لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو و كرده‌وه‌كانی عێراق، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه له‌وكاته‌وه‌ی كه كوردستان به زۆره‌ملێ به عێراق لكێنراوه، هه‌میشه رووبه‌ڕووی په‌لاماردان و وێرانكاریی بێ وێنه بووه‌ته‌وه كه ته‌نیا له مێژووی ده‌سه‌ڵاته زۆرداره‌كاندا ده‌بینرێت، به‌ڵام هه‌میشه گه‌لی كورد به ئیراده‌یه‌كی پۆڵاین و باوه‌ڕبوون به دۆزه ره‌واكه‌ی، خۆڕاگرانه و بوێرانه پارێزگاری له بوونی گرتووه و درێژه‌ی داوه به خه‌بات له پێناو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه ره‌واكانی .
له قۆناغی دوای رووخانی رژێمی به‌عس، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد له پێناو سڕینه‌وه‌ی رووخساری قێزه‌ونی عێراق، هه‌وڵی زۆری دا له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه سه‌رده‌مانێك خۆیان به سته‌ملێكراو ده‌زانی، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه دیكتاتۆرێك بووه چه‌ندان دیكتاتۆر. ئێسته‌یش به ده‌ستی میلیشیا و درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشه‌كی بالیستی، به فه‌رمان و كارنامه‌ی وڵاتانی هه‌رێمی، په‌لاماری كوردستان ده‌ده‌ن. له كاتێكدا به گه‌مارۆدان و نه‌ناردنی ماف و شایسته ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كارێكی دڕندانه دژی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
به‌تایبه‌تی له‌م چوار ساڵه‌ی دواییدا زۆرترین كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان له به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی كوردستان داناوه بۆ زیانگه‌یاندن به قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. دوژمنان و خیانه‌تكارانی كورد، هه‌رگیز ماندوو نابن له كوشتوبڕكردنی كورد، كاتێك ده‌بینن هه‌موو ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی هه‌رێمی كوردستان له رابردوو ئێسته به‌ده‌ستی هێناوه و وڵاتانی دنیا بایه‌خ به هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، خه‌ونی لێ زڕاندوون.
حكوومه‌تی كوردستان له ناوچه‌كه‌دا ئه‌زموونێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی كورده و له ده‌ستێكی به‌هێز و خۆڕاگری پڕ له عه‌قیده‌ی كوردایه‌تیی بارزاندایه، خۆڕاگری و به‌هێزیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به پاڵپشتی خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، ڕێی نه‌دا گه‌مارۆ و بڕینی بودجه و دروستكردنی كێشه بۆ مووچه‌خۆران و كۆرۆنا و دابه‌زینی به‌های نه‌وت و وشكه‌ساڵی و ده‌یان رووداو و كاره‌ساتی تر، رێگر بێت له به‌رده‌م پاراستنی سه‌لامه‌تیی گیانی خه‌ڵكی كوردستان و درز بخرێته ناو ئه‌و سه‌قامگیری و ئارامییه‌ی كه باڵی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا كێشاوه.
هه‌ر ئه‌وه‌شه كه نه‌یاران و دوژمنانی ئه‌م نیشتمانه، له نانه‌وه‌ی كێشه و گرفت بۆ ئه‌م كابینه‌یه، بێ هیوا بن، بۆیه ده‌یانه‌وێت ئه‌مجاره له رێی درۆن و مووشه‌كه‌وه هێرشه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه دژ به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و زیان زیاتر به ئابووری و قووتی خه‌ڵك بگه‌یه‌نن، وه‌ك چۆن له گه‌رمه‌ی یاده‌كانی سه‌ری ساڵ و جه‌ژن و خۆشیی میله‌تی كورد و هاتنی ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار، ئه‌وان به‌هه‌وڵه له‌رزۆكه‌كانیان به‌درۆن هێرشیان كرده سه‌ر دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی، كه خۆی له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌بینییه‌وه تا زیان به سه‌قامگیریی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری بگه‌یه‌نن.
ده‌بێ نه‌یاران و به‌كرێگیراوه‌كانیان په‌ند له مێژوو وه‌ربگرن، خۆ درۆن كاریگه‌رتر نییه له ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و كیمیاباران، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا كورد سه‌ركه‌وت. هه‌موو ئه‌م په‌لاماره مووشه‌كی و درۆنییه جارێكی تر ئه‌و پرسیاره‌ی هێنایه‌وه پێشه‌وه ؛ ئایا عێراق ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و ده‌ستووری و یاساییه، هه‌موو پێكهاته‌كانی كورد و سوننه و شیعه و كریستیان و ئاین و ئاینزاكانی تری جێیان تێدا ده‌بێته‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامه‌كه به‌نه‌خێر ده‌بێت؛ چونكه هه‌رگیز وڵاتێك و گرووپێكی خۆسه‌پێن، گه‌مارۆ و شه‌ڕی ئابووری و ئابڵووقه و بڕینی بودجه و مووچه‌خۆرانی كردبێته كارتێكی گوشار، ناتوانێت له یه‌كپارچه‌یی خاك سه‌ركه‌وتوو بێت، عێراقێك كه به‌درێژایی مێژوو هه‌میشه كاری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوبردنی گوند و ئازاردانی گه‌لی كورد دابێ، به‌ئه‌مڕۆشه‌وه ئاماده‌یی لێبوردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و كیمیابارانكراوه‌كان و تێكدانی گونده‌كان و بێسه‌روشوێنكردنی لاوانی كورد نه‌بێت، ئیتر چۆن ده‌ستبه‌رداری خۆسه‌پاندن و ئه‌م میراتییه‌ی دژه كورد ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌تا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی راده‌ست كرد و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچه‌خۆرانی پێشكه‌ش كردن و به شاهیدی دیوانی چاودێری فیدراڵ پابه‌ندییه‌كانی جێبه‌جێ كرد، كه‌چی گرووپێكی خۆسه‌پێن و مه‌زه‌وی، له‌سه‌ر قه‌وانه‌كه‌ی خۆیان به‌رده‌وامن و هه‌رجاره‌ی گرفت و ئاسته‌نگێك بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه دروست ده‌كه‌ن، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه كورد له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌لای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، سنوورێك بۆ پێشێلكردنی سه‌رپێچی و كرده‌وه‌ی میلیشیا تیرۆریستییه‌كان دابنێت، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه پرسی كورد و مافه ره‌وا ده‌ستوورییه‌كانی نه‌ك له عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی یه‌كلا بكرێته‌وه.
ناكرێت چیتر له جیاتی وه‌رگرتنی ماف و شایسته داراییه‌كانی كوردستان، چاوه‌ڕوانی درۆن و مووشه‌كی به‌غدای ژێر كۆنترۆڵی میلیشیا بكه‌ین. بۆیه ده‌بێ حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كاری ڕژد له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژی و په‌لاماردانانه بكه‌ن و هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ڕێ نه‌درێت ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی پیرۆزی كوردستان و ئاسایش و ئارامییه‌كه‌ی.