"حكوومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری ناردووە و دەبوایە 20ی مانگ مووچە رەوانە بكرایە"

:: PM:10:11:23/04/2024 ‌

سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا و هەولێر و پێوەندییەكانی هەرێم و ئەنقەرە و گرنگیی ئابووریی هەرێم لە ناوچەكە و رۆڵی توركیا لە رەخساندنی زەوینە بۆ گفتوگۆی كاراتری نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم و بابەتی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە كە لیستی مووچەی مانگی چواریان ناردووە، پێویست بوو 20ی ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانیان رەوانە بكرایە.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان 24ی راگەیاند، توركیا كار بۆ ئەوە دەكات كەشوهەوایەكی گونجاوی دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا بێتە كایەوە و توركیا وەك وڵاتێكی كاریگەر دەتوانێت رۆڵ لەم پرسەدا ببینێت، چونكە مەبەستی توركیا سەقامگیریی ناوچەكەیە و كاریش بۆ ئەوە دەكات.

لەبارەی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە، رێككەوتن لە نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت كراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئاشكرای كرد كە هیچ بیانووێكی تەكنیكی‌ بۆ هەناردەنەكردنەوەی نەوتی هەرێم نییە.

تایبەت بە رێگەی گەشەپێدان و گرنگیی پڕۆژەكە بۆ هەرێمی كوردستان گوتەبێژی حكوومەت گوتی، حكوومەتی فیدراڵ هەوڵ دەدات‌ هەرێمی كوردستان لەم پڕۆژە سوودمەند نەبێت‌، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵ و لەگەڵ ئەردۆغانیش، داوای كردووە شارەكانی هەرێمی كوردستان نەخرێنە دەرەوەی پڕۆژەكەوە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین ئەم پرسەش وەك بابەتەكانی تری لێ نەكرێت.

هەورامانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد، بەرپرسانی بەغدا رایان گەیاندووە‌ كە چیتر كێشە بۆ مووچە دروست نابێتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی چواری ناردووە، بۆیە پێویست بوو 20ی ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانیان رەوانە بكردایە، حكوومەتی هەرێم ئەركە یاساییەكانی تەواو كردووە، بەڵام ئیجتیهادی شەخسی قبووڵ ناكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل