یونامی لەبارەی هێرشەكەی كۆرمۆر هاتە دەنگ

:: AM:09:01:27/04/2024 ‌
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات و ڕای گەیاند، پێشوازیی لە لێكۆڵینەوە بۆ گرتنی بكەرانی هێرشەكە و دادگاییكردنیان دەكەین.

دوای هێرشەكەی شەوی رابردوو لە پەیامێكی ئەمڕۆی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كە بە یونامی ناسراوە، دەڵێت، بەتوندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر ئەو كێڵگەیە دەكەین، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و سەرەخۆشی لە خێزانی ئەوانەش دەكەین كە لەو هێرشەدا كوژراون.

یونامی دووپات دەكاتەوە كە پێشوازیی لە لێكۆڵینەوە بۆ دەستنیشانكردن و گرتنی بكەرانی هێرشەكە و دادگاییكردنیان دەكات.

ئێوارەی دوێنێ‌ لەلایەن درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانی لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوو، بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە وەستێنرا و بووە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی دوو هەزار و 500 مێگاوات.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە چەندان جاری تریش لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، هێرش بۆ سەر ئەو كێڵگەیەی بەرهەمهێنانی غاز ئەنجام دراوە.



وشە - رامیار جەواد