دانیمارك باڵوێزخانەی لە عێراق دادەخات

:: PM:07:12:16/04/2024 ‌

وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك رای گەیاند كە دوای كشانەوەی زۆرینەی هێزە سەربازییەكانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، باڵوێزخانەكەی لە بەغدا دادەخات.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، باڵوێزخانەی دانیمارك لە 2020 بە فەرمی لە بەغدا كرایەوە، ئەوەش بۆ پاڵپشتیكردنی سەركردایەتیی دانیمارك بۆ ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، دوای كۆتاهاتنی ماوەی سەركردایەتیی دانیماركیش بۆ ئەو هێزانە لە 2022، تا ئیستە دانیمارك بە هێزێكی سەربازی لەو ئەركە بەردەوامە.

روونی كردەوە، تا سەرەتای 2024 ژمارەیەكی زۆری هێزی سەربازیی دانیمارك لە عێراق بوون، ئێستە ژمارەكە كەمترن، بەڵام دوای كشانەوەی تەواوی هێزە سەربازییەكانی دانیمارك لە عێراق، ئەركی سەرەكیی باڵوێزخانەی دانیمارك لە عێراق تەواو دەبێت و كۆتایی دێت، بۆیە حكوومەتی دانیمارك بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەكەی لە بەغدا لە 31ی ئایاری ئەمساڵ داوە.  

شایەنی باسە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رۆڵی گەورەیان لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە هەبوو كە ئەو رێكخراوە داگیری كردن، ئێستەش گفتوگۆ لە نێوان فەرماندە باڵاكانی هەردوو سوپای عێراق و ئەمەریكا هەیە بۆ كۆتاهێنان بە ئەركی ئەو هاوپەیمانیەتییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل