كوردستانی جێی متمانەی دنیایە

ڕێبازی بارزانی و پارتی هەڵقوڵاوی بیر و هزری نەتەوەپەروەری و رەتكردنەوەی ژێردەستی و ستەمه و مرۆڤدۆستییە، كاروانی خەباتی گەلێكی ماف و خاك زەوتكراوە، لە پێناو گەیاندنی بە كەناری ئارامی، بۆیە هەمیشە لە قۆناغە سەخت و هەستیارەكاندا، رۆڵی سەركردەی كارێزما لە تێپەڕاندنی كاتە پڕكێشەكاندا یەكلاكەرەوە و چارەنووسسازە، بەتایبەت لە كاتی رووداو و پێشهاتە سروشتییەكان و قەیرانی ئابووری و جەنگ. 

ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر هەردوو ئاستی دیپلۆماسی و مرۆڤدۆستی و سیاسی دەبینرێت، بە كردەیی هەردوو سەركردە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پیادەكردنی سیاسەتێكی ورد و دروست و رژد لە ئیدارەدان و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، پێڕەو دەكەن. ئامانجەكەیشیان روونە كە دوورخستنەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانە لە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان. ئەمەیش جۆرها كاری مرۆیی و فریاگوزاری و جووڵەی دبلۆماسی و سیاسەتكردنی دەوێ.

كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ باكور و رۆژئاوای كوردستان، كە هاوكات پشتیوانییە بۆ وڵاتانی توركیا و سووریا لە كاتی كارەساتیی سروشتیدا، ئەمە جوانی كوردە كە لەو ساتەدا ئەوە بیر دەباتەوە كە لە مێژوودا ئەو وڵاتانە دژی كوردستان كردوویانە. بگرە ئەمە پێی دەگوترێ سیاسەتی بوێرانەی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان، بێگومان ئەمە ئەگەر رای سیاسیی وڵاتەكانیش نەگۆڕێ، رای گشتیی خەڵكەكەی دەگۆڕێ كە بەچاوی خۆیان دەبینن لەكاتی لێقەوماندا كێ بە خێرایی و بێمنەت بەهانایانەوە چوو. لە دنیای تازەدا ئەم جۆرە سیاسەتە زۆر پێشوازی لێكراوە و رۆڵی لە هەزاران تۆپ و گولە كاریگەرترە. بە تایبەت كاتێك لێقەوماوان زۆرینە كوردن و بە راستیی چاویان لەوەیە هەرێمی كوردستان خۆی بە خاوەنیان بزانێ، خۆبەخشتانە بنەماڵەی بارزانیش ئەو خاوەنە دڵسۆزەن.

لە دەركەوتنە گرنگە مرۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییانەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، تەواوكەری یەكترن، هەردووكیان بۆ مافەكانی كورد زۆر ماندوونەناسانە لە جووڵەدان و پێگەیشیان وایكردووە لە هەر كوێی دنیا كۆنفرانس یاخۆ لوتكەیەكی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەمان نوێنەرایەتیی كورد دەكەن، یەكیان لە كاتی پێویستدا كە دەست درێژ دەكرێت بۆ مافەكانی كورد زۆر رژد و یەكلاكەرەوە دێتە دەنگ و ئەویتریشیان بە نەرمی خەریكی هێوركردنەوەی نەیارانی كوردە، بۆ ئەمڕۆی كوردستانیش ئەم دوو سیاسەتەمان زۆر پێویستە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستە هەرێمەكەمان لە دۆخێكی ئارام و سەقامگیردایە و پێوەندییەكانی بە دنیای دەرەوەیش زۆر پتەو و جێگیرە.

ئەو بانگهێشت و سەردانە فەرمییانەی لە كۆنفرانس و كۆڕبەندە جیهانییەكان، بۆ هەردوو سەركردە دێت، ئاماژەن بەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتە سەركەوتووانەی لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە و دنیا، هاوكات بەردەوام كار لەسەر بنەمای بێلایەنی لە سیاسەتی دەرەكی و هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكاندا، وایانكردووە ببنە هۆی سەرنجڕاكێشانی دنیای پێشكەوتوو و راكێشانی بەرژەوەندییەكانیان بۆ كوردستان. بۆیە هەرێمی كوردستان لە ناوچەی پێكدادانی بەرژەوەندییەكانەوە بووەتە زۆنی بە یەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكان و مایەی ئاشتی و دڵنیایی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.