شه‌ڕی گرووپه چه‌كداره‌كانی كه‌رتی غه‌زه و سوپای ئیسرائیل، بۆچوونی به‌شێكی زۆر له شرۆڤه‌كار و راوێژكاره گرنگه‌كانی دنیای گۆڕی، به‌تایبه‌تی ئه‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانه‌ی كه سی ئای ئه‌ی و مۆساد و پێنتاگۆن گوێقوڵاغیان بوون.
له ساڵی 2018ه‌وه له پنتاگۆن، پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ كرا كه 79 كه‌سی ته‌كنۆكرات له هه‌موو دنیاوه ئاماده‌یان كردبوو، پڕۆژه‌كه 300 لاپه‌ڕه بوو، هه‌ڵێنجراوه‌كه‌ی 27 لاپه‌ڕه بوو، كورته‌ی ئه‌م پڕۆژه نووسراوه ئه‌مه بوو پێویسته پێنتاگۆن ده‌ست بكات به له‌ناوبردنی گرووپه چه‌كداره‌كان له سووریا، عێراق، لیبیا، یه‌مه‌ن و لبنان و ئیسرائیل، گرووپه‌كان حه‌وت دانه‌ی سه‌ره‌كی بوون، به حه‌ماس ده‌ستی پێ ده‌كرد و به حزبوڵای عێراقی ته‌واو ده‌بوو، ئامانجه‌كه ئه‌وه‌بوو ریشه‌كێش بكرێن، 300 ملیار دۆلار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و قه‌ڵاچۆكردنیان دانرابوو، كه له هه‌واڵگری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسمانی‌دا خه‌رج ده‌كرا.
ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه به‌م شێوه‌یه ده‌توانن رووبه‌ڕووی گرووپه چه‌كداره‌كان ببنه‌وه، تا ئاستێكی زۆر پڕۆژه‌كه سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی گرووپه‌كان له‌ناو بچن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه بێ‌شومار ژماره‌یان زیادیان ده‌كرد و زۆریش مه‌ترسیدارتر ده‌بوون، تا ئاستی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایان ناچار كرد بنكه و باره‌گاكانی بپێچێته‌وه و له چه‌ند شوێنێك نه‌بێت نه‌مێنن (بنكه‌ی كه‌ی وه‌ن) به نموونه.
تا سه‌رهه‌ڵدانی هێرشه ورده‌كه‌ی چه‌كدارانی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ته‌واوه‌تی باوه‌ڕیان هه‌بوو كه گرووپه چه‌كداره‌كان، ده‌بێت به‌و شێوه‌یه له‌ناو ببرێن و ریشه‌كێش بكرێن كه له پڕۆژه‌ی راوێژكاره ته‌كنۆكراته‌كاندا نووسرابوو.
حه‌ماس هاوكێشه‌ی تێگه‌یشتنه‌كانی پێچه‌وانه كرده‌وه، سی ئای ئه‌ی به به‌شێكی زۆر له گفتوگۆكاندا چووه‌وه و ته‌نانه‌ت كاركردنی له‌گه‌ڵ به‌شێك له بریكاره‌كانی راگرت، به‌تایبه‌ت بریكاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
مۆساد له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه به سی ئای ئه‌ی گوتووه، ئێمه چیتر گوێڕایه‌ڵی ئامۆژگارییه سواوه‌كانی ئێوه و بریكاره‌كانتان نابین و به سه‌ربه‌خۆ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كان ده‌بینه‌وه، له ژێر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌ستی به پاككردنه‌وه‌ی غه‌زه كرد.
كێشه‌كه له كوێدایه؟
پرسیاره هه‌ره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ره‌وایه سوپای یه‌كه‌می دنیا و 18مین سوپای دنیا به‌و هه‌موو فڕۆكه گه‌وره و به‌هێزانه‌وه، نه‌توانن رووبه‌ڕووی حه‌وت گرووپی چه‌كدار ببنه‌وه، ئایا ره‌وایه پنتاگۆن به‌و هه‌موو زانیاریی هه‌واڵگری و هێز و چه‌كه‌وه، ناچار بكرێت بنكه و باره‌گاكانی كۆ بكاته‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت عێراق؟ ئایا ره‌وایه ئیسرائیل به‌و هه‌موو هێز و هه‌واڵگرییه به‌هێزه‌وه، نه‌زانێت هێرشێكی وه‌ك هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی مانگ ده‌كرێت؟.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل شوێنێكیان ئازاری پێ ده‌گات، به‌ڵام شوێنێكی تر تیمار ده‌كه‌ن، ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه مۆساد و سی ئای ئه‌ی له‌باره‌ی گرووپه چه‌كدارییه‌كانه‌وه زۆر هه‌ڵه بوون، چونكه نه‌ك نه‌یانتوانی ریشه‌كێشیان بكه‌ن، به‌ڵكو تووشی گه‌وره‌ترین شكستیش بوون له به‌رانبه‌ریان. گرووپه چه‌كداره‌كان هێزی تۆكمه‌ی عه‌شایه‌ری ئاینی محافزكاری گوێڕایه‌ڵ و شه‌ڕكه‌رن، هه‌مووشیان یه‌ك سه‌ریان هه‌یه، وه‌ك چۆن هه‌شتپێ ته‌نیا یه‌ك سه‌ری هه‌یه، گرووپه چه‌كداره‌كانیش یه‌ك سه‌ریان هه‌یه.
ئێسته سی ئای ئه‌ی و مۆساد ده‌بێت بزانن كێشه‌كه سه‌ری ماره‌كه‌یه و ده‌بێت له‌وێوه ئه‌م گرووپانه بێده‌نگ بكرێن، كێ چه‌ك و پاره و تفاق به هێزه‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌دات؟ ئه‌مه كرۆكی بابه‌ته‌كه‌یه.
ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ته‌نیا ده‌ست بۆ ئێران راده‌كێشن، چونكه ئێران به‌م شێوازه بیر له پاراستنی قه‌واره‌ی ویلایه‌تی فه‌قێ ده‌كاته‌وه، بۆیه دروستكردنی ئه‌م گرووپانه و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ردا، حیكمه‌ته‌كه‌ی له‌وه‌دایه ئاگره‌كه دوور بێت له تاران و له به‌غدا و به‌یرووت و دیمه‌شق گڵپه‌ی بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو شتێك ده‌كات. وه‌ك دایكێك كه حه‌وت بێچووی به‌سه‌ردا كه‌وتبێت، له قووتی خۆی ده‌گرێته‌وه و ده‌یكات به قوڕگی ئه‌و گرووپانه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له كووچه و كۆڵانه‌كانی خۆی دوور بخاته‌وه.
ئێسته ئه‌م گرووپانه ره‌گوڕیشه‌ی ئه‌سڵیان له قومه و مه‌لاكانی ئه‌وێ ته‌ربییه‌تیان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ناویش ببرێن، ده‌بێت سه‌ری ماره‌كه پان بكرێته‌وه، راستییه‌كه‌ی پانكردنه‌وه‌ی سه‌ری مارێكی وه‌ك ئێران زۆر ئاسان نییه، چونكه ئه‌م ماره هه‌م به مه‌عریفه و هه‌م به‌ته‌مه‌ن و هه‌میش به‌هێزه، بۆیه نابێت هه‌ر له‌خۆڕا ده‌ست بۆ پانكردنه‌وه‌ی سه‌ری ئه‌م جۆره مارانه ببرێت.
نه ئیسرائیل و نه ئه‌مه‌ریكاش هیچ نیازیان نییه ره‌حمی مووشه‌كه‌كانیان به‌سه‌ر گه‌لی ئێران‌دا ببارێنن، چونكه هه‌م له ئێران ده‌ترسن، هه‌میشه له په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕه‌كه كه رووسیا و چین به‌شداریی تێدا بكه‌ن، هه‌میش گرووپه چه‌كداره‌كان وه‌ك شانه زه‌رده‌واڵه بئاڵێن له كونسوڵگه و بنكه سه‌ربازییه‌كان.
ئێسته ئێران خوێنی خۆی له كاسه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان له‌ناو نه‌چن، به‌ڵام ئه‌مجاره ئیسرائیل رژده له‌وه‌ی حه‌ماس نه‌هێڵێت، ئاماده‌شه هه‌موو ئاڵنگارییه‌كی ناوچه‌كه ببینێت و رووبه‌ڕووی هه‌مووشی ببێته‌وه. له حه‌وتی مانگه‌وه سی ئای ئه‌ی و مۆساد زۆر به‌باشی ده‌زانن ده‌بێت سه‌ری ماره‌كه پان بكرێته‌وه، به‌م شێوه‌یه‌ش ئۆتۆماتیكی هه‌موو گرووپه‌كان ده‌توێننه‌وه و نامێنن.
نووسین و بیركردنه‌وه له‌م چه‌ند دێڕه زۆر ئاسانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بیانبینیت، چی روو ده‌دات، ئه‌وه‌ی كه نه‌بووه ده‌بێ ببێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌موو شتێك له ناوچه‌كه وێران بێت.
سی ئای ئه‌ی و مۆساد زۆر باش ده‌زانن تاكه چاره‌سه‌رێك له ناوچه‌كه هه‌بێت لێدانی ئێرانه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌روا ئاسان نییه، چونكه هه‌م ئێران به ئاسانی ناكه‌وێت، هه‌میش نه چین و رووسیاش خاترجه‌م ده‌ست ده‌خه‌نه پشته‌گوێیان تا ئه‌مه‌ریكا یان ئیسرائیل له ئێران بده‌ن، چونكه هه‌رگیز كرێملین رازی نییه واشنتن شوختێكیش بخاته باڵه‌خانه‌ی په‌یكه‌ری ئازادی تا خۆی نه‌یه‌وێت، وه‌ك چۆن نه‌یهێشت شوختێك به‌ر قاته گرانبه‌هاكانی ئه‌سه‌د بكه‌وێت.
یان ده‌بێت به‌ته‌واوه‌تی رووبه‌ڕووی ئێران ببنه‌وه، یانیش ده‌بێت تا 300 ساڵی تر هه‌ر شه‌ڕی گرووپه چه‌كداره‌كان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا سی ئای ئه‌ی و مۆساد ده‌بێت هه‌ر راپۆرتی ته‌كنۆكراته كلاسیكه‌كان بخوێننه‌وه و گوێ له رادیۆیه‌كی كۆن بگرن.