سەدەیەكە بەرانبەر بارزانی هیچیان بۆ نەچووەتە سەر

مێژووی كەسایەتی و ئەرك و بەرپرسیاریەتی و كوردپەوەریی بارزانی لە خەبات و شۆڕش لە دوێنی و ئەمڕۆدا، بەرانبەر بە دۆزی ڕەوای گەل و نیشتمانەكەی، هەمیشە بەوپەڕی وردبینی و خوێندنەوەی ژیرانەوە و دڵسۆزانە بەدرێژایی تەمەنی، هەردەم بەرگریكردن و تۆماركردنی شانازی بووە بۆ كورد و كوردستان، كە هیچ كات لەو مێژوو و سەروەرییانە پاشگەز نەبووەتەوە، ئیتر ئەو بەرپرسیاریەتییانە چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و كوردستانی بووبێت، یانیش لەسەر ئاستی عێراقی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی كە هەمیشە هەوڵی داوە بەرگری لە دۆز و شوناس و دەستكەوتەكانی گەل و نیشتمانەكەی بكات.

ئەگەر هەڵوەستە لەسەر بارودۆخی ئاڵۆز و پڕ كێشمەكێشی عێراق و ناوچەكە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و بە ئێستەشەوە بكەین، ئەوا رۆڵ و سەنگ و پێگەی بارزانی لە مێژوو و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە سەختترین قۆناغەكانی خەباتدا، دیار و بەرچاو بووە . هیچ كاتێك بڕیارێكی نەداوە تا دواتر لێی پاشگەز بێتەوە و شانی بەتاڵ بكات لە بەرپرسیاریەتی و ئەركە قورسەكانی بەرانبەر گەل و خاكەكەی، بەتایبەت لە دۆخی ئێستە كە ناوچەكە بەگشتی  گیرۆدەی كۆمەڵێك پرسی ئاڵۆزی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی بووەتەوە، عێراقیش بەدەر نییە لەو قەیران و كێشە بێ‌ كۆتاییانە، بەتایبەت لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە بووەتە گرێكوێرەی حزب و لایەكان لە بەغدا، تا ئێستە نەیانتوانیوە بەبێ‌ هەولێر و رۆڵی سەرۆك بارزانی وەك رابەرێكی مێژوویی و خاوەن ئەزموون، بچووكترین هەنگاو و چارەسەری نەخۆشییەكەیان بدۆزنەوە.

هەروەها ئەگەر ئاماژە بەو كێشە و سیناریۆ و قەیرانە دروستكراوانە بكەین كە ڕووبەرووی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت و حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان كراونەتەوە، لەلایەك بەكارهێنانی پەكەكە و میلیشاكانی تر، هاوكات دروستكردنی كۆسپ لە بەردەم پێشكەوتنی بارودۆخی ئابووری و گەشەسەندنی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە بەكارهێنانی هەندێك حزب و لایەن بۆ پەلاماردانی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە پێناو دروستكردنی كەشوهەوایەكی ناسەقامگیر و نەتەبا، هاوكات بەكارهێنانی كارتی جۆراجۆری گوشار لە دەرەوەی هەرێم و ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، ئینجا پشوودرێژیی بارزانی و چۆنێتی مامەڵەكردنی و تێكشكاندنی كۆسپ و بەربەستەكان بەشێوەیەكی وردبینانە، ئاماژەن بە بەهێزی و كاریزمایی بەڕێزیان لە رووداو و پێشهات و رووداوەكان و چۆنێتی پارێزگاریكردن لە دۆزی كورد و قەوارەكەی و دەستكەوتەكان بەشێوەیەكی گشتی.

بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ سوننە و ڕەوتی سەدر بكەین، ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە سەرۆك بارزانی بە خوێندنەوەی وردبینانەی بۆ هێز و لایەنەكان لە ماوەی چوار خولی حوكمڕانی، دژایەتیكردنیان بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداگری لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی، هەنگاونان بۆ قۆناغێكی تر كە ئەویش سیستمی كۆنفیدراڵییە، بەتایبەت جێگیركردنی یاسای نەوت و غاز و بەسەربەخۆكردنی و پێداگری لەسەر خاڵ بەخاڵی مافە دەستوورییەكان.

مێژوو گەواهیدەرە كە پارتی هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان، قوربانی و باجی گەورەی بەخشیوە، بەڵام بە نیسبەت بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی و مافە دەستوورییەكانی و پارێزگاریكردن لە سەنگ و پێگەكەی، هەمیشە ڕووبەڕووی مەترسیدارترین هێرش و پەلاماردانە دەرەكی و ناوخۆییەكان بووەتەوە. سەرۆك بارزانی لە مێژووی دوێنی و ئەمڕۆ و سبەیشدا، بەرگریی لە ناوی پێشمەرگە و بست بە بستی خاكی كوردستان لە هەموو هەڕەشە و پیلانگێرییەك كردووە، ئینجا ئاڵاهەڵگری ریفراندۆمی سەربەخۆییە، بەرگریكردن لە شكۆ و كەرامەتی گەلی كورد بەرانبەر بە وڵاتانی داگیركەر، بارزانی وەك هەمیشە بەرانبەر هەموو داگیركەران و دوژمنانی، وەستاوەتەوە. بارزانی لە سەركەوتنەوە بۆ سەركەوتن و تۆماركردنی شانازی لە ناو هەگبەی كوردبوون و كوردپەوەریدا ، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.