لە 70 ملیار دۆلار قەرزی سەر عێراق ساڵانە چوار ملیار دەدرێتەوە

:: AM:10:12:08/05/2024 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، ساڵانە بەلای كەمەوە عێراق چوار ملیار دۆلار قەرز دەداتەوە. دەشڵێت كە عێراق 70 ملیار دۆلار قەرزارە.

موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، "قەرزی دەرەكیی عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە، قەرزی ناوخۆیش كە لەلایەن داودەزگاكانی حكوومەتی عێراقی زۆربەی لە بانكی ناوەندیی عێراقی وەرگیراوە، نزیكەی 55 ملیار دۆلارە."

كازمی ئاماژەی بەوەش داوە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا عێراق ساڵانە بەلای كەمەوە چوار ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی داوەتەوە، ساڵانە بەشێكی بودجەی عێراق بۆ دانەوەی قەرزەكانی تەرخان دەكرێت.

 عێراق بڕی 94 تریلیۆن دینار كە دەكاتە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار قەرزارە، 70 تریلیۆن و 505 ملیار دیناری قەرزی ناوخۆییە. 

لە بودجەی ساڵی 2023دا قەبارەی قەرزەكانی عێراق بۆ 94 تریلیۆن و 937 ملیار دینار كەم بووەتەوە، لە كاتێكدا قەبارەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2018دا 108 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2019دا 103 ملیار و 600 ملیۆن دینار بووە. 




وشە - سۆران عەزیز