پەكەكە گرفتە گەورەكەی كوردان

PM:03:03:28/07/2022 ‌
جارێكی تر توركیا هێرشێكی گەورەی كردە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمجارە زیانەكان زۆر گەورە بوون، ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەیان دژی ئەو هێرشانە دەركرد، بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەوەیە كە توركیا كردوونی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا و بەدرێژایی 30 ساڵی رابردوو بەردەوام هێرشی سەربازی دەكات و چەندان زیانی گەورە، بەر كوردستان كەوتووە.

پرسیارە گرنگەكە لێرەدایە، بۆچی توركیا سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكات و پەیتا پەیتا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دینێرنە سەر ناوچەكانی سنووری كوردستان؟ ئایا توركیا دژی كورد ئەم كارانە دەكات؟ ئاخۆ كێشەی لەگەڵ قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە؟ یا دەیەوێت كاریگەریی خراپ لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات؟

توركیا چی دەوێت؟
توركیا وەك دەوڵەتێكی بەهێز لە دنیادا كە سنوورێكی گەورەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كورستان هەیە، یەكێكە لەو وڵاتە گەورانەی پێوەندیی پتەوی بازرگانی لەگەڵ كوردستان و عێراقدا هەیە و بەهاكەی دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، زۆرترین قازانجیش خۆی دەیكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان و عێراق باشترین ناوچەن بۆ ئەوەی  توركیا زۆرترین كاڵایان تێدا ساغ بكاتەوە و بیانكات بە پارە، لەگەڵیشیدا پێوەندییەكی توندوتۆڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە مانگانە دەیان هەزار هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە وەك گەشتیار سەردانی توركیا دەكەن.

توركیا دەیەوێت پێوەندییەكی پتەوی ئابووری و سەربازی و سیاسی و فەرهەنگیی گەورەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت، بەدرێژایی 30 ساڵی حوكمڕانی حكوومەتی هەرێم، توركیا هەر بەو شێوازە پێوەندی پتەوی لەگەڵ كوردی باشوور هەبووە، هەر لەو ماوەیەشدا گرفتێكی گەورە لە بەردەم توركیادا دروست بووە كە ئەویش پەكەكە بووە، پەكەكە لە سنووری ناوچەكانی هەرێمەوە كاریگەریی گەورەی لەسەر پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا دروست كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هێرش بكاتە سەر ناوچە سنوورییەكان و زیانی گەورە بە كوردستان بگەیەنێت.

سنوورەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان، ناوچەی جیۆگرافیی شاخاوی گەورەن، پەكەكە هێزی لەو ناوچانە جێگیر كردووە، لەوێوە هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی توركیا، توركیایش وەڵامیان دەداتەوە، ئەوەش زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پەكەكە وەك هێزێكی چەكداری مەترسیداری تیرۆریستی لە توركیا هەژمار دەكرێت.

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، توركیا مافی خۆیەتی رووبەڕووی هەر هێزێك ببێتەوە كە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەو دەوڵەتە و خاكەكەی دروست بكات، وەك چۆن ئەمەریكا و بەریتانیا ئەو مافەیان هەیە، بۆ نموونە ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر چەكدارانی داعش لە عێراق كە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی و بەرژەوەندییەكانی، ئەوەش یاسا نێودەوڵەتییەكان رێی پێ دەدەن.

توركیا چۆن سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكات؟
رێككەوتنێكی ستراتیجی ١٠٠ ساڵە لە نێوان هەریەك لە ئێران و توركیا و عێراق و سووریا هەیە، رێ بە هەر یەكێك لەو وڵاتانە دەدات 30 كیلۆمەتر بچنە ناو قووڵایی وڵاتی یەكترەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی گەلەكەیان و وڵاتەكەیان، بێگومان ئەم رێككەوتنەیش كە ساڵی 1983 كراوە هەر دژی كورد بووە، بۆیە توركیا لەسەر ئەو بنەمایە لە خاكی عێراقدا رووبەڕووی ئەو هێزانە دەبێتەوە و ئەو چەكدارانەی پەكەكە راو دەنێت، هەروەها سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكات.

ئێران و عێراق چییان لە هەرێمی كوردستان دەوێت؟
راستییەكەی حكوومەتەكانی عێراق و ئێران نایانەوێ پەكەكە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان چۆڵ بكات، چونكە پەكەكە باشترین چەكە بۆ ئەوەی دژی كوردستان بەكاری بێنن و و كوردیشە، لە رابردوودا چەندان كاری گەورەی دژی گەلی كوردستان لە باشوور كردووە، وەك تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەكانی هەرێم، دانانی مین و تەقەمەنی لە ناوچە سنوورییەكان، دەركردنی گوندنیشەكانی نزیك سنوور و لێدان لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، رێگری لە خەڵك و گەشتیار و دروستكردنی كێشە بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان و زۆر شتی تریش.

ئێستە پەكەكە داردەستێكی گەورەی ئێران و عێراقە، بۆ ئەوەی بیانووی یاسایی بداتە دەست توركیا و هێرش بكاتە سەر هەرێمی كورستان، هەر كاتێكیش وڵاتان ویستبێتیان ئابووری كوردستان شكست پێ بێنن، پەكەكەیان بەكار هێناوە، تا رووبەڕووی برا كوردەكانی ببێتەوە، هاوكات بەردەوامیش توركیا هێرش بكاتە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و و بیبەزێنێت و گرفت بۆ ئابووری كوردستان دروست بكات.

پلانێكی ستراتیجی لە نێوان هێزە ئێرانی و عێراقییەكان هەیە بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان لە پێوەندییە ستراتیجییەكەی لەگەڵ توركیادا بپچڕێنن و روو لە تاران و بەغدا بكات، هەردوو پایتەخت چاویان بەو راستییە گەورەیە هەڵنایە كە ئابوورییەكی گەورە لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەبێت و كوردی بێ، بۆیە دەیانەوێ ئەو ئابوورییە بڕووخێنن، بێگومان پەكەكە كارتێكی هەرزان و ئاسانە بۆ بەكارهێنان و هەر جارێكیش ویستبێتیان وەك قوتابییەكی گوێڕایەڵ فەرمانەكانیان پێ جێبەجێ كردووە بۆ دژایەتیی هەرێمی كوردستان.

پەكەكە دەبێت چی بكات؟
پارتی كرێكارانی كوردستان، باشترین كار كە بیكات، جێهێشتنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوە هیچ پێوەندیی بەو خەباتە رەوایەوە نییە كە گەلی كورد لە توركیا وەك دۆزێكی رەوا هەیەتی و داوای مافی خۆی دەكات، بەڵكو پەكەكە وەك بەڵایەكی گەورە لەسەرشانی باشووری كوردستان وەستاوە و بەردەوام گرفتی گەورە بۆ سەر ئابووری و سیاسەت و پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بیانوو دەداتە دەست توركیا تا سنوورەكانی كوردستان بۆردمان بكات، بێگومان تا پەكەكە لەو شوێنەدا بێت، توركیا بەردەوام دەبێت لە كارەكانی و هیچ شتێكیش نییە بیوەستێنێت.

پەكەكە لە باشترین حاڵەتدا، پێویستە سنووری چالاكییەكانی لە سنووری هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە و بچێتەوە سنوورەكانی باكوری كوردستان، بێگومان ئەوەیش ناكات، بەڵكو دەیەوێت ئەو كارانە بكات كە زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، یان بۆ ئەوە راسپێردراوە و گوێڕایەڵە.

پەكەكە دۆستێكی نزیكی عێراقی و ئێرانییەكانە، بۆیە هەرگیز كارێك ناكات زیان بە عێراق و ئێران بگەیەنێت، چونكە ئەوان ستراتیجی تایبەتی خۆیان هەیە و پەكەكەیشیان تێ هاویشتووە تا هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین قەوارەی سیاسیی كوردی لەناو ببەن، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری گەریلا مووچە لە عێراق وەردەگرن.

پەكەكە لە خەونی شاعیرانەی دیموكراتیزەكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلاندا، دەیەوێ بەڵایەكی گەورە بەسەر هەرێمی كوردستان بگەیەنێت و مەسەلەی دەوڵەت بۆ هەمیشە لەناو ببات.

چۆن رووبەڕووی ئاڵۆزییەكان ببینەوە؟
سەركردایەتیی سیاسی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت پەیامی روونی خۆیان بگەیەنن بە پەكەكە، بۆ ئەوەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان جێبهێڵێ و بیانوو نەدرێتە دەست توركیا و هەر وڵاتێكی تر كە بیانەوێ هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان.

دەبێت دنیا لەو راستییە تێبگەیەنرێت كە هەرێمی كوردستان وڵاتێكی بێ كێشەیە، لەگەڵ مافی گەلەكەیەتی لە هەر چوار بەشی كوردستان و دەشیەوێت لەگەڵ دۆستەكانی سیاسەتێكی حەكیمانەی هەبێت، هەروەها دۆستێكی زۆر باشی هەموو لایەك بێت، ئەم هاوسەنگییەش تا ئێستە بە جوانی كاری لەسەر كراوە، بەڵام پەكەكە رێك لەوە دەدات.

پەیامی كورد دەبێت بۆ پەكەكە و ئێران و توركیا و عێراق، بریتی بێت لە ئاشتی و پێكەوەژیان و سەروەریی یاسا، لە هەمانكاتیشدا رێ نەدرێت لە هەرێمی كوردستانەوە گرفت بۆ دراوسێكان دروست بكرێت و ئاسایشی ئەوانیش نەكەوێتە مەترسییەوە.

پەكەكە دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت كە هەرێمی كوردستان، قەوارەیەكی گرنگ و ستراتیجی كوردە و هەموو كوردێكی شەریف شانازیی پێوە دەكات، دەبێت هەموومان پێكەوە كار بۆ پارێزگاریی بكەین و رێخۆشكەری ئەوە نەبین كێشەی بۆ دروست بێت، تۆش بڕۆ باكوری كوردستان ئازاد بكە تا سەتجار سوپاست بكەین و پشتیوان بین.