مەسروور بارزانی بە ئێوە ناکەوێ

دەوڵەتداری و مامەڵەكردن لەگەڵ قەیران و رووداو و پێشهاتە پڕكێشە و ململانێكانی ناوخۆ و ناوچەیی، كەسایەتیی بەهێز و پۆڵاینی دەوێت، بەو مانایەی پیاوی دەوڵەتیی دەبێت بیر لە كێشەكانی كۆمەڵگە لەسەر هەموو ئاستەكانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی بكاتەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە.

دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی حوكمڕانی زانستە، گەیاندنی گەل و نیشتمانە بە كەناری ئارامی و هاوكات ئەركی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەسەر شانە، بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان كە سیستمێكی دیموكراسی و فرەییە. پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە كاری لەسەر بەهێزكردنی بنەماكانی پێكەوەیی و هاوبەشی كردووە، بۆیە زۆر جار لەپێناو دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی و ڕێككەوتن، سازشیشی بۆ جوانتركردنی سیمای حوكمڕانی و قەوارەی هەرێمەكە كردووە.

لێرەدا روومان لە ئەدا و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، ئەو هەڵگری چەندان تایبەتمەندییە لە ڕووی كەسایەتی و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكان، هەمیشە كاریزمایەكی بەهێز دەركەوتووە و هەنگاوەكانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان بووە. بە نەفەسی هاوبەشیی و كاری تیم، بەرپرسیاریەتیی دابەش دەكات و لە كاتە سەخت و هەستیارەكانیشدا خۆی لە پێشەوەیە.

نموونەی هەرە بەرچاویش لەم ماوەی رابردوودا، بینیمان چەندان جار داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ ناو حكوومەتەكەی كرد كە بێ هیچ پاساوێكی مانادار، خۆیان نەك تەنیا لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵكو لە ئەرك و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و بەرپرسیارێتیش دزیوەتەوە. بەڵام سەرۆك وەزیران بەرپرسیارانە دەجووڵێتەوە و هەمیشە بە زمانێكی نەرمی دۆستانە داوای كاری پیشەییان لێ دەكات و دەڵێ، حكوومەت جێی چارەسەركردنی كێشەكانە نەك میدیا.

كەچی برادەرانی تۆراو، كاری رۆژانەیان بووەتە دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە دروستكردنی كەشوهەوای دڕدۆنگ و پڕ لە لێڵی و تەنانەت دەست بەسەر قوتی مووچەخۆری سنوورەكەیشیاندا دەگرن، بۆ ئەوەی تەنگژە ڕووبەڕووی حكوومەت بكەنەوە، بێ ئاگا لەوەی لە سنووری سلێمانی هەرچی روو بدات، خەڵك خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن.

كابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، نەك هەر توانی هەرێمی كوردستان لە قەیرانەكان رزگار بكات، بەڵكو بەهەموو تواناوە بە پلان، رووبەڕووی ئاستەنگ و گەندەڵكاران و مافیاكان بووەوە و چاپۆشی لە هیچ كەس و لایەنێك نەكرد. ئامانجیشی نەهێشتنی زۆنگەرایی بوو لە كوردستان بۆیە زیاتر بودجەی بۆ سلێمانی تەرخان دەكرد، بەڵام ئەوان نایەڵن ئەو پارانە لە بانك دەربچێت و پرۆژەكان بكرێت، بۆ ئەوەی بڵێن حكوومەت خزمەت ناكات، بە نزیكترین نموونە رێگەی سەرەكی كەلار-دەربەندیخان-سلێمانی كە دووجار بودجەی تەواوكردنی بڕیاری لەسەر دراوە و لە سلێمانی نایدەن.

مەسروور بارزانی هەرگیز بە چاوی حزبی مامەڵەی لەگەڵ هاووڵاتییان نەكردووە، لە زاخۆوە و تا هەڵەبجە خزمەت دەكات و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، هەر ئەوەیشە وایكردووە یەكێتی لە یەكەم  هەنگاویەوە تا ئێستە، بەردەوام كۆسپ و تەگەرە دروست بكات و بەردەوام پەتای سلێمانی خزمەت ناكرێ گرتوونی، بەبێ ئەوەی مەبەستیان خزمەت بێت، بەڵكوو ئەو دووبارەكردنەوانە بۆ ئەوەیە بڵێن ئەمە سنووری ئێمەیە و ناوچەگەریی زەق دەكەنەوە.

هەر بۆ نموونە، لە دوا هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی و تیمەكەیدا، دەڵێن، ئێمە لەپێناو مووچەی خەڵكی سلێمانی بایكۆتمان كردووە، ئاخر ئەمە خەڵك بە گێلزانینە، ئەگینا 10 رۆژە كێشەی مووچەتان سلێمانی خولقاندووە، لە كاتێكدا ئێوە چوار مانگە بایكۆتتان كردووە و ئەوكاتە هیچ كێشەیەك نەبووە و مانگانە مووچە دراوە، بەڵام چونكە شپرز و بێ پلانن، هەر هەفتەی بابەتێك دەوروژێنن و كەسیش باوەڕتان پێ ناكات.

ئێستەیش بەلای منەوە سیاسەت ئەوەیە لەگەڵ بارودۆخەكان هەڵ بكەیت و ژیریی ئەوەیە كوڕەكانی مام جەلال بچنەوە سەر رێگەكەی باوكیان و تەبایی هەڵبژێرن و بێنەوە لای پارتی، چونكە دڵنیابن لە بارزانییەكان دڵسۆزترتان نابێ كە لە زۆر سەختیدا ئێوەیان پاراستووە، دەوروبەرتان بە لاڕێتاندا دەبەن و رێك دەتانخەنە هەڵدێرەوە، بۆیە واز لەو كۆسپ و تەگەرە لابەلا و ناسیاسییانە بێنن، چونكە مەسروور بارزانی بە ئێوە ناكەوێت و هیچیتر پێویست ناكات خۆتان و خەڵكیش هیلاك بكەن.