دوور و نزیك مانگێكه ئێران له به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌ی نادروستی پۆلیسی ئه‌خلاق له‌گه‌ڵ كچه كوردێك به‌ناوی ژینا ئه‌مینی له تاران، به‌هۆیه‌وه گیانی له ده‌ست دا و ڕووداوه‌كه شه‌قامی ئێرانی گرته‌وه و به‌ته‌واوه‌تی وڵاته‌كه‌ی خرۆشاندووه.
ئێرانییه‌كان له شاره گه‌وره‌كان به‌تایبه‌تی تاران، ئیسفه‌هان، كرمان، قوم كرماشان سنه و به سه‌رمه‌شقی شاری شنۆ، هاتنه سه‌ر شه‌قام و دروشمی جیاواز دژی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ده‌ڵێنه‌وه، ده‌وڵه‌ت هه‌رزوو كه‌وته خۆی و له هه‌موو كووچه و كۆڵانه‌كان ده‌ستی به كپكردن و لێدان و كوشتن و بڕینی هاووڵاتییانی ناڕازی كردووه، تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته ده‌وروبه‌ری ٣٠٠ كه‌س له خۆپێشاندانه‌كاندا كوژراون و هه‌ندێك سه‌رچاوه ده‌ڵێن زیاتریشه.
ئێسته چی ڕوو ده‌دات؟
په‌یتا په‌یتا له شه‌قام و كووچه‌ی شاره گه‌وره و بچووكه‌كان و به‌تایبه‌ت شاره كوردییه‌كان، شه‌وان ئاڵۆزی گه‌وره ده‌بینرێت، درۆن له ئاسمان ڕووماڵی ئاڵۆزییه‌كان ده‌كات و گه‌نجه‌كانیش به ده‌مامكه‌وه له گۆڕپانه‌كان گڕ له هێماكانی كۆماری ئیسلامیی به‌رده‌ده‌ن (بڕووخێ دیكتاتۆر، مرگ بر خامنه‌یی) ده‌ڵێنه‌وه. ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات پشێوییه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌وڵه‌ت له هه‌موو گۆشه‌یه‌كه‌وه له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدایه، گڵۆپی سه‌وزی بۆ سوپا و به‌سیج هه‌ڵكردووه به هه‌موو جۆرێك كۆنترۆڵی بكات، به‌ڵام ئایا ده‌توانێ؟
ئاڵۆزییه‌كانی شه‌قام هی ئه‌وه نین وه‌ك به‌هاری عه‌ره‌بی چاویان لێ بكرێت، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا باوه‌ڕییه‌كی زۆر له‌ناو خه‌ڵكی ئێران‌دا هه‌بوو، چونكه چاوه‌ڕێی پشتیوانی گه‌وره بوون، به‌ڵام ئێسته به‌شێكی زۆر له خۆپێشانده‌ران ته‌نانه‌ت ناچنه سه‌ر شه‌قام و هیوایان به چالاكییه‌كانی خۆیان نه‌ماوه، به‌هۆی بێ هه‌ڵوێستیی روون و راشكاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا.
ئێسته گومانه‌كان له پرسیارێكی زۆر ساده‌دا ده‌سووڕێنه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌مه‌ریكا بۆچی بێده‌نگه له‌و دۆخه‌ی كه له‌ناو ئێران‌دا ڕوو ده‌دات؟ ئه‌رێ بۆچی مۆساد و سی ئای ئه‌ی به شه‌وی تاریك و به هه‌زار چه‌رمه‌سه‌ری، به‌رپرسێكی ئێرانی یان زانایه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كوژن، یان بنكه ئه‌تۆمییه‌كان بۆردمان ده‌كه‌ن، كه‌چی ئێسته وا شه‌قام خرۆشاوه و ئه‌وان هه‌ر له دووره‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌ن.
بۆچی ئه‌مه‌ریكا له دۆخی ئێران بێده‌نگه؟
چه‌ند ڕۆژ به‌ر له ده‌ستپێكردنی ئاڵۆزی و تووڕه‌ییه‌كانی شه‌قامی ئێرانی، وا بڕیار بوو ئه‌مه‌ریكا و ئێران واژووی سه‌رله‌نوێی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بكه‌نه‌وه، نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر له نێوان كابینه‌كه‌ی جۆ بایدن و ئیبراهیم ڕه‌ئیسیدا هه‌بوو، خه‌ریك بوو لێكتێگه‌یشتنه‌كه ده‌بوو به دۆستایه‌تی.
كابینه‌كه‌ی بایدن كابینه‌یه‌كی نه‌رم و لاواز و هێواش و كپه، زۆر دره‌نگ و قورس قسه له‌سه‌ر پرسێكی زۆر گرنگیش ده‌كات، بۆ نموونه كاتێك جه‌نگی ئۆكراینا ده‌ستی پێ كرد، چه‌ند ڕۆژێك شه‌ڕ ده‌ستی پێ كردبوو، هێشتا سه‌رۆك بایدن هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردبوو، دواتر به‌زه‌بری گه‌وره‌ی سیناتۆر و دۆستانی ئۆكرانیا هێنرایه ده‌نگ و ده‌ستی كرد به سزاكانی به‌سه‌ر ڕووسیا.
كاتێكیش ژینا ئه‌مینی شه‌هید كرا، بایدن وه‌ك هه‌ر ڕۆژێكی تر ئاماده نه‌بوو هیچ بڵێ، هیچ ورده‌كاری و كارێكی وه‌هاش له به‌رده‌م سه‌رۆكدا نه‌بوو ڕووبه‌ڕووی ئێرانی بكاته‌وه، هه‌رچه‌نده ئێرانییه‌كان و دنیایش چاوه‌ڕێی زۆر شتی گرنگ له بایدن ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا هێشتا ئه‌وه‌ی نه‌گوتووه كه ده‌بێ بیڵێ.
ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگه له دۆخی ئێران، چونكه دۆسیه‌ی ئێران له ده‌ست سی ئای ئه‌ی و پنتاگۆندا نییه، به‌ڵكو له ده‌ستی سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكاردایه كه باوه‌ڕیان به شه‌ڕ و تێكچوونی نه‌خشه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕی ته‌واویان به‌وه‌یه كێشه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ده‌بێت له ناوخۆی خۆیدا چاره بكرێ.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕیان وایه تاكه هێز بتوانێ ئه‌و ئێرانه گه‌وره‌یه ڕابگرێت، ئه‌و هێزه‌یه كه ئێسته حوكمی ئێران ده‌كات، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ حكوومه‌ت بگۆڕن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له میسر كرا، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له عێراق كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له میسر كرا له ئێران ئه‌سته‌مه، چونكه له ئێران سوپا ڕاسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕابه‌ره‌وه و ڕابه‌ریش به‌ستراوه به ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌لێن له نێوان ئه‌و سێ هێزه‌ی ئێران‌دا دروست ناكرێت.
با هه‌موو ئێرانییه‌كان دڵنیابن ئه‌گه‌ر 60%ی خاكی ئێران بسووتێنرێن و یه‌ك ملیۆن ئێرانیش بمرن، كابینه‌كه‌ی بایدن هیچ كارێك بۆ ڕووخانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناكات، به‌ڵكو له دووره‌وه چاودێری دۆخه‌كه ده‌كات و هیچیتر، جگه له سزادانێكی چه‌ند به‌رپرسێكی ئێرانی نه‌بێت. ئه‌مه‌ریكای بایدن ئه‌وه‌ی تره‌مپ نییه، كه‌س ناتوانێ پشتی پێ ببه‌ستێت.
بۆیه گه‌لی ئێران ده‌بێت پشت به خۆیان ببه‌ستن و بیسه‌لمێنن كه ئه‌و حوكمڕانییه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ئازادییان ده‌وێت، ئه‌وكات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناچار ده‌بێت بچێته پاڵیان و دۆخه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
دنیا له شه‌ڕی ئۆكراینادا گیرۆده بووه، سه‌رۆك بایدن هه‌رگیز ئه‌و ڕیسكه ناكات ده‌ست به‌رێت بۆ شانه زه‌رده‌واڵه‌یه‌كی وه‌ك ئێران، له كاتێكدا ده‌زانێ ئه‌و شانه زه‌رده‌واڵه‌یه له‌لایه‌ن له كرێملن پشتیوانی ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده ئه‌مجاره رووخاندنی ئێران ئاسانه و خه‌رجی و شه‌ڕی ناوێت، ته‌نیا پشتیوانی گه‌لی ده‌وێت.