پەكەكە.. نۆكەری ناحەزان و دوژمنانی كورد و كوردستان

بە خوێندنەوەیەكی وردبینانە لەسەر كردەوە و خەسڵەتەكانی پەكەكە، بۆمان دەردەكەوێت هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، نەك هەر لە رێڕەوی نەتەوەیی و كوردایەتی لای داوە، بەڵكو هۆكاری دەیان شكستە لە باكوری كوردستان و زیانی گەورەشی بە دۆزی كورد بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكان و تاڵانكاری و وێرانكاری و شەهیدكردنی پێشمەرگە و سووتاندنی سەروماڵی خەڵكی كوردستان، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی كە دنیا وەك تیرۆریست پێناسەی بكات.

كردەوە تیرۆریستییەكەی كە بەرانبەر بە بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئینجا كارە تێكدەرەكانی و بەرانبەر بەخەڵكی كاسبكار و سڤیلی كوردستان، تیرۆری دیپلۆماتكار و دانانەوەی بۆمبی لكێنراو بە ئۆتۆمبێلی دەزگە تەناهییەكان، دواتر چاوساغی بۆ داگیركەرانی كوردستان لە سنوورێكی جیۆگرافیایی هەرێمی كوردستان، تا شنگال و زاخۆ و ئامێدی و مەخموور و شوێنە ستراتیجییەكانی تر، لەگەڵ بازرگانیكردن بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر، ئاماژەیەكی روون و مەترسیدارن كە پەكەكە لە بەرژەوەندیی ناحەزان و دوژمنانی گەلی كورد كار دەكات و جووڵەی پێ دەكرێ.

پەكەكە لە هەنگاوە شەڕانگێزییەكانی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوو دژ بە خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی گشتی هەموو بەرژەوەندییە باڵا و ستراتیجییەكانی گەلی كوردیان لە رووی ئاسایش و كۆمەڵایەتی و ئابووری كردووەتە ئامانجی دوژمنكارانەیان، چونكە ئەو كارانەی ئەو گرووپە بەشێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندی ناحەزان و دوژمنانی كوردستانە و هەرگیز ناچێتە چوارچێوەی ئەو دروشمە بریقەدارانەی كە لە رابردوو خەڵكیان پێ فڕیو دەدا، گوایە دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆیان دەوێت، بەڵكو ئێستە ڕێك پێچەوانەكەی راستە كە لە پێناو خزمەتكردن بەداگیركەرانی كوردستان كار دەكەن، لە كاتێكدا تەنیا بستێكیان لە خاكی باكوری كوردستان رزگار نەكردووە .

پەكەكە لە سەرەتادا هەست و سۆزی گەلی كورد بە دروشمی چەواشەكارانە و بریقەدار بۆ لای خۆی ڕاكێشا، دواتر كاریان لەسەر هەڵخەڵەتاندن و ڕفاندنی كوڕ و كچان كردووە و لەوەش كارەساتبارتر ئەوەیە، پەكەكە تا ئێستا هیچ سەركەوتنێك جگە لە شكست، بەدەستی نەهێناوە، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ئەوەیە كە تەنیا بەستێك خاكی باكوری كوردستانیان رزگار نەكردووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە وێرانیان كردووە، بگرە بەردەوام كاریان ئاژاوە و زیانگەیاندن بە هەموو حزب و لایەنە كوردپەوەر و نیشتمانپەوەرەكان لەسەر ئاستی هەموو كوردستاندا بووە .

پەكەكە لە سەرەتاوە بڕوای بە بۆچوونی جیاوازی بەرانبەرەكەی نەبووە، هەر ئەوەش وایكردووە تیرۆركردنی دەیان كەسایەتیی سیاسی و خەڵكی سڤیلی و بێ گوناهی لێ بكەوێتەوە، بە دەیان منداڵیان لە بەرژەوەندی خۆیان و بۆ كاری مافیایی وەك سووتەمەنی بەكار هێناوە، ئەوەی وڵاتانی داگیركەر و دوژمنانی كوردستان نەیانتوانیوە بەرانبەر بە گەلی كورد بیكەن، ئەوا پەكەكە بۆی كردوون و دژایەتیی دۆزی نەتەوەی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستان كردووە، هەموو ئەو كردەوانەش پێمان دەڵێن كە پەكەكە بە ڕۆژی ڕووناك كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدات. ئەو تاقمە بوونەتە ئامرازێك بۆ بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و نایاسایی و بەردەوامبوونیان لەو كارە تێكدەرانە، رووداوی نەخوازراو و مەترسیدار بەدوای خۆی جێدەهڵێت .

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن چەكدارانی پەكەكە هۆكاری پشێوی و خراپیی بارودۆخێكی ناسەقامیگری نەخوازراون لە باشووری كوردستان، مەبەست و مەرامی ڕاستەقینەی پەكەكەش دژی ئەو قەوارە ئازاد و خاوەن یاسا و ڕێسا سەقامگیرەیە كە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمان و حكوومەتی كوردستانەوە بەدی هاتووە، بەمەش بووەتە دوژمنێكی سەرسەختی كورد بەگشتی و باشووری كوردستان بەتایبەتی.