لەسەر ڕووداوە مەترسیدارەكەی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:03:28/01/2019 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆ لەسەر ڕووداوەكەی هاتوچۆی ئەمڕۆ بەیانیی هەولێر، ڕوونكردنەوە دەدات كە ئۆتۆمبێلێك بووەتە دوو پارچە و بەتەواوی وێران بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی كانوونی دووەم، فازڵ حاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆ لە بەرەبەیانی زوو ڕووی داوە و ئۆتۆمبێلێك كۆنتڕۆڵی لە دەست داوە و خۆی بە ستوونێكی كارەبا كێشاوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر گوتی، نە ئێمە و نە پۆلیس ئاگەداری ڕووداوەكە نەبووینە، بەڵام زانراوە ئۆتۆمبێلەكە یەك كەسی تێدابووە و براوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن بەمەبەستی چارەسەركردن و بەسەختی بریندار بووە.

بەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان تیدا دووچاری ڕووداوی هاتوچۆ بوو، بە هۆیەوە ئۆتۆمبێلەكە بووەتە دوو پارچە ئەوەیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە.

پێشتر بەرپرسانی هاتوچۆی هەولێر ڕێنوێنییان بڵاو كردەوە كە پێویستە شوفێران  لەكانی باران و بەفر ڕێژەی خێراییەكەیان لە خێرایی دیاریكراو بۆ نیو هێندە كەم بكەنەوە تا دووچاری ڕووداوی هاتوچۆ نەبن.



وشە - رامیار جەواد