مەسروور بارزانی هێمای خۆڕاگریی هەرێمی كوردستان

ئاشكرایە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو و بەتایبەتی ئەم پێنج ساڵەی رابردوو و سەركردایەتیكردنی كابینەی نۆیەم، دوژمنانی ئەم گەل و قەوارەیە، هەموو جۆرە چەك و ئامرازێكیان بۆ تێكشكاندنی ئیرادە و شكۆی ئەم گەل و حكوومەتە گرتەبەر، لە كاتێكدا بە پلانی ستراتیجی لە رووی ئاوەدانی و چاكسازی و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، پێشمەرگەئاسا هەنگاوەكانی دەست پێ كرد، بەڵام نەیارانی ناوخۆ و دەرەكی چاویان پێی هەڵنەهات، بەڵام پێدەچێت ئاگاداری رابردووی قوربانیدان و ئیرادەی ئەم گەل و نیشتمانە نەبن كە بە چەندان كۆسپ و تەگەری گەورەدا تێپەڕ بووە، وەك ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژی و خیانەت و بەكارهێنانی چەكی پێشكەوتوو، تا دەگاتە هێرشی رێكخراوی  تیرۆریستی  داعش خۆڕاگر بوو .

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، هەوڵی چڕ و پیلانگێڕی هەبوون و چەندان جار هەوڵ درا گەلی كوردستان و ئەو قەوارە سیاسییەی كورد بەهەموو سەروەری و شانازییەكانیەوە، لەناو ببەن و شتێك نەهێڵن بە ناوی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرباری هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانە، خەڵكی كوردستان بە ئیرادەیەكی چیائاسا مایەوە و خۆڕاگر بوو، چونكە خاوەن سەركردایەتییەكی ژیر و متمانەبەخۆ بوو بۆ خاك و نیشتمانەكەی و مافە ڕەواكانی، لە ژێر هێرش و پەلاماردانی مووشەكی و قورسترین گەمارۆ و فشارە سیاسی و دیپلۆماسییەكان خۆی نەچەماند .

مێژوو گەواهیدەرە كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە ماوەی بەرپرسیاریەتیی كابینەی نۆیەمدا، رووبەڕووی سەختترین هەلومەرجی سیاسی و سەربازی و ئابووری بووەوە. بە هزرێكی كراوە و ئیرادەیەكی پۆڵاین، پاشگەز نەبووەوە لەو هەنگاوانەی كە ئامانج بەرەوپێشبردنی نیشتمانەكەی و خزمەتكردنی كوردستانیان بوو، بۆیە بە ئیدارەدان و سیاسەتێكی حەكیمانە و سازش نەكردن بۆ ناحەزانی ئەم گەل و قەوارەیە، ملی نەدا بۆ فشاری دوژمنانی كوردستان چ لەسەر ناوخۆ و دەرەوە.

مەسروور بارزانی لە هاوكێشەكاندا لە بەردەم گەلەكۆمەكی وڵاتانی دەوروبەر وەستایەوە و ڕەتكردنەوەی ژێردەستیی هەڵبژاردووە، بۆیە مێژوو ئیرادەی ئەم سەركەوتنانەی تۆمار دەكات كە تژین لە بەرخودان، لە ئاستێكدایە لە دیرۆكی خەباتی شارستانیی گەلەكەمان، دەهێنێ چەندان پەرتووكی لەسەر بنووسرێتەوە وەك شانازی و وانەیەكی سەركەوتن بەرانبەر سەختترین پیلانگێڕی.

لەوەش گرنگتر كە پێوستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، لە رۆژە سەختەكاندا ئەوانەی كە هاوبەش و دامەزرێنەری حكوومەت بوون، یانیش ئەوانەی لە دەرەوەی حكوومەت خۆیان بە دڵسۆزی خەڵكی كوردستان دەزانی، پشتیان لە گەل و نیشتمان و حكوومەتی كوردستان كرد و هەموو ساتێك خەونی شكستهێنانیان دەبینی .

ئەوەی لە ماوەی رابردووشدا رووی دا، وەك هەمیشە مەرام و نیازی هەمیشەیی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بەرانبەر كوردستان، كە بە چاوساغی هەندێك كەس و لایەنی بەناوی كوردی درێغی ناكەن لە ئازاردان و ستەمكاری بەرانبەر بە گەلی كورد و دەستكەوتەكانی و هەوڵی ژێدەستكردنی دەدەن، بەڵام مەسروور بارزانی هەڵوەستەی لەسەر كرد و ئاماژەی پێ دا، لە كاتی تەنگانەدا ئێمە تەنیا خودا و خەڵكی كوردستان لەگەڵمان مانەوە. ئەوەش ئاماژەیە بە ئومێد و ئاسۆی گەشی ئەم نیشتمانە، لە كاتێكدا ناحەزان ئامانجیان شكاندنی ئیرادە و كوردپەوەری و نیشتمانپەوەری بوو.

ئەو ئیرادە بەهێزەی مەسروور بارزانی و خەڵكی كوردستان، چیرۆك و داستانێكی سادە نین، بەڵكو پێویستی بە وردبوونەوە و هەڵوەستەكردن هەیە لە ناوچەیەكی پڕ ململانێ و عێراقێكی پڕ كێشە، چونكە ئەوانەی ناوخۆ كە هەست و كوردبوونیان وەلانا بۆ زیانگەیاندن و دژایەتیكردنی حكوومەتی كوردستان و خەنجەری ژەهراوییان لێ دا، بەڵام بە بەرگری و خۆڕاگریی گەلەمان و هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماسی و ئیدارییەكانی مەسروور بارزانی، خەونی نەیارانی لەناو برد و قەیرانە دەستكردەكانی پووچەڵ كردەوە. ئەوەش مێژوویەكی ترە كە دەخوازێ لە لاپەڕە پڕ شانازییەكانی ئەم گەلە بنووسرێتەوە.