سێ‌ ساڵ تێكۆشان، خۆڕاگری، بەرپرسیارێتی كابینەی نۆیەم

لە ماوەی سێ‌ ساڵ حكومرانی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی  كۆمەڵێك كێشە و كۆسپی گەورە بووەوە، بەڵام چارەسەری بۆ گرفت و نەخۆشییەكانیش دۆزییەوە و بە شێوەیەكی زۆر وردبینانە ئیدارەی بارودۆخەكەی دا بۆ  چارەسەر و کردی.

 36 مانگی رابردوو جیهان و عێراقیش لەگەڵی، تووشی قەیرانی زۆری تەندروستی و ئابووری و تەناهی زۆر بوونەوە كە هەرێمی كوردستان بەدەر نەبوو لەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو ڕووداو و پێشهاتانەوە، بەتایبەت بەدەوامیی گوشارەكانی بەغدا و تاران و گرووپە میلیشیاییە تیرۆرستییەکان و نەناردنی بەشە مووچەی كوردستان و ئینجا دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی، وەك گەردەلوولێكی بەهێز  بەرەنگاری گەل و قەوارەی كوردستان بوونەوە.

لەگەڵ ئەوەی كوردستان كەوتە ناو چەندان قەیران و كێشەی گەورەوە، خۆیشی لەژێر قەرزێكی زۆردابوو بە هۆی خەرجییەكانی 
 پێشووتر و مووچە و ئاوارە و پەنابەران و جەنگی جیهانی تیرۆر كە كاریگەریی زۆریان لەسەر حكوومەتی نوێی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی  بەجێهێشت و دەبووایە چارەسەری بۆ ئەو كێشە و گرفتانە بكات.

بەڵام نابێت ئەو راستییە فەرامۆش بكەین كە كە ئێمە گەلێكین بە خۆڕاگری و دڵسۆزی ناسراوین و كۆڵدان و خۆبەدەستەوەدام بە دوژمن و کێشە و گرفتەكان، لە خوێن و بوونماندا جێی نابێتەوە.

ئێمە خاك و نیتشمانی خۆمان خۆش دەوێت و خاوەن سەرۆك و سەركردەی بەتوانا و بڵیمەتین كە لە سەختی رۆژگار و ناخۆشیەكاندا و قوتابخانە و رێبازی بارزانی پەروەردە و فێری خۆراگری و بەرخۆدان بوونە، پێویستە ئەو راستییە بزانین كە بەڵێ گرفت هەیە و دەبێت بەدوای چارەسەری گرفتەكاندا بگەڕێین، بۆ ئەوەیش هەموو دەوڵەتێك پێویستی بە دوو بابەتی گرنگە، سەركردەی كارێزمی كە لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی ڕا ناكات و رووبەڕووی گرفتەكان، لەگەڵ تیمێكی حكوومی كە رووبەڕووی كێشەكان ببنەوە و چارەسەری بكەن.

بینمان كاتێك مەسروور بارزانی ئەرك و بەرپرسیاریەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستانی وەرگرت ، سەڕەرای هەموو ئەو كێشە كەلەكەبووانەی كابینەكانی رابردوو، هاتنە پێشی، چەندان قەیران و كێشەی تر، بەڵام لەلایەك دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی ستراتیجی و هەر لە هەڵەبجە تا زاخۆ و لەلایەكی تریشەوە كێشەی پاشكەوتی مووچەی نەهێشت، لەگەڵ ئەوەشدا بە دانانی بەرنامە و پلانی ورد لە رووی ئیدارەدانی قەیران و حكوومرانی، توانیی سەركەوتووانە بەرەنگاریان ببێتەوە و كوردستانی بەهێزتر لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری بەرەو پێشەوە ببات، لە هەمانكاتیشدا كار بۆ ئەو راستییە بكات كە ئەو قەرزانەی كە رێژەی پارەكەیان زۆرە، كار بۆ  دانەوەیان بكات ئەوەش هەمان ئەو پلانەیە کە سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بەردەوام كاری لەسەر كردووە و لە هەموویشی گرنگتر، ئەوەیە كوردستان هیچ قەرزێكی تری نەكردووە و ئەوەش نیشانەی سەركەوتنی گەورەی مەسروور بارزانیی وەك كەسایەتییەكی بەهێزی بواری دەوڵەتداریی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران.

مێژوو گەواهیدەرە كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە رووی دا  و دواتر گەیشتە عێراق و كاریگەری لەسەر كوردستان دانا، لەگەڵ خراپی باری دارایی و ئابووری و دابەزنی نرخی نەوت، بەڵام كابینەی نۆ، چۆن ڕووبەرووی ئاستەنگ و كێشەكان بووە و لە خەمی تەندروستی كوردستانیاندا لێهاتووانە كۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییەی لە رێگەی جۆراجۆر و هێنانی ڤاكسین و پلانی ترەوە، کرد، تەنانەت نموونەیەکی بێوێنەی پێشانی دنیا دا.

رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە توانرا لە بەرانبەر دنیا و هاوتەریبانە، رووبەڕووی گرفتەكانی كۆرۆنا ببێتەوە، ئەوەی سەركەوتنی كارەكانی پێشانی دنیای دەرەوە دا، ئامادەكارییەكانی وەزارەتی تەندروستی بوو بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گرفتەكان.

هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لەكاتی دەستبەركابوونی كابینەی نۆیەم، بە هەرزانترین نرخ لە مێژوودا یەكێكی تر لەو گرفتانە بوو كە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر حكوومەتی كوردستان دانا، بەڵام مەسروور بارزانی بەرێگەی گرتنەبەری پلانی ژیرانە و ورد، توانی نەك هەر چارەسەری بۆ كێشەی مووچە و بودجە بدۆزێتەوە، بەڵكو پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران و توێژەكانی تری نەهێشت و دەیان پرۆژەی ستراتیجی و بواری تری لەسەر خاكی كوردستان دەست پێكرد.

لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە نرخی نەوت نزمترین ئاستی تۆمار كرد، قەیرانێكی گەورە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەیش وەك بارگرانییەكی گەورە بوو بەسەر خەڵک و حکوومەتەوە، تواناكانی هەرێمی راگرت، لە بەرانبەر پێدانی مووچە و رێكخستی كارەكان و هەروەها دەستپێكردنی پڕۆژەكان، بارزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كارە، چەندان پڕۆژەی لەگەڵ ئەندامانی كابینەكەی شێر كردەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو گرفتە ببنەوە، هەر لە سەرەتاوە توانرا چارەسەری گرفتەكانی مووچە بكرێت و مووچە بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، پاشانیش چەندان پڕۆژە و كاری گەورە بە گوژمەی دارایی گەورە دەستیان پێ كردەوە. بە بەهای دەیان ملیار پڕۆژەی هەن كە لە كابینەی نۆیەمدا كەوتوونەتە گەڕ و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرهەمەكان دەچنرێتەوە.

هەروەها لەگەڵ  هەموو ئەو هەوڵانەدا، حكوومەتی كوردستان پلانەكانی چاكسازی و پاكسازی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و توانی لە ماوەیەكی كورتدا، دەیان هەزاران مووچەی نایاسایی و بواری تر كۆنترۆڵ بكات و داهاتێكی زۆر بۆ  سەر خەزێنەی حكوومەتی كوردستان بگێرێتەوە، هەموو ئەو هەنگاوانە وایانكرد متمانەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەو هەنگاوانە زیاتر ببێت و  وڵاتان و كۆمپانیاكانیان چاویان لەوەیە تا بە شێوەیەكی بەرچاو سەرمایەگوزاری لە كوردستان بكەن و بەمەبەستی ئەنجامدانی پێوەندی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری و سەرمایەگوزاری لە گشت كەرتەكاندا.

رۆژ بە رۆژ بەئیرادەیەكی پۆڵاینەوە و لە نزیكەوە و دڵسۆزانە لە پاڵ گەل و نیشتمانەكەیدا مایەوە

لەلایەكی ترەوە، لەماوەی رابردوو كوردستان رووبەڕووی چەندان كارەساتی سروشتی  و ئینجا پەلاماردانی تیرۆریستان و ئینجا هێرش و مووشەكبارانی و درۆنهایشتن بووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ  بەئیرادەیەكی پۆڵاینەوە  و لە نزیكەوە و دڵسۆزانە لە پاڵ گەل و نیشتمانەكەیدا مایەوە بۆ ئەوەی خزمەتیان بكات بۆ چارەسەری گرفتەكانیان.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی كوردستان  مەسروور بارزانی لە پاڵ ئەنجامدانی كارو خزمەتگوزارییەكان، بەڕاشكاوانە و دڵسۆزانە لەگەڵ  گشت چین و تۆێژەكان لە ماوەی رابردوو، لەگەڵ قوتابیان و لاوان و ئینجا رۆژنامەوان، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە كە ڕەنگە لە رابردوو زۆر لە میدیاكان و رۆژنامەنووسان ڕەنگە بە تێڕوانینی هەڵە بەرداشتیان بۆ كار و چالاكییەكان كوردستان كردبێت.
هەروەها كابینەی نۆیەم لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و بانگهێشت و سەردانی فەرمی بۆ كۆنفرانس و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، توانیویەتی پێوەندی بەهێز لە رووی بەرژوەندی هاوبەش بە پلان و نەخشەی ورد دروست بكات، لەپێناو زیاتر پێشخستنی كوردستانی بەهێز لەرووی ئاوەدانی و ئابووری و كەرتی وزە.

بۆیە هەموو ئەو هەنگاو و کارە ستراتیجییانەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو، توانی بە شێوەیەكی بەرچاو ئامانجەكانی كوردستانی بەهێز بەدی بێنێت و   كێشە و ئاستەنگەكان بەرەو  چارەسەر ببات.