جەمال كۆچەر: پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە عێراقیش دەستی پێ نەكردووەتەوە

:: PM:09:06:28/04/2024 ‌
 
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە تا ئێستە هیچ شتێكی فەرمی لەبارەی دەست پێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نییە، دووپاتی كردەوە، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، لە عێراقیش پلەبەرزكردنەوە وەستاوە، چونكە ئەو بابەتە پارەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە ئێستە پلەبەرزكردنەوەی زۆر ئەستەمە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە لە عێراق هیچ باسێك بۆ دەست پێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نییە و ئەوەی لەوبارەوە دەگوترێت تەنیا باسی خەڵكە و هیچی فەرمی نییە، چونكە پلەبەرزكردنەوە پێوستی بە پارەیەكی زۆر هەیە و 10 ملیۆن مووچەخۆر و چوار ملیۆن فەرمانبەر هەیە، بۆیە ئەو پرۆسە پارەیەكی زۆری پێویستە و تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە، لە عێراقیش دەمێكە پلەبەرزكردنەوە نەكراوە .

روونی كردەوە، راستە مووچە لە بەغداوە دێت، دانی مووچەی مووچەخۆرانیش بە پێی یاساكانی هەرێم كاری پێ دەكرێ و پێوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەڵام ئێستە ئەستەمە لە عێراق پلەبەرزكردنەوە بكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە پێویستە هەر حكوومەتێك بۆ خۆی ئەو كارە بكات.

شایەنی باسە ماوەیەكە بابەتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گەرمە و باسی ئەوە دەكرێت كە فەرمانگەكان كار لەسەر ئامادەكردنی لیستی مووچە بە پلەبەرزكردنەوە بكەن و لە چەند مانگی داهاتوو مووچە بە لیستی پلەبەرزكردنەوە دەدرێت، بەڵام تا ئێستە شتێكی فەرمی لەو بارەوە نییە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل