عێراق و توركیا رێككەوتنێكی ستراتیجی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە واژوو دەكەن

:: PM:10:39:17/04/2024 ‌

بڕیارە هەفتەی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا سەردانی بەغدا و هەولێر بدات، ئەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندان پرس تاوتوێ دەكات، لەوانە واژووكردنی رێككەوتنێكی ستراتیجی بۆ هاریكاریی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە و ئاسایشی سنوورەكان.

دووشەمی داهاتوو ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەكات، ئەو سەردانەی چەند مانگێك بە هۆكاری جیاجیا دوا كەوت، چاوەڕوان دەكرێت چەند پرسێكی گرنگی هاوبەش ببنە ناوەڕۆكی سەردانەكە، لەوانە ئاو و وزە و هاریكاریی دژی پەكەكە و تۆكمەكردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەكان و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان، لە یەكەم سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق لە ماوەی 12 ساڵدا. 

شەوی رابردوو ئەردۆغان لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا لە ئەنقەرە گوتی، پرسی ئاو یەكێك دەبێت لە گرنگترین بابەتەكانی خشتەی سەردانەكەی بۆ عێراق، ئەو گوتی كە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدەن، جیا لە بابەتی گەیشتنی نەوت و غاز بۆ توركیا، هەوڵی چارەسەركردنی ئەو بابەتەش دەدەن.

لای خۆیەوە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا گوتی، دووشەمی داهاتوو سەرۆك كۆمار سەردانی بەغدا دەكات، لەوێ رێككەوتنێكی ستراتیجی واژوو دەكەین، هاوڕێ عێراقییەكان پەكەكەیان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی رانەگەیاندووە، بەڵام بۆ یەكەمجار دەستەواژەیەكی نزیك لەوەیان قبووڵ كرد، ئێمە ناوچەیەكی ئاراممان بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر لەناو خاكی عێراق دروست كردووە، ئێستەش كە باسی دەكرێت، بۆ ئەوە نییە ئاخۆ دروست بكرێت یان نا، بەڵام هەندێك بابەتی تر هەیە پێویستە كاری لەسەر بكەین.

توركیا چارەسەری هەموو دۆسییەكانی لەگەڵ عێراق بە لەناوبردنی پەكەكە بەستووەتەوە، لەوانە دۆسییەكانی ئاو و وزە پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان، لەوەش گرنگتر توركیا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پلان و ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی سەربازییە لە دژی پەكەكە لە هاوینی ئەمساڵ، لە رێگەی دامەزراندنی ناوچەیەكی تەناهی داخراو تا قووڵایی 40 كیلۆمەتر لەناو خاكی عێراق.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل