د. كەیوان ئازاد: بۆچی كاتێك د. عەلی قەرەداغی كوردانە قسە دەكات ئیسلامییەكان لێی دەدەن؟

:: AM:09:51:28/03/2024 ‌
سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لەبارەی هەژماری من و كردنەوەی هەژماری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گوتی، پرسێكی هەقـە و پێوەستە بە تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم قسەیەی سەرۆكی زانایانی مسوڵمان، یەكگرتووی ئیسلامی نیگەران كردووە.

لەبارەی قسەكانی د. عەلی قەرەداغییەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو دەڵێت، ئەگەر بەردەوام لەناو گەل و میلەتەكەی خۆت نەژیایت، لە نزیكەوە ئاگات لە دۆخ و گوزەران و نەهامەتییەكانیان نەبوو،  فتواكانیشت نایپێكن.

 د. عەلی‌ قەرەداغی‌ پێشتر ڕای‌ گەیاندبوو، لایەنی زانستیی ئیسلام لەگەڵ هەموو پێشكەوتنێكە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی لە هەر بوارێكدا، پێویستە هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەنی هەژماری خۆیان.

سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان دەڵێت، هەژماری من و كردنەوەی هەژماری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مافی هەرێمی كوردستان و پرسێكی هەقـە و پێوەست بە تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

ئەم لێدوانەی د. عەلی قەرەداغی، سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كە چەندان ساڵە ناوبراو وەك ڕابەرێكی ئاینیی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، نیگەران كردووە، ئەندامێكی سەركردایەتییان بۆی نووسیوە فتواكانت نایپێكن.

لەمبارەیەوە د. كەیوان ئازاد مامۆستای زانكۆی سلێمانی دەڵێت، من تێناگەم بۆ كاتێك د. عەلی قەرەداغی كوردانە قسە دەكات، ئیسلامییەكان لێی دەدەن، كاتێك ئیسلامییانە قسە دەكات، كوردان لێی دەدەن.



وشە - سۆران عەزیز