وەزیرێکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل: حەماس بایدنی خۆش دەوێت

:: AM:11:03:09/05/2024 ‌
ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی بۆمب بە سوپای ئیسرائیل لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، ڕای گەیاند، حەماس جۆ بایدنی خۆش دەوێت، ئەمەش کێشەی خستە نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل. 

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئایار پێگەی ''تایمزی ئیسرائیل'' بڵاوی کردەوە، ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، جۆ بایدن بەوە تۆمەتبار دەکات لایەنگیری حەماس دەکات لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل، بن گڤیر پێی وایە حەماس بایدنی خۆشدەوێت. 

لێدوانی وەزیرەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، جۆ بایدن بۆ یەکەمین جار ددانی بەوەدا نا بۆمبەکانی ئەمەریکا لە لایەن ئیسرائیلەوە بەکارهێنراون بۆ بەئامانجکردنی سڤیلەکانی غەزە، بەم هۆیەشەوە ئەمەریکا چیتر بۆمب نادات بە ئیسرائیل تا ڕێگری لە هێرشی سوپاکەیان بۆ سەر شاری ڕەفەح بکات.

لێدوانی وەزیرەکەی کابینەی جەنگ ئیسرائیلییەکانی خستۆتە مەترسییەوە
لە کاردانەوەی لێدوانەکەی بن گڤیر، یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی بنیامی نەتەنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگ کرد و تێیدا ڕای گەیاند، بە زوترین کات بن گڤیر پۆستی وەزیری لێ بسەندرێتەوە، چونکە ئەو لێدوانەی وەزیرەکەی ئیسرائیل ئاسایشی هەموو خەڵکی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها سوپای ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسییەوە. 

بەهۆی مەترسی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شاری ڕەفەح کە شوێنی حەوانەوەی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک لە فەلەستینییەکانی کەرتی غەزەیە، جۆ بایدن گەیاندنی سێ هەزار و 500 جۆر لە بۆمبی ئەمەریکی ڕاگرتووە و ناهێڵێت بگاتە دەستی ئیسرائیل، ئەم هەنگاوەی بایدن کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە. 


وشە - ئارا هێمن