پارتی حزبی بەرپرسیاریەتی و تاقیكردنەوە سەختەكانە

بەدرێژایی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی مستەفا بارزانی، هەرگیز لە چوارچێوەی حزبییانەی بەرتەسك و ناوچەیەكی جیۆگرافی دیاریكراو خەباتی نەكردووە، بەڵكو هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوە و نیشتمانپەوەری كاری كردووە و بووەتە هەوێن و داینامۆی كوردایەتی و تێكۆشان لە پێناو ئازادی گەل و خاكدا.

پارتی دیموكراتی لە ماوەی رابردوودا، ڕووبەڕووی زۆر ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر ئاستی دەرەكی و ناوخۆیی بووەتەوە كە ئامانج تێیدا لاوازكردن و نەهێشتنی بوو، بەڵام بە خۆڕاگری و بەهێزی مایەوە و نەك هەر بە هەوڵی لەناوبردن و گەمارۆدان لەناو  نەچوو، بەڵكو بەهێزتر لە جاران لەسەر پێیەكانی وەستایەوە، چونكە پارتی ڕەگوڕیشەی لە ناو قووڵایی مێژووی كورد و كوردستاندا داكوتاوە و لەگەڵ هەر گۆڕانكاری و پێشهاتی نوێی ناوچەكە و عێراقدا، بە بەرنامە و پلانی نوێی كار دەكات، هەموو ئەو قەیران و شەڕە سەپێنراو و پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان، بەڵام پارتی شانی دایە ئەرك و بەرپرسیارتییەكان و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، توانی ڕووبەڕووی پەلامارە هەمەلایەنەكان ببێتەوە بەڕێی هێزی نەرم و دیپلۆماسییەوە، قۆناغە سەخت و ئاستەنگەكان تێپەڕێنێت .

پارتی دیموكراتی كوردستان چ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەكە و عێراق، خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندە و دروشم و بڕیارەكانی هەرگیز لەسەر بنەمای حەز و هەڵچوون نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان و لە ڕوانگەی هەنگاونان بووە بۆ وەدەستهێنان و دڵنیایی بەرژەوەندییەكان و مافە رەواكانی كورد .

هەر ئەوەشە وایكردووە پارتی و سەركردایەتییە ژیرەكەی لە ئاستی گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیی ناوچەكە و عێراق، كارەكتەرێكی بەتوانا و ژمارەیەكی دیار و خاوەن سەنگ بێت، بێ بوونی پارتی، هیچ پڕۆژە و كارێكی سیاسیی ئەستەم ناتەواو نابێ و پەراوێزخستنیشی ئەستەمتر دەبێ، بۆیە بە جیاواز لەگەڵ هەموو حزب و لایەنەكانی عێراق و كوردستان، خاوەن سیستمێكی سیاسی و دیپلۆماسی تایبەت بەخۆیەتی، هەر ئەوەشە كە لە كاتە سەخت و هەستیارەكان، ئاستەنگەكانی بەردەمی تێكدەشكێنێت و نەیارانی تووشی شۆك و شڵەژان دەكات و خۆیشی بەرەو لووتكە هەنگاوی ناوە .

مێژووی پارتی پێمان دەڵێ كە پارتی و كوردایەتی و كوردستان لە یەكتر جیا ناكرێنەوە، چونكە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی نەتەوەكەیەتی و هەڵگری بەرپرسیاریەتی و ئەركە قورسەكانە. پارتی هێزی تێكشكێنەری پیلانگێڕی و پووچەڵكردنەوەی پیلانەكانی ناحەزانی كوردستانە، نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەكەی دەكات و رژدە لە هەنگاونان بەرەو لووتكە. 

هەر ئەو باوەڕە پتەو و متمانە بەخۆبوون و رێبازە كوردانەیەی پارتییە كە وایكردووە، كاروانی خەباتی درێژەی هەبێت و هەوراز و نشێوەكان و گەمارۆ و گەلەكۆمەكییەكان نەتوانن بیوەستێنن، بۆیە بەردەوام لە پێشكەوتن و گەشەسەندندا بووە، ناحەزانیش نەك هەر نەیانتوانی بیڕووخێنن، بەڵكو بوونە هەوێنی زیاتر رژدبوون و بەهێزبوونی بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە رەواكانی.

بەهەڵوەستەكردن لەسەر مێژوو و دەستكەوتەكانی پارتی و سەركەوتنەكانی لە 32 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەت، ئینجا پارێزگاریكردن و قوربانیدانی بێ شومار لە پێناویدا، پێمان دەڵێن كە پارتی و بارزانی هەڵگری بەرپرسیاریەتیی گەل و نیشتمانەكەیەتی، ئەو دەستكەوت و سەروەرییانەی بەخۆین و گیان بەدەست هاتوون، دەستبەرداریان نابێت، ڕێ نادات ئەو دیموكراسی و پێگە و شوناس و سەركەوتنانەی كوردستان بگەڕێنەوە خاڵی سفر.

هەموو ئەو راستییانە پێمان دەڵێن كە پارتی حزبی ئەرك و بەرپرسیاریەتییە سەختەكانە، بۆیە كاتی هاتووە حزبەكانی تری كوردستانیش هەست بە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بكەن بەرانبەر پیرۆزیی مێژوو و نیشتمانپەوەری و قەوارەی كوردستان بەهەموو دەستكەوت و شانازییەكانیەوە.