روونكردنەوەیەك لە نووسینگەی دكتۆر نەجمەدین كەریمەوە بۆ رای گشتی

:: PM:08:54:16/02/2019 ‌

لەكاتێكدا وڵاتەكەمان و ناوچە دابراوەكان و كەركووك بەتایبەتی، بە كەشێكی دژوار و سەختدا تێدەپەڕێت، لە هەمانكاتدا بەشێك بەناو یەكێتی ئەم كارەساتەتان بەسەر نەتەوەكەمان و شارەكەمان هێنا لەبری لێكۆڵینەوە و داوای لێبوردن لە كەسوكاری شەهیدان و ئەندامانی یەكێتی و شاری كەركووك بكەن، كەچی هێشتە بەكارە نامۆكانیان كە دوورە لە رەوشتی سیاسی و رەوشتی بەرزی هەڤاڵ مام جلال، بەردەوامن لە پیلانەكانیان، بۆیە بە گرنگی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی و شاری كەركووكی خۆڕاگر رابگەیەنین:

1- بە پێی پێڕەوی ناوخۆی یەكێتی نشتیمانیی كوردستان لە مادەی 32 كار و دەسەڵاتەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی دیاری كردووە كە پێك هاتووە لە (8) بڕگە، بەهیج جۆرێك دەسەڵاتی لادان و دانان و دەركردنی ئەندامانی سەركردایەتیان نییە.

2- لە مادەی (35)ی پێڕەوی ناخۆ بە روونی دیاری كراوە كە بە كۆی 2/3ی دەنگی ئەندامەكانی دەسەڵاتی هەڵسپاردن یان سڕكردنیان هەیە، واتە بەهیج جۆرێك توانای لادان و دەركردن و زیادكردنیان نییە.

3-لە مادەی (11)ی پێڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی داوەتە مەڵبەندەكان كە توانای دەركردنی ئەندامەكانی هەبێت، ئەوەیش بەوجۆرەی دیاری كراوە، ( سەرنج راكێشان، هەڵسپاردن، پلە داگرتن، دەركردن)، واتە لێرەیش بەپێی پێڕە و ئەندامەكانی حزب لە سنووری جالاكی مەلبەندەكان دەگرێتەوە نەك سەركردایەتی.
4- مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە دوای كۆنگرەی سێ، پێشێلی پێڕەوی ناوخۆیان كردووە بە زیادكردنی كە بەپێی پێڕەو لە مادەی (36)، دەبێت ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە (9-11) كەس بێت، بەڵام زیاد كرا بە (16) كەس، ئەوانەیش هەریەكە لە (سەعدی پیرە و ئازاد جوندیانی و شوڕش ئیسماعیل و رزگار عەلی و ئاسۆ مامەند) بوون كە لە كۆنگرە دەنگیان بەدەست نەهێنا و دواتر كران بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

5- ئێمە لە (15/7/2018)، بە شێوەیەكی فەرمی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان داوەتە دەست كاك كۆسرەت رسوڵ عەلی، كە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییە و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیشمان روون كردووەتەوە كە كات وساتی خۆی هات شتی زۆرتر هەیە دەیخەینە روو.

لێرەدا رایدەگەیەنین ئەم رفتارانە هیج لە ئێمە ناگۆڕێت، بەڵكو زیاتر و زیاتر بەردەوامان ئەكات لە كارەكانمان بۆ بەرژەوندی شاری كەركووك و سەرجەم ناوچە دابڕاوەكان، هاوپێج وێنەیەك لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەمان.

نووسینگەی تایبەتی دكتۆر نەجمەدین كەریم
١٦/٢/٢٠١٩






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل