاتە گرنگەكانی ئەڵمانیای بردووە لەوانە «خەڵاتی ئادلبێرت ڤۆن كازیمۆ، خەڵاتی مولسینا هوز كە دەدرێت بە باشترین كتێبێك بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت، خەڵاتی نیلی زاكس، ئیفئینگلیشە بوخپرایس... هتد».

ئۆلیگ ئەلیسكەندرۆڤیچ یۆریڤ: لە ساڵی 1959 لە لینینگراد لە دایك بووە. بە هەردوو زمانی ڕووسی و ئەڵمانی كتێبی بڵاو كردووەتەوە. 17 كتێبی بە ڕووسی و 14 كتێبی بە ئەڵمانی بڵاو كردووەتەوە، كتێبێكیش بە هەردوو زمانەكە، جگە لە ژمارەیەك زۆر شانۆنامە. سێ جار لە لیستی كورت «شۆرت لیست» ـی خەڵاتی ئەدەبی ڕووسی «ئەدریا بیلی پرایس» دا بووە، خەڵاتی ڕۆژنامەی سویسیدای پێترسبورگی وەرگرتووە، خەڵاتی ڕۆژنامەی نۆڤی میری مۆسكۆڤی پێ بەخشراوە. 

شێركۆ فەتاح: ناوێكە زۆربەمان دەیناسین، یەكێكە لە هەرە گرنگترین ڕۆماننووسە هاوچەرخەكانی ئەڵمانیا، دوایەمین ڕۆمانیشی كە چەند هەفتەیەكە بڵاو بووەتەوە، ئێستە لە لیستی پڕفرۆشترین كتێبەكانی ئەڵمانیادایە. شێركۆ كە لە باوكەوە كورد و لە دایكەوە ئەڵمانە، هەڵگری خەڵاتی ئەدەبی ئەسپێكتایە، خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگرانی ئەڵمانی وەرگرتووە، خەڵاتی فۆنتانای وەرگرتووە، ڕۆمانی كەشتی تاریك لە شۆرت لیستی خەڵاتی كتێبی ئەڵمانیدا بوو، ڕۆمانی خاكی سپی لە شۆرت لیستی خەڵاتی پێشانگەی كتێبی لایبزگدا بوو، خەڵاتی ئادلبێرت ڤۆن كازیمۆی وەرگرتووە.

شێركۆ فەتاح جگە لەوەی كە باوكی كورد بووە، هیچ پێوەندییەكی بە ئەدەبیاتی كوردییەوە نییە، ئەوەی وادەكات كارەكانی شێركۆ فەتاح سەرنجڕاكێش بێت ئەوەیە، دیدێكی خۆرئاوایی بۆ كێشەكانی خۆرهەڵات هەیە. فەزای ڕۆمانەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەگشتی، لە ساڵانی دواییدا زۆرینەی كارەكانی لە دەوری بابەتی تیرۆر دەسووڕێنەوە. 

هامید سكیف : بە ڕەچەڵەك خەڵكی جەزائیرە، بەڵام هەموو كارەكانی بە فڕەنسی و ئەڵمانی نووسیوە، لە ساڵی 2011 لە تەمەنی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، لەسەر ڕۆمانی «جیۆگرافیای مەترسی» كە بە فڕەنسی نووسیویەتی، خەڵاتی یەكێتیی نووسەرانی فڕەنسی زمانی وەرگرتووە. لە كارەكانی تری «زۆر بەڕێز سەرۆك كۆمار، سۆزانییەك بە بۆینباخەوە»

شتێڤان تۆنتچ: نووسەرێكی بۆسنەیی خەڵكی سەرایڤۆیە، بە نەتەوە سربییە. بەهۆی شەڕی بۆسنەوە ئاوارەی ئەڵمانیا دەبێت، زۆربەی كارەكانی لە ژێر كاریگەریی جەنگی خوێناوی بۆسنەدا نووسیوە. لە كارەكانی «دەستنووسێك لە سەرایڤۆوە، یەكشەممان لە بەرلین، بە فەرمانی وشە، قیامەتی ڕۆژانە»، هەڵگری خەڵاتی هۆریس بینیكەیە بۆ شیعر، هەروەها هەڵگری خەڵاتی ڕاینەر كونتزە. لە تەمەنی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە. 

سەید: یەكێكە لە ناسراوترین ئەو كەسانەی خەڵاتەكەی وەرگرتووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە ئێرانەوە هاتووەتە ئەڵمانیا. ساڵانێكی زۆر جێگری سەرۆك، دواتر سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی ئەڵمان بووە. سەید لەگەڵ رەفیق شامیدا ناودارترین ڕووخساری ئەدەبی نووسەرانی تاراوگە بوون كە بە ئەڵمانی نووسیویانە، بە سەرتۆپی نەوەی یەكەمی نووسەرانی تاراوگە دادەنرێت لە ئەڵمانیا و گرنگترن و بەرجەستەترین ڕووخساری ئەو نەوەیەیە. پتر لە بیستوپێنج كۆمەڵە شیعر و پەخشانی بە چاپ گەیاندووە. لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نووسەرێكی پڕ بەرهەم بووە، گەلێك تێكستی بۆ نمایشی ڕادیۆیی نووسیوە. ئەمە هەندێك لەو خەڵاتانەیە سەید وەریگرتوون «خەڵاتی منشنی ئەدەبی، مەدالیای گۆتە، مەدالیای هێرمان كێستن، مەدالیای شایستەگی دەوڵەتی ئەڵمان، فردریش روكەرت پرایز... هتد»

هیڵدا دۆمین: لە ساڵی 1909 لە كۆڵن لە دایك بووە، یەكێكە لە بەرجەستەترین شاعیرانی سەدەی بیست لە زمانی ئەڵمانیدا، لە دوای مردنی خەڵاتەكە كرا بە ناوی ئەوەوە. لە سەردەمی جەنگدا ماوەیەكی درێژ لە تاراوگە ژیاوە، تاراوگەبوون شوێنێكی گرنگی لە ژیان و ئەدەبیاتیدا هەیە. بەوەدا خۆی ئەزموونی تاراوگەبوونی هەبووە، هەروەها نیشتەجێی شاری هایدلبێرگیش بووە، ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە كە چەقی قورسایی ئەم خەڵاتە بكەوێتە سەر بابەتی تاراوگە و مەنفا. هێڵدا دۆمین ژمارەیەكی زۆر خەڵاتی وەرگرتووە كە گرنگترینیان «خەڵاتی نیلی زاكس، خەڵاتی ڕیلكە، خەڵاتی هۆڵدەرلین، خەڵاتی كۆنراد ئادنهاوەر شتیفتونگ ... هتد». بڕیارە لە داهاتووی نزیكدا فیلمێكی جیهانی لەسەر ژیانی  بەرهەم بهێنرێت، ئەكتەری ناودار «شارون ستۆن» تێیدا ڕۆڵی هێڵدا دەبینێت.



وشە - سۆران عەزیز