له سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ بڵێم كه به‌درێژایی مێژووی خه‌باتی گه‌لان، هه‌رگیز داگیركه‌ر له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕ فه‌رمووی نه‌كردووه بۆ وه‌رگرتنی ماف و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو ماف ده‌بێت بسه‌نرێت و نادرێت، ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌رگیز ده‌ستی هیچ گه‌لێك ناگرن و مافی بۆ وه‌ربگرن، به‌ڵكو ئه‌وان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیع ده‌كه‌ن.
گه‌لی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن مێژوو و شوناس و جیۆگرافیای تایبه‌ت به‌خۆی كه زیاتر له 100 ساڵه ژێرده‌سته‌یه، بۆ دابه‌شكردن و ژێرده‌سته‌بوونه‌كه‌ی هیچ پرسی پێ نه‌كراوه، ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته تێیدا ده‌ژی، به ئیراده‌ی خۆی هه‌ڵینه‌بژاردووه، دۆخێكی نێوده‌وڵه‌تی له چركه‌ساتێكی مێژوودا به‌سه‌ریدا هێناوه، بێگومان له ناوخۆی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا زه‌وینه‌ی ئه‌و به ژێرده‌سته‌بوونه هه‌بووه و داگیركه‌ر سوودی لێ بینیوه. ئه‌وه‌ش یه‌كلا بووه‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی هه‌بێ، ده‌بێ ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ر بێت ده‌بێت ئازاد بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته مێژووه‌وه و نه‌توێته‌وه، ده‌بێت خاوه‌ن ئیراده و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بێت.
هیچ مرۆڤێكی ئازادیخواز له‌سه‌ر زه‌وی نادۆزیته‌وه داوا و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌رچوون له دیلی و كۆت و به‌ند به شه‌رم بزانێت، یان وه‌ك مه‌ترسی ته‌ماشای بكات كه سڵی لێ بكرێته‌وه. ئاخر مرۆڤی كۆیله و ژێرده‌سته چیی هه‌یه له ده‌ستی بدات جگه له كه‌له‌بچه‌كانی ده‌ستی و ڕێسوایی هه‌میشه‌یی.
سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆسه مێژووییه كه گوزارشتكردن بوو له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆیانه‌وه، ئامانجی یه‌كه‌می ڕیفراندۆم بوو كه به‌دی هات و دنیای یار و نه‌یار به ژماره و داتا پێی گوترا ئه‌م گه‌له چی ده‌وێت، ئه‌و قه‌وانه كۆنه‌یشی پووچه‌ڵ كرده‌وه كه ده‌ڵێ خه‌ڵكی باشووری كوردستان "ویلایه‌تی مووسڵ"، 100 ساڵ پێش ئێسته به‌ویستی خۆیان له ڕاپرسیدا هاتوونه‌ته سه‌ر عێراق، به‌ڵكو به دنیای گوت كاتێك ئیراده ئازاد بێت، ئه‌وه ویستمانه سه‌ربه كه‌س نه‌بین خۆمان نه‌بێ.
ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ئامانجه گرنگه‌یشی پێكا كه ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر پرسیان پێ بكرێت، نه‌ك هه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵكو سایه‌ی سه‌رخۆبوون هه‌ڵده‌بژێرن و نایانه‌وێ به‌شێك بن له عێراق. ڕیفراندۆم ئه‌و په‌یامه‌یشی گه‌یاند كه هه‌ركات هێزه كاریگه‌ره‌كان هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بن، ده‌توانن كاری گه‌وره بكه‌ن و خه‌ونی گه‌وره بكه‌نه راستی. سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان هه‌میشه ئه‌وه‌ی دووپات ده‌كرده‌وه دوای ڕیفراندۆم، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق ستراتیجه و ڕێی گه‌یشتنه به چاره‌سه‌ری گشت گرفته‌كان، نه‌ك ڕیفراندۆم داخستنی ده‌رگا بێت.
زۆر له‌وانه‌ی بۆ ڕازیكردنی دوژمنان و نه‌یارانی كورد و دڵخۆشكردنیان، به‌شێوه‌یه‌ك باسی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن كه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئامانج، به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه به‌وه دێننه‌وه كه نه‌گه‌یشتووین به ده‌وڵه‌ت! بێگومان ئه‌مه یان له نه‌زانینه‌وه‌یه یانیش چه‌واشه‌كاری، چونكه هیچ خاوه‌ن ژیرییه‌ك ئه‌وه قبووڵ ناكات بڵێ ڕیفراندۆم دوا قۆناغی بوونی ده‌وڵه‌ته و ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ده‌موده‌ست ده‌وڵه‌تی لێ نه‌كه‌وته‌وه، ئیتر شكسته!.
ڕوونه كه له سایه‌ی دیموكراسی و مافی مرۆڤدا، ڕیفراندۆم كه‌ره‌سه‌ته‌یه‌كی ساده و هه‌ره ئاشتییانه‌ی گوزارشتكردنه له ڕای هاووڵاتییان، قۆناغی نمایشكردنی "ئیراده و ویست"ی هاووڵاتییانه له‌باره‌ی بابه‌تێك كه ئه‌مه قۆناغی كۆتایی نییه له پرۆسه‌كه، بگره قۆناغی سه‌ره‌تا و یه‌كه‌می هه‌ر پرۆسه‌یه‌كه، به‌واتایه‌كی تر ئامانجی كۆتایی ڕیفراندۆم، ده‌وڵه‌ته نه‌ك تاكه ئامانجی بێت، ئه‌مه‌یش پێویستی به ڕاگه‌یاندن و ڕوونكردنه‌وه نییه، چونكه ده‌ره‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراو و خۆبه‌خۆی بابه‌ته‌كه‌یه.
ڕیفراندۆمی كوردستان هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ پیاده‌كردنی مافێكی ساده و ره‌وای گه‌لی كوردستان، بۆ پێشاندانی ئیراده‌ی خۆی به دنیا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه له ژێرده‌سته‌یی ڕزگاری بێت. چركه‌ساتی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیش گرنگ و چاره‌نووسساز بوو به ئاستێك كه له ماوه‌ی زیاتر له 100 ساڵی ڕابردوودا، نه‌بووه گشت خاكی كوردستان به‌و شێوه‌یه له‌لایه‌ن كورد خۆیه‌وه ئیداره بكرێت، خه‌ڵكه‌كه‌ی بتوانن بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.
ئه‌زموونی دواتریش سه‌لماندی كه ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا ریفراندۆم نه‌كرایه، ئه‌وا بۆ هه‌میشه و هه‌رگیز نه‌ده‌توانرا بكرێت و ئه‌و ئیراده‌یه نمایش بكرێت. له‌ڕووی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه ڕیفراندۆم نه‌ك تاوان و نه‌نگی نییه، به‌ڵكو پیاده‌كردنی مافێكی سه‌لمێنراوه، ڕێیه‌كی خوازراوی ئاشتییانه‌یه بۆ گه‌یشتن به خواستێكی ڕه‌وا. ئه‌نجامه‌كه‌یشی له‌ڕووی یاسایی و نه‌ریتی دیموكراسییه‌وه، بۆ هه‌میشه چه‌سپاوه و ته‌نیا ڕیفراندۆمێكی تر ده‌توانێ جێی بگرێته‌وه و هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه. بۆیه ڕیفراندۆمی 25ی 9ی 2017 په‌یامێكی روون و ڕاشكاوبوو به‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی، ئه‌نجامه‌كه‌ی به شكۆمه‌ندییه‌وه دێته‌دی.