ترەمپ هەڕەشەی داخستنی كۆنگرێس دەكات

:: AM:10:16:16/04/2020 ‌
بەهۆی كۆنەبوونەوەیان و هەڵنەپەساردنی دانیشتنەكانیان، سەرۆكی ئەمەریكا بە پشتبەستن بەمادەی دووی دەستوور، هەڕەشەی هەڵپەساردنی كارەكانی كۆنگرێس دەكات و دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، دەخوازم ئەو كارە نەكەم، بەڵام ئەگەر ببنە بەربەست لە بەردەم دەنگدان لەسەر دامەزراندنی ئەو كەسانە، ئەوا دەیكەم.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی هەڵپەساردن و راگرتنی كارەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكی كرد، ئەگەر كۆنگرێس دەنگ بەو كەسانە نەدات كە كۆشكی سپی بە مەبەستی دامەزراندنیان ناوەكانی رەوانەی كۆنگرێس كردووە.

ترەمپ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا لە كۆشكی سپی، ئاماژە بە دەستووری ئەمەریكا كرد كە دەسەڵاتی ئەوەی پێ داوە كاری دەسەڵاتی تەشریعی هەڵپەسێرێت و راستەوخۆ بڕیاری دامەزراندنی ئەو كەسانە بدات كە دەیەوێ لە ئیدارەكەیدا دەستبەكار بن.

ئەو هەڕەشەیەی ترەمپ و هەوڵی دامەزراندنی راستەوخۆی كەسانێك لە حكوومەتەكەی، پێشینەیەكی نوێیە و پێشتر هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا ئەو كارەی نەكردووە.

ترەمپ گوتی "پێڕەو لە مافە دەستوورییەكانم دەكەم و كاری كۆنگرێس هەڵدەپەسێرم، بەڵام باشتر وایە دۆخەكە نەگاتە ئەوەی ئەو كارە ئەنجام بدەم، رەنگە ئەو پرسە رووبەڕووی دادگا بكەمەوە، بزانین كێمان براوەین".

بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک بەرپرس ترەمپ هەڕەشەی هەڵپەساردنی کۆنگرێس دەکات


لە ئەمەریكادا سەرۆك ئەگەر بیەوێت هەر كەسێك لە پۆستە گرنگ و بنەڕەتییەكان دامەزرێنێت وەك (وەزیر، باڵوێزەكان، ئەندامانی دادگای باڵا و دادگای فیدڕاڵی) پێویستە ئەنجوومەنی پیرانیش دەنگی لەسەر بدەن.

ئەگەرچی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران زۆرینەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی هەموو دانیشتەكانی تا چواری ئایاری داهاتوو دواخستووە، ئەوانەیشی ئامادەی دانیشتنەكە دەبن ناتوانن بڕیارەكە بدەن، چونكە وەها بڕیارێك پێویستی بە كۆدەنگی هەیە نەك زۆرینە، لەمەشدا دەبێت دیموكراتەكانیش دەنگ بدەن.

 مایكل بیشلوس مێژوونووس و تایبەتمەند بە مێژووی سەرۆكەكانی ئەمەریكا دەڵێ، هەڕەشەكە ترەمپ بە داخستن و هەڵپەساردنی كۆنگرێس، پێشتر هیچ سەرۆكێك ئەو دەسەڵاتەی بەكار نەهێناوە.

بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پێش رەخنەگرانی كەوت، ئاماژەی بەوە دا كە پێش ئەو هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا ئەوەی نەكردووە، بەڵام "من دەیكەم، چونكە پێویستیمان بەو كەسانە هەیە، بەتایبەت لەو كاتەدا كە پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەتەوە".

بەپێی بەندی سێیەمی مادەی دووەمی دەستووری ئەمەریكا، سەرۆك دەسەڵاتی هەڵپەساردنی كاری ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی هەیە ئەگەر رێك نەكەوتن لەسەر كاتێك بۆ هەڵپەساردنی خولی دانیشتنەكانیان.


وشە - فه‌رمان سادق