بەرەی مقاوەمە یەكەم سكاڵای دژی مەشعان جبووری تۆمار كرد

:: PM:01:03:25/03/2024 ‌
دوای ئەوەی ماوەیەك بەرلە ئێستە سیاسەتمەدارێكی سوننە رەخنەی لە دادگای باڵای عێراق گرت، ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە كە پەرلەمانتارێكی شیعە سكاڵایی یاسایی لەسەر جبووری تۆمار كردووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، عالیە نسەیف كە پەرلەمانتارێكی شیعەیە، سكاڵایەكی یاسایی بۆ دادگا لە دژی مشعان جبووری سیاسەتمەداری سوننە بەرز كردووەتەوە، تێیدا تۆمەتباری دەكات بەوەی هەڕەشەی كردووە و سووكایەتی بە دادگای باڵای عێراق كردووە.

نسەیف لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی داوە كە كاتێك مشعان جبووری مافی پەرلەمانتاریی لە دادگا لێ وەرگیراوەتەوە، ئەو هەڕەشەی كردووە و گوتوویەتی "پەشیمانتان دەكەمەوە"، جیالەوەی بەمدواییە دیسان هێرشی كردووەتە سەر ئەو دادگایە و سووكایەتیی پێ كردووە.

رۆژی چوارشەم 20ی ئادار، جبووری لە دیمانەیەكدا بە بیری عێراقییەكان دێنێتـەوە كە كاتێك هاوپەیمانیی سێلایەنە لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە كرا، سەرۆكی دادگای باڵای عێراق هەڕەشەی لێ كردووە ئەگەر لەو هاوپەیمانییە نەكشێتەوە، مافی پەرلەمانتاریی لێ وەردەگرێتەوە.

جبووری لە دیمانەی لەگەڵ ئێزگەی "I NEWS" گوتی، ئەوكات نامەیەكیان بۆ ناردووە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردووە ئەگەر واز لە پڕۆژەی هاوپەیمانیی سێلایەنە نەهێنێت، مافی پەرلەمانتاریی لێ وەردەگیرێتەوە، هەڕەشەكە دروست بەناوی جاسم عەمیری سەرۆكی دادگای باڵا بوو.

هاوپەیمانیی سێلایەنە لە دوای وا هەڵبژاردنی عێراق هاتە كایەوە، كاتێك رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو و بۆ دامەزراندنی حكوومەت، هاوپەیمانیی سێلایەنە لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە كرا، دواتر لایەنە شیعەكان، دژایەتیی ئەو هاوپەیمانییەیان كرد و دواجار رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە و تەواوی پەرمانتارەكانی دەستیان لەكار كێشایەوە. دواتریش بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێ، ئیدارەی دەوڵەت پێكهێنرا و محەمەد شیاع سوودانی وەك سەرۆك وەزیران دەستنیشان كرا.

دادگای فیدراڵ لە مانگی ئایاری 2022، مافی پەرلەمانتارییەكان لەڕێی پەرلەمانی عێراقەوە لە مشعان جبووری سەندەوە، ئەویش بەتۆمەتی ئەوەی بڕوانامەی ئامادەیی لە سووریا ساختە كردووە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د