ساڵی داهاتوو لە 100 دۆنم زەوی هەر جووتیارێك دەبێت 30 دۆنم بە گەنم بچێنێت

:: AM:11:44:07/05/2024 ‌
لە هەرێمی كوردستان جووتیاران پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ نابن لە ڕێژەی داچاندنی زەوییەكانیان بەگەنم. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، دەبێت لە ساڵەكانی داهاتوو پابەند بین بەو رووبەرەی بۆ گەنم دیاری دەكرێت.

بڕیارە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، شەش ملیۆن تۆن گەنم وەربگرێت و لەناویدا دوو ملیۆن تۆن گەنمی جووتیارانی كوردستان هەیە، بەڵام عێراق نایەوێت هەموو ئەو گەنمەی لە كوردستان هەیە وەربگرێت، لیژنەیەك پێكهاتووە و بڕیار لەسەر رێژەی ئەو گەنمە دەدەن كە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی وەردەگرن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ساڵی ڕابردووش لەسەر وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی وەرگیرا ڕازی نەبووین. ئێمە ئەمساڵ دوو ملیۆن تۆن گەنممان هەیە و هەوڵ دەدەین بڕێكی زۆر لەو بەرهەمە بخەینە چوارچێوەی پلانی بە بازاڕكردن لە سایلۆكانی عێراق.

بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان، دەبێت لە ساڵەكانی داهاتوو پابەند بین بەو رووبەرەی لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە بۆمان دیاری دەكرێت، چونكە لە پارێزگاكانی تری عێراق داچاندنی زەوی بە گەنم سنووردارە.

وەزیری كشتوكاڵی كوردستان گوتی، لە پارێزگاكانی تری عێراقدا لە 100 دۆنم زەوی، جووتیار دەبێت 30 دۆنم بە گەنم دابچێنێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان جووتیارانی ئێمە بیر لەوە بكەنەوە زەوییەكانیان هەموو نەكەنە گەنم.

ئەمە لە كاتێكدایە بەگوێرەی لێدوانەكانی وەزیری كشتوكاڵ، عێراق وەك ئاسایشی خۆراك پشت بە بەرهەمی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەبەستێت، بەرهەمی جۆراوجۆری كوردستان بووەتە هۆی دەوڵەمەندیی ئاسایشی خۆراكی عێراق.



وشە - سۆران عەزیز