كشتوكاڵی عێراق قەرەبووی جووتیارانی زیانلێكەوتوو دەكاتەوە

:: PM:04:59:07/05/2024 ‌

وەرزی دروێنە و كرشینەوەی گەنمی جووتیاران لە عێراق دەستی پێ كردووە، كەچی بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە ماوەی ئەم مانگە، زیانی گەورە بە بەرهەمی جووتیاران كەوت، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رای گەیاند كە ئەو جووتیارانەی زیانیان پێ گەیشتووە قەرەبوو دەكرێنەوە.

محەمەد خوزاعی، گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رای گەیاند كە ئەو جووتیارانەی زەوی و بەرهەمەكانیان بەهۆی بارانی بەخوڕی رۆژانەی رابردوو دووچاری زیان هاتووەتەوە، قەرەبووی دارایی دەكرێنەوە، ئەو هەنگاوەش وەك پەیامێكی دڵنیاكردنەوەیە لە وەزارەتەكەوە بۆ جووتیاران، بۆیە دوای تەواوبوونی كاری لیژنەكانی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانەكان، قەرەبووكردنەوەیان دەست پێ دەكات.

خوزاعی روونی كردەوە، وەرزی كشتوكاڵی داهاتوو گەشەسەندنێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت كە لە پێشبینییەكان زیاترە، ئەوەش بەهۆی هاتنی بەشەئاوی زیاتر لە توركیاوە، دووپاتی كردەوە كە ئەو بارانەی دوایی كشتوكاڵ لە چەند پارێزگایەك دەبووژێنێتەوە.

دوێنێ موزەر كەرەوی، پەرلەمانتاری عێراق دووپاتی كردەوە كە بەهۆی لافاوی مانگی ئایار 14 كەرتی كشتوكاڵی لە عێراق زیانی بەر كەوتووە، كاتێك بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو لە حەوت پارێزگا دروست بوو و بووە هۆی ژێرئاوكەوتنی كێڵگەكانی گەنم لە 14 كەرتی كشتوكاڵی بەلایەنی كەم.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە ناتوانرێت هەموو كەرتە كشتوكاڵییە زیانلێكەوتووەكان دیاری بكرێن، بەڵام زیانەكە گەورەیە و پێویستە ئەوان قەرەبوو بكرێنەوە، بەتایبەتی لە پارێزگای دیالە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل