لە كەركووك پێشێلكاری دژ بە رۆژنامەنووسە كوردەكان دەكرێت

:: PM:02:07:16/04/2020 ‌
لە كەركووك پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیە، ئەگەرچی ئەوان مۆڵەتی هاتوچۆیان هەیە بۆ ئەنجامدانی كارە میدیاییەكانیان. سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە لایەنە پێوەندارەكانی عێراقی دەكات بێدەنگ نەبن و رۆژنامەنووسان نەخزێننە ناو ململانێ سیاسییەكان.

لیژنەی بەرگری لە ئازادییەكانی میدیا و مافەی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی نیسان بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، لە كەركووك پێشێلكاری دژ بە رۆژنامەنووسە كوردەكان دەكرێت.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە بڕیارەكانی شانەی ئۆپراسیۆنی تەنگژەی كەركووك كراوە كە قەدەغەی هاتوچۆ رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەك سكاڵا لەلایەن رۆژنامەنووسە كوردەكانی ئەو شارە لەسەر هێزە تەناهییەكان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تۆمار كراون، بەوەی سووكایەتییان پێ كراوە و رێگرییان لێ كراوە.

داوا لە حكوومەتی عێراق و سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق و لایەنە پێوەندارەكان دەكەین، رووبەڕووی پێشێلكارەكان بوەستنەوە و رۆژنامەنووسانیش نەخزێننە ناو ململانێ سیاسییەكانی شاری كەركووك بدرێت


لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە رێگری لە تیمێكی كەناڵی رووداو كراوە لە رۆژی سێشەمی رابردوو كە پێكهاتوون لە هەڵكەوت عەزیز، هەردی محەمەد و هونەر ئەحمەد، لە سێ بازگە راگیراون و سەرجەم كەلوپەل و پێویستییەكانی راگەیاندن و مۆبایلەكانیان دەستیان بەسەردا گیراوە. هاوكات لە 31ـی ئاداری رابردووش، بەهەمانشێوەی تیمەكەی كەناڵی رووداو، سووكایەتی بە رۆژنامەنووس محەمەد سەردار پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كەركووك كراوە، لەوكاتەی لە كەناڵەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

لیژنەی بەرگری لە ئازادییەكانی میدیا و مافی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەوەش دەخاتەڕوو كە رۆژانە رۆژنامەنووسان دووچاری گێچەڵ دەبنەوە و مافەكانیان پێشێل دەكرێت. گوتی "رەوشی رۆژنامەنووسان بەگشتی، رۆژنامەنووسە كوردەكان بەتایبەت رۆژانە دووچاری گێچەڵ و پێشێلكاری دەبنەوە".

لیژنەی بەرگری لە ئازادییەكانی میدیا و مافەی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سەركۆنەی ئەو پێشێلكارییانە و كارە نابەرپرسیارانە دەكات كە بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت، ئەمەیش پێشێلكاری زەقی یاساكانی رۆژنامەگەرییە لە عێراق و هەرێمی كوردستان. گوتی "داوا لە حكوومەتی عێراق و سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق و لایەنە پێوەندارەكان دەكەین، رووبەڕووی پێشێلكارەكان بوەستنەوە بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان، لەمەشدا بێدەنگ نەبن و رۆژنامەنووسانیش نەخزێننە ناو ململانێ سیاسییەكانی شاری كەركووك".


وشە - فه‌رمان سادق