مەكگۆرک بۆچی هاتە هەولێر؟

PM:06:31:20/01/2023 ‌
جارێكی تر،پیاوە بەهێزەكەی ئەمەریكا گەڕایەوە ئارامترین پایتەختی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەك هەمیشە میدیا و پەیجەكان بەر بوونە وێزەی سەردانەكە و شێواندیان، ئەم دۆخی راگەیاندنە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئایندەی میدیا لە كوردستاندا، كاتێك كەسێك قسە لەسەر پرسێك دەكات كە هیچ زانیاریەكی نییە.

واشنتن لە ڕێگەی تیمێكی زۆر گەورەوە چاودێری هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوەچەكە دەكەن، چاودێریەكە بۆ قسەكردنە لەسەر وردەكاریی رووداوەكان لە ناوچەكەدا.

بیرمان نەچێت لە ساڵی 2003ەوە ئەمەریكا بوونێکی زۆر گەورەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە.

یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە لە هەرێمی كوردستانەوە رووی لە ئەمەریكا و ئەوروپا كرد، نیشاندانی هەرێمەکەیە وەك ناوەندێكی ئارام و گرنگ لە عێراق و ناوچەكەدا، راستییەکەی لەو كاتەوە تا ئێستە هیچ كام لە پایتەختەكانی دەوروبەری کوردستان هێندەی هەولێر ئارام و گرنگ نین بۆ ئەمەریك.

خاڵی جەوهەری كوردستان ئەو ئارامییەیە كە ئەمەریكا و ئەوروپا دەیبینن و بەفەرمی دانیان پێدا ناوە، ئەوەش گرنگیەكی گەورەی لەسەر كوردستان و ئایندەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

مەكگۆرک بۆچی هاتبوو؟

بیرمان نەچێت ئەولەویەتی سەرەكی كاری ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئێستە رووبەرووبونەوەی داعشە وەك هێزێكی تیرۆرستی مەترسیدار كە تا ئێستەیش پێنتاگۆن بە مەترسی گەورەی دەزانێت لەسەر جیهان و ناوچەكە بەتایبەتی عێراق، بۆیە ئەو بایەخە هەتا كۆتایی هەر بەردەوام دەبێت.

هەموو ئەو قسانەی لەبارەی سەردانەكەی مەكگۆرک دەیخوێنینەوە و دەیبیستین، دوورن لە راستیەوە، راستیی ئەوەیە کە تیمەكەی مەكگۆرک تەنیا یەك ئامانجی سەرەكی هەبوو لە نۆتبوكی سەرۆکی شاندەکەدا تۆمار کرابوو، ئەویش بەوردی باسی لێوە كراوە.

لەگەڵ دۆستێك لە پێنتاگۆن ئاڵوگۆڕی چەند زانیاریەكمان كرد، ئەو دەڵێت مەكگۆرک هاتبوو بە کوردستان بڵێت ئێمە ئاسایشی هەرێمی كوردستانمان بۆ گرنگە و دەمانەوێت وەك خۆی بمێنێتەوە، هیچ شتێكیش نەبێتە هۆی تێکچوونی و دۆخەكە زۆر زۆر ئارامبێت.

مەكگۆرک نە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هیچ بابەتێكی دیكەی باس نەكردووە جگە لەوەی داوای پاراستنی ئارامیی كوردستانی كردووە و پێداگیری کردووە کە دەبێت وەك خۆی بمێنێتەوە و كوردستان ئاسایشێكی بەهێز و تۆكمەی هەبێت.

ئەو دێڕە تەنیا دێڕێك بووە كە مەكگۆرک چ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و چ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیش باسی لێوە كردووە.

پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن هی سەرۆك بارزانییە و مەكگۆركیش وتویەتی ئەمەریكا دەیەوێت رێڕەوی دیموكراسی لە عێراق و كوردستاندا وەك خۆی بڕوات و ئەوەش گرنگە كە كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن بکات.

پارتی دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، كێ توانی هەڵبژاردن بباتەوە حوكمی كوردستان بكات، ئەوەش رەزامەندی ئەمەریكای لەسەر بووە.

لەگەڵ یەكێتی و پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش تەنیا ئەو دێڕە وتراوە كە دەبێت ئاسایش و ئارامیی كوردستان بپارێزن و لە سایەیدا هەم ئەوان و هەمیش هاووڵاتی هەست بە سەلامەتی بکەن.

هەموو ئەو قسانەی باس لە گەرانەوەی یەكێتی دەكرێت بۆ ناو حكوومەت و  پرسی هەناردەی نەوت و گاز، هەر داڵغەو شیکاریی کوردی و میدیاکانن نەک زانیاری.

ئەمەریكا و بەڕیتانیەكانیش كۆدەنگییان لەسەر حكوومەتی هەرێمی كودستان هەیە، رەزامەندن لەسەر ئەوەی كابینەی نۆیەم كارەكانی خۆی زۆر بەباشی کردووە، هەروەها دەشیانەوێت بەردەوام بێت.

لە راستیدا یەكێتی بكشێتەوە و نەكشێتەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كابینە هەر بەردەوام دەبێت و كارەكانی وەك خۆی دەكات و قبوڵ کراوە.

ئەوەش بڵێم تا ماوەیەكی درێژ هەڵبژاردن ناكرێت، هەموو ئەو قسانەی دەكرێن كە مەكگۆرك باسی لە غاز و گاز و ئەو بابەتانە كردووە، هەمووی دوورن لە راستیەوە و ئەوان كار لەسەر دۆخی ئارامیی كوردستان دەكەن، دەشیانەوێت وەك ناوەندێكی ئارام لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە، ئیتر نە بەم نزیكانە هەڵبژاردن دەكرێت، نە غازی هەرێمی كوردستان حازرە ئێستە بگەیەنرێتە دەرەوە، بەڵام هەوڵەكانی حكوومەت بۆ فرە سەرچاوەكردنی داهات، كارێكی گرنگە و رەزامەندی تەواوی ئەمەریكای وەرگرتووە. تەنانەت ئەوانیش دڵنیان لەسەر ئەوەی كارەكان زۆر بەباشی دەڕۆن.

ئەگەرەكان زۆر لەوەوە نزیكن كە یەكێتی ئەگەر بەو سیاسەتەی ئێستەوە بەردەوام بێت، لە هاوكێشەی سیاسی و هەواڵگری كوردستان بكرێتە دەرەوە، ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی بتوانێت لە دادگا دۆسیەكە بباتەوە، ئەوا وەك هاوسەرۆكی یەكێتی بەردەوام دەبێت و دێتەوە ناو سیاسەت و خەڵكی كوردستان. جوڵەكانی یەكێتیەكەی لاهور پێشوازی كراوە لەلایەن چەندان هێزی گەورەوە، ئەمەریكا لاری نییە مامەڵەی لەگەڵ بكات، ئێرانیش بەهەمانشێوە، لە ناوخۆشدا هەروایە ئێستە و مامەڵە لەگەڵ ئەو یەكێتیە نوێیە دەکرێت، چونکە ئامۆزایەکی نموونەیەکی ناتەبا و ناڕوونی پێشکەش کرد.

دۆخەكە بەهەر شێوەیەك بێت، ئەمەریكا نایەوێت ئارامیەكە بشێوێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دۆخی ناوخۆ ئارامتر بێت، بێگومان ئەوە لە قازانجی هەموو خەڵكیشدایە. هەر بۆیە یەكێتی بە چڕی شەڕی دیزەبەدەرخۆنەكردنی دۆسیەكەی هاوكار جافیش دەكات چونکە لە کۆدی ئارامیی داوە و تێکەوتووە، پارتیش نایەوێت ئەو دۆسیە چاوپۆشی لێ بكرێت، چونكە لە ستراتیجییەتی کورفستان دراوە کە ئاسایشی پایتەختە و چاوی دنیای لەسەرە.

یەكێتی لە باوەشكردن بە پاراستنی كۆمەڵێک كەس و رەفتاری شێواودا، دەبێت ئەو راستیە بزانێت كە پارتی وەک جاران و وەک یەکێتییەکەی پێشان هاوکار نییە و واش بیر ناکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەموو شتێک بە رووی دەستی بخرێتە سەر و کەس دەسکاری کۆدە گرنگەکانی مانەوەی کوردستان نەکات.

بەڵام دەبێت یەكێتی خۆی بپارێزێت ئەگەرنا دوورنییە یەكێتی و بنەماڵە ئاوت بكرێت لە كایەی سیاسی كوردستاندا.