خەونی یەكێتی بۆ خۆسەپاندن نایەتە دی

بە دیموكراتی كۆمەڵگە و هێنانە كایەی سیستمێكی هـاوسەنگ و پارێزگاریكردن لێی، بـە كارپێكردنی بەرپرسیارێتی ناو یەكە پێكهێنەرەكانی دێتە دی، نەك ئیرادەی نادیموكراسی و پێشێلكردن وخۆسەپاندن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. هەروەك نیشتمانپەروەری بە پەروەردە و بەكارهێنانی ئامرازەكان بۆ خزمەت و ملكەچی یاساوە گەشە دەكات، نەك تایفەگەری و رەگەزپەرستی كە هیچ بەهـایەكی نییە و بەرەو كوێرەوەریمان دەبات.

نیشتمانپەروەری و دیموكراسیخوازی بۆ دۆخی وەك كوردستان كە رووی لە گەشەیە، ئەوەیە بەها مرۆیی و نیشتمانییەكانت خۆش بووێت و پێویستی كرد قوربانیشی بۆ بدەی، بەڵام یەكێتی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا هەمیشە هەوڵی داوە لە جیاتی چەسپاندنی دیموكراسی و خزمەتی كوردستان، لۆجیكی هەڕەشە و زۆرداری و خۆبسەپێنی بەكار بێنێ، ئەوەش بابەتێكی قێزەون و رەتكراوەیە بەهۆی ئەوەی گەلی كوردستان  سەتان ساڵە خۆی لەژێر ستەم و داگیركاری و دەسەڵاتە سەپێنراوەكانی پێشوودا بە كولەمەرگی ژیاوە. بەڵام گەلێكی خۆڕاگر و خەباتكار بوو، خۆی گەیاندە جۆرێك لە ئازادی، كەچی هەمیشە دڵەڕاوكێی ئەوەی هەبووە حزبێك كە لە رابردوودا شۆڕشی بۆ ئازادی كردووە، ئێستەیش بە زمانی چەك قسە دەكات و لە هەر كوێش بۆی لوابێ، خیانەتی كردووە. 

درێژەدان بە مەیلی سیاسەتی خۆسەپاندن  و ناوچەگەڕێتی و دابەشكاریی بەهۆی نەفرەتی جیۆگرافیاوە، خەریكە رابردووی ئەو حزبە هەمووی دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە ئایا بە راستی ئەم حزبە خەباتی بۆ ئازادی و دەسەڵاتێكی مەدەنی كردووە؟ ئاخر چۆن گومان نەكەیت لە كاتێكدا خۆی شپرزەترین حزبە و بە وێنەگرتنی كۆمەڵێك ئامرفەوج هەموو رۆژێك دەڵێی لە بەرەكانی شەڕی ئۆكرایناوە دەردەكەون، كەچی هەڕەشەكەیان لەسەر كوردستانی خۆشەویستە كە هیچ كێشە و ململانێیەكی دەرەكی لە ئێستەدا نییە، كەچی حزبێكی ئازادیخواز خەریكە دەبێتە دوژمنی ناوخۆیی و دەیەوێ چاوپۆشی لە هەموو كارە تیرۆرستی و یاساشكێنییەكانی بكەیت. داخەكەیش ئەوەیە نازانن شەڕ بەو ئامرە گەنجانە ناكرێت و ئەوانە هەر قەدوقیافەی بەر كامێران.

ئەوەی زۆر مەترسیدارە ئەوەیە، تەنیا سوودمەندی ئەم دوژمنكارییە ناوخۆییە نەیارانی كوردستانن و ئەم گەنجیەلەش وا دەزانن سیاسەت كەشوفشە، بەڵام راستی وڵاتدۆستی و پەروەردەی جوانی سیاسیی ئەوەیە لەپێناو وڵاتەكەت و سەروەری یاسا سەر دانوێنی و خۆت بە خزمەتكار بزانی، ئاخر ناكرێت هەموو هاشوهوشەكانت هەر بەرانبەر براكانت بێت و چەكەكانیشت رووی لە جوانییەكانی وڵاتەكەت بێ. باشە خۆ دەبێت مرۆڤ لە خۆی بپرسێت ئاخۆ چی بەخشیوە بە وڵاتەكەی و دانیشتوانی سنوورەكەی كە جێی شانازیی بێ؟

كورد لە ئاستە گشتییەكەیدا هیچ كاتێك هێندەی ئەمڕۆ پێویستی بە تەبایی و یەكدەنگی نەبووە، چونكە هیچ سەردەمێك هێندەی ئێستە نزیك نەبووە لە ئامانجە ستراتیجییەكانی، لە ئاستی هەرێمیدا كە وڵاتانی دەوروبەر لەرزۆك بوونە و بەدەست كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، هەرێمی كوردستان قەت ئەوەندەی ئێستە پێویستی بە بەهێزكردنی پایەكانی حوكمڕانی و بە دامەزراوەكردنی داودەزگاكانی و كشانەوەی حزب لە كاروباری گشتیی حكوومەتدا نەبووە. بەڵام بۆچی لەم كاتە هەستیارانەدا هەمیشە یەكێتی گێچەڵێكی ئامادەكراوی پێیە و دەست بە وەشانی دەكات؟ ئەمە شایانی بیركردنەوەیە. چونكە ئێمە نە لەڕووی سەربازی و نە لەڕووی نەشونمای دیموكراتی و نە لەڕووی ئابوورییەوە هێزێكی هێندە گەورە نین سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ خۆمان رابكێشین، تەنیا دەتوانین بە نموونەیەكی جوانی بەڕێوەبەردن و پێكەوەژیان پەیامی ژیاندۆستی كورد بەگوێی دنیادا بدەین، پێشم وایە ئەوانیش هەر لەو رووەوە پارێزگاری لە كوردستان دەكەن.

كەواتە یەكێتی و لایەنەكانی تریش ئەگەر زەڕەیەك كوردستان بەلایانەوە گرنگە و پەیامێكی نیشتمانیی لە ئامانجە حزبییەكانیاندا هەیە، دەبێت خۆیان لە دروستكردنی قەیران و كێشەی سیاسی بە دوور بگرن و بكەونە هاوكاری حكوومەت، ئەوەیش هیچ گوشار و خۆڕاپساكانێكی ناوێت، تەنیا ئەقڵێكی شارستانی و باوەڕدار بە ژیانی مەدەنی دەوێت، ئەزموونەكانی مرۆڤایەتیش هەروایە و بۆ ئەوەی قەبارەی خۆت بزانیت و بەگوێرەی ئەوەیە بەشداری لە ژیانی سیاسیی و حوكمڕانیدا بكەیت، ژمارەی كورسییەكانی هەر لایەنێك لە پەرلەمان پێوەرە، كە ئەمە نەبینی و بتەوێ بە چەك خۆت بسەپێنی، دڵنیابە جگە لە تەنێكی نابوت و پەراوێزخراو لە دنیادا، هیچی تر نیت.

هەرچەندە ئەو قسەیە زۆر سواوە كە باشی هاوبەشی راستەقینە و دابەشكردنی داهات دەكات، بەڵام من بە رستەیەك هەوڵ دەدەم چارەسەری بكەم، حزبێك بیەوێت لە حكومدا كاریگەر بێت لە دۆخی وەك كوردستاندا كە جیۆگرافیاكەی دابەش بووە بەسەر حزبایەتیدا، رێی راست ئەوەیە داهاتی زۆرتر و راستەقینە بخەیتە خەزێنەی گشتییەوە، بزانە ئەوكات چەند قسەت زاڵ دەبێت، بەڵام تۆ بتەوێ هی خۆت بدزی و چەتەی پێ بەخێو بكەیت و داهاتی شوێنەكانی تریش ببەیت، بێگومان هەرگیز نابیتە حوكمڕان و متمانەی خەڵكیش بەدەست ناهێنیت، بگرە خەڵك هەروەك خۆت سەیرت دەكات كە لای هەموو كوردێك وایە گرووپی مافیی و بەرژەوەندین نەك حزبێكی نیشتمانپەروەر و خاوەن دۆز.