مەحسوون قرمزیگول سێ ملیۆن دۆلار زیانی پێ گەیشت

:: AM:09:15:01/05/2024 ‌
هونەرمەند مەحسوون قرمزیگول لە بەرهەمهێنانی  فیلمی "پرێستیژ مەسەلەسی" كە بڕی سێ ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەو هۆیەشەوە تووشی زیانێكی ئابووری گەورە بووەتەوە. 

پێشتریش دەهێنەر و گۆرانیبێژی تورك و بەڕەگەز كورد مەحسوون قرمزگیول، نەیتوانی بۆ فێستیڤاڵی ئۆسكاری سینەمایی سەربكەوێت، دوای ئەوەی فیلمەكەی زیاتر لە سێ ملیۆن بینەری هەبوو. 

ماڵپەڕی حوڕیەتی توركی لە زاری مەحسوون قرمزگیول بڵاوی كردەوە، ستەمێكی زۆری لێ كراوە بەهۆی ئەوەی لە 19 فیلم، فیلمی "موعجیزیان" بۆ فێستیڤاڵەكە هەڵنەبژاردووە و  لە بری ئەو، فیلمی "سیڤاسیان" دەستنیشان كراوە. ئەمەش مەحسوونی بێزار كردووە و رەخنەشی لە وەزارەتی رۆشنبیری توركیا گرتووە و ئەمەی بە نادادپەروەری داناوە.

نوێترین فیلمی ئەو دەرهێنەرە كوردە بەناوی "پرێستیژ مەسەلەسی" ئێستە ئەویش بووەتە هۆی زیانێكی ئابووری گەورە بۆ قرمزیگول، چونكە فیلمەكە بڕی سێ ملیۆن دۆلاری تێچووە.

لەمبارەیەوە مەحسوون قرمزگیول رای گەیاند، ئاساییە، ئەم دۆخانە بۆ هونەرمەندان دێنە پێش، مەرج نییە هەر كارێك كردت بگات بە بینەر، لەگەڵ ئەوەشدا من دڵخۆشم ئەوەی كە لە مێشكم دابوو نووسیمەوە و كردم بە فیلم.

فیلمی "پرێستیژ مەسەلەسی" واتە "بابەتی ڕێزگرتن" بۆ ماوەی هەشت هەفتە لە سینەماكانی توركیا نمایش كرا، زیاتر لە 100 هەزار و 506 بینەری هەبوو،  بەڵام تەنیا حەوت ملیۆن لیرەی توركی قازانجی هەبوو.

مەحسوون قرمزیگول هونەرمەندێكی دیاری باكوری كوردستان و توركیایە، ماوەیەكە لە پاڵ كاری موزیك و گۆرانی، كاری دەرهێنان و نواندن لە فیلمیش دەكات، بەهۆی گۆرانییەوە ناوبانگێكی زۆری هەیە.



وشە - سۆران عەزیز