بۆچی پێویستە منداڵەكانتان لە ئامێز بگرن؟

:: PM:08:02:02/05/2024 ‌

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە پێوەندیی جەستەیی نێوان كەسوكار و منداڵەكانیان دەبێتە مایەی گەشەكردنی هزری و جەستەیی ئەوان، هەروەها ئاستی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین لای ئەوان زیاد دەكات، كە هەستی لەخۆرازیبوون و خۆشی و متمانەبەخۆبوون زیاد دەكات و وا دەكات باشتر بەسەر كێشەكانیاندا زاڵ بن.

چەندان توێژینەوە لەوبارەوە هەن، باسی ئەوە دەكەن كە كاریگەریی ئەو پێوەندییە جەستەییە تەنیا لە رووی دەروونییەوە نییە، بەڵكو كیمیاییە لەسەر كۆئەندامی دەمار كە بە مێشكەوە بەستراوەتەوە، بەوەی سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات.

زانایان باسی جۆری جیاوازی پێوەندیی جەستەیی كەسوكار و منداڵەكانیان دەكەن، ئەوەش بە پێی تەمەنیان دەگۆڕێت، ئۆرسۆلا تەقسی، زانای دەرووناس دەڵێت، پێوەندیی جەستەیی نێوان كەسوكار و منداڵەكانیان رۆڵی گەورەی لە گەشەی دەروونی لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیان هەیە، جیا لەوە هەستكردن بە ئارامیان زیاتر دەكات و پێوەندیی سۆزدارییان ئەویش زیاد دەبێت، یارمەتی پەرەپێدانی لایەنی كۆمەڵایەتی و سۆزداری دەدات.

ئەو زانایە دەڵێت، لە قۆناغی شیرەخۆری لە ئامێزگرتن و هەڵگرتن، بەتایبەتی كە خۆی داوای دەكات و دەگریێت، ئەوانە پێویست و گرنگن، ئەو هەست بە ئارامی و پارێزراوی و سەقامگیریی دەكات و بە ئەرێنی كار لە تەندروستیی دەروونی و گەشەی مێشك و دەمارەكانی دەكات و پێوەندییەكان لە دوارۆژ بەهێزتر دەكات. 

لە قۆناغی منداڵی متمانەبەخۆبوونی زیاتر دەكات و منداڵ هەست بە بەها و رێزی خۆی دەكات و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی پەرە پێ دەدات، واتە زیاتر تێكەڵی دەوروبەری دەبێت، فێری ئەوەی دەكات چۆن هەستەكانی خۆی دەرببڕێت و زیاتر تێكەڵی كۆمەڵگەی بێت، بەوەش راڕایی و نیگەرانی و ترسی كەمتر دەبێتەوە.

لە قۆناغی رواڵیشدا كە مرۆڤ لەو تەمەنە هەست بە دابڕان و زەحمەتی لێتێگەیشتن دەكات، پێوەندیی جەستەیی كەسوكار لەگەڵی، بەتایبەتی لەئامێزگرتن، پاڵپشتییەكی سۆزداری بۆ فەراهەم دەكات و زیاتر هەست بە ئینتیما و ئارامی دەكات و پێوەندییەكانی هەردوولا بەهێزتر دەبێت، جیا لە سووككردنی رارایی و سترێس، كە زیاتر لەو تەمەنە تووشی دەبن.

بە گشتی دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین، یان هۆرمۆنی خۆشەویستی، كە پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە و سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات، هەروەها ئاستی هۆمۆنی كۆرتیزۆل كەم دەكاتەوە، كە پێوەستە بە شەكەتی و لاوازیی سیستمی بەرگرییەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل