مەسروور بارزانیی چی بە میدیاكاران گوت؟

PM:02:04:22/06/2022 ‌
كاتێك مەسروور بارزانی كلیلی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، بەشێكی زۆر لە میدیاكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەش، چەند گفتوگۆیەكیان لەبارەی ئەگەرەكانی سەركەوتن یان سەرنەكەوتنی بارزانیی كوڕیان شرۆڤە دەكرد. كورتەی قسەكانیان ئەوەبوو كە بارزانی كابینەكەی درێژەپێدەری هەمان ئەو كابینانەی پێشووتر دەبێت، بەشێكی زۆریش دەیانگوت كابینەكە دەبێتە ناوەندێك بۆ ترس و تۆقاندن و فراوانی مەودای بیركردنەوەی میدیایی تەسك دەبێتەوە و ئازادی رادەربڕین دەچێتە ژێر پرسیارەوە، میدیاكاران لەو باوەڕەدا بوون دانیشتن لەگەڵ مەسروور بارزانی ئاسان نابێت.

رۆژی شەموو مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان كرد كە لە هەموو شارەكانی باشووری كوردستانەوە سەردانیان كردبوو، ئەوە یەكەمین كۆبوونەوەی بێ پەردە و راستەوخۆی سەرۆك وەزیران و رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان بوو، راشكاوترین شێوازی گفتوگۆ بوو لە نێوان دەسەڵاتی یەكەم و دەسەڵاتی چوارەمدا.

هەرچەندە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی بارزانیی كوڕدا وێنەكە وا پێشانی خەڵك دەدرا، كە بارزانیی كوڕ نایەوێ بچێتە پەرلەمان و ناشیەوێ رووبەڕووی گەنجان و رۆژنامەنووسان ببێتەوە و لەگەڵیان دابنیشێت و گفتوگۆ بكات، بەڵام بینیمان بارزانیی كوڕ پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكان، هەم لەگەڵ گەنجان و رۆژنامەنووسان و هەمیش لە پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران كۆ بووەوە.

بارزانیی كوڕ لە پەرلەمان چیی گوت؟
كاتێك سەرۆك وەزیران ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، گومانێكی تر لەسەر شەفافییەت و بەرچاوڕوونییەكانی قسەكانی سەرۆك وەزیران دروست بوو، كە نایەوێ دانیشتنەكە راستەوخۆ لە رێی میدیاكانەوە بگوازرێتەوە و ناشیەوێت وەڵامی هەموو پرسیارەكان بداتەوە، بەڵام بینیمان بە پێچەوانەی تەواوی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە بارزانیی كوڕ لە پەرلەمان بە فەرمانی خۆی، راستەوخۆ تەواوی دانیشتنەكەیان گواستەوە و وەڵامی هەموو پرسیارەكانیشی دایەوە، ئەوە لە كاتێكدا بوو هەموو ئەو پەرلەمانتارانەش لە پەرلەمان ئامادە بوون و قسەیان دەكرد ، وەڵامی هەموو پرسیارەكانیشان وەرگرت. دواتریش نەمانبینی پەرلەمانتارێك بڵێت من پرسیارێكم وەڵامی نەبوو یان نەیانهێشت پرسیار لە سەرۆك وەزیران بكەم، بە پێچەوانەشەوە فەرمانی دەركرد بۆ تەواوی وەزیرەكان كە دەبێت هەفتانە و مانگانە بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن و تەواوی پەرلەمانتارانیش پرسیارەكانی خۆیان بكەن.

سەرۆك وەزیران میدیاكاران كۆ دەكاتەوە
لە سەروبەندی ئەو ئاڵۆزییە میدیاییە نالەبارەی باشووری كوردستانی گرتووەتەوە و سەرەڕای هەموو ئەو پەیج و میدیا بێسەروبەر و بێ خاوەنانەی كە بەشێكی زۆریان تەواوی زانیاری و هەواڵ و بەرنامەكانیان پڕن لە زانیاری لە كارەكانیان، بەڵام سەرۆك وەزیران بڕیاری دا لەگەڵ تەواوی میدیاكارانی باشووری كوردستان كۆ ببێتەوە، بینیمان چۆن بە كراوەیی هەموو شتێك لە كۆبوونەوەكەدا باس كرا.

گرنگترین بابەتی گفتوگۆكان ئەوەیە كە دەسەڵاتی چوارەم راستەوخۆ بەبێ هیچ فلتەرێك و ناوەندێك، لەگەڵ دەسەڵاتی یەكەم كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ دەكەن، سەرۆك وەزیران پێش هەموو كەسێك و پێش رۆژنامەنووسەكان باسی لە دۆخی كوردستان كرد، ئەوەی دڵنیایی دا كە بەبێ پەردە و زۆر بەڕوونی گوێ لە قسەكان دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك وەزیران هەر لە یەكەم رۆژی كاركردنیەوە، باسی لەوە كردووە كە بەڵێ لە كوردستان گەندەڵی و نادادی و نایەكسانی و گرفت هەیە، ئەوە گرنگترین شتە كە سەرۆك وەزیران بیزانێت و بیڵێت، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو گرفتانە هەیە و دەیەوێت بە هەموو لایەك كێشەكان چارەسەر بكات.

گوێگرتن لە رۆژنامەنووس، باشترین كارێكە كە سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێكی تر بیكات، هەرچەندە زۆر لەو دەموچاوانەی كە لە كۆبوونەوەكەدا بینران، راستییەكەی لە پەیجەوانێك زیاتر هیچیتر نەبوون، بۆیە لە ناو بازنەیەكی داخراودا دەسووڕانەوە و گومانیان لەسەر هەموو شتێك دروست دەكرد، بەڵام دەبینین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی كوردستاندا و لەم وەختە پڕ كێشمەكێشە، سەرۆك وەزیران ئاڵنگاریی تەواوی میدیاكاران دەكات و رووبەڕوویان دادەنیشێت.

سەرۆك وەزیران لەو دانیشتنە پێی گوتین كە ئاڵنگاریی هەموو كەس دەكات ئەگەر باس لە نادادی بكات، پێی وایە دۆسیەیەك هەیە لە كوردستاندا ئاڵۆزە، سەرۆك وەزیران خۆی لێ دەشارێتەوە و نایەوێت چارەسەری بكات، بەڵام پێچەوانەكەیمان بینی كە دەسەڵاتی یەكەم و باوكی یەكەمی ئەم وڵاتە، رووبەڕووی هەموو ئەو رۆژنامەوان و پەیجەوانانە بووەوە كە پێیان وابوو، دەسەڵاتی یەكەم تۆقێنەر و ترسناك و هەواڵگرییە.

مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا بە راشكاوی بەهەموومانی گوت، ئەوە ئێمەین بەڕوونی دەدوێین و بەڕوونی گوێ دەگرین و بەڕوونیش چارەسەری كێشەكان دەكەین، بۆیە ئەو ئامادەیە گوێ لە میدیاكار یان هەر كەسێكی تر بگرێت و بیەوێ دۆخەكە چارەسەر بكات.

چییان بەسەرۆك وەزیران گوت؟
ئەستەمە تۆ هەر پلە و پایەیەكت هەبێت، ئۆپۆزسیۆن بیت یان لە دەسەڵات، رۆژنامەنووس بیت یان هەر كەسێكی تر، سەرۆك وەزیران بانگشێتت بكات و بڵێیت من ناتوانم لەو دانیشتنە ئامادەبم، زۆر لەو دەموچاوانەی كە بینیمان، پێشتر دەیانگوت ئەم سەرۆك وەزیرانە هیچی پێ ناكرێت و ناتوانێ رووبەڕووی رۆژنامەنووسان بوەستێتەوە، چارەسەری گرفتەكانی پێ ناكرێت، كەچی دواتر بینیمان چۆن دانیشتبوو لە بەردەم چەندان رۆژنامەنووس.

بەڵام ئەوەی من بینیم، تەنیا نمایش و قسەی ناو سۆشیال میدیا و خۆكردن بوو بە پاڵەوان لە بەردەم كەسی یەكەمی وڵاتەكەدا، راستییەكەی دیدارەكە هێندە بۆ خۆدەرخستن و شان و باڵبادانی میدیاكارەكان بوو، هێندە بۆ ئەوە نەبوو میدیاكارەكان بتوانن پەیامێك بگەیەنن كە خودی سەرۆك وەزیران نەیزانێت.

رەوا نییە تۆ لە پەیجێكی بێ دایك و باوكی ناو شەستییەكە كار بكەیت، رۆژانە سەتان درۆ و هەواڵی ناشیرین و نالەبار دەرخواردی خەڵكی رەش و رووتی ئەم وڵاتە بدەیت، بەیانی تا ئێوارە مایكێك بدەیتە دەست كچۆڵەیەك و ئەویش بیباتە بازاڕ و لەڕێیەوە جنێو بدرێت و سووكایەتی بە پیرۆزیی مرۆڤ و نیشتمان بكرێت، كەچی لە بەردەم سەرۆك وەزیران خۆتت لێ ببێت بە میدیاكارێكی نێودەوڵەتی.

جەنابی پەیجەوانی بەڕێز، كاتێك سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێكی تر میوانداریت دەكات، بۆ ئەوە نییە تۆ سێلفی بگریت و قسەی فەیسبووكی بكەیت و دواتر خۆت بكەیتە پاڵەوانی پەیجەكانی ناو شەستییەكە، بەڵكو بۆ ئەوەیە تۆ هەواڵەكانی كوردستان بگەیەنیت وەك خۆی.

ئێستە بۆچوونی هاووڵاتییان لە كوردستان لەبارەی رۆژنامەنووس و پەیجەوان و كاندید زۆر گۆڕاوە، خەڵك زۆر بە ئاسانی و بەڕوونی دەبینێت كە میدیاكار چییە و كێیە، بۆیە ئەم نیشتمانە بریندارە پێویستی بە قسە باقوبریقەكانی تۆ نییە، پێویستی بە كردارێكە بۆ ئەوەی دەریبخات ئایا هەموومان پێكەوە دەتوانین گرفتەكان چارە بكەین یان نا.

ئێستە وڵات ئاوەدانە یان وێرانە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆك وەزیران وەك دەسەڵاتی یەكەم رووبەڕووی هەموو میدیاكارەكان وەستایەوە و بەڕوونی وەڵامی هەموو شتێكی دایەوە، خەڵكیش زۆر بەجوانی لەوە تێگەیشتن كە میدیاكار بەقات و ریبات و قسەی باقوبریق نییە، بەڵكو بە فیكر و كاری جوانە.